$ئەردۆگان چی دەوێت؟$
#ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
بە حوکمی بەدواداچون و ژیانکردن لە کلتوور و سیاسەتی ئەو وڵاتەدا بۆماوەی زیاتر لە هەژدەساڵ و بە گوێرەی ئەزموونی من گەورەترین کێشەی ئێمە لەگەڵ تورکدا سیاسیی و نەتەوەیی نییە، بەڵکوو کێشەی ئێمە لەگەڵ ئەو زیهنییەتەی کە هەشتاساڵە دەوڵەتە لە تورکیادا کێشەیەکی بوونیادیی وجودییە، هەشتاساڵە ئەو تۆ دەسڕێتەوە و ددان بە هەبوونی تۆدا ناهێنێت، لای ئەو تۆ نیت، هەشبیت دەبێ نەبی و لەناوبچی یان بەو جۆرەی ئەو دەیەوێ ببیتورکی شاخاوی زادەی ئەم مێنتاڵیتێیە. ئەو هەرگیز پێی وانییە کە کە تۆ بوونت هەیە وەک ئەوەی کە هەیت و خۆت دەتەوێت گەر هەشبیت لەباشترین حاڵەتدا بوونت دەبێت بەوجۆرە بێت کە ئەو دەیەوێت. لەزیهنی ئەودا تۆ نەبوویەکی و هاتووی ئیدیعای گەورە گەورەت هەیە لەسەر بوون و زمان وخاکەکەت بۆیە ئەمە بۆ ئەو زۆر گران دەکەوێت.
پە-کە-کە تەنیا بیانوویەکە، لە ڕاستیدا بیانووی تەواویش نییە پەرچەکردارێکی مەبەستداری داپڵۆساندنێکی هەشتا ساڵەی دەوڵەتی تورکە بەرانبەر دەراوسێکانی کە ئەو وەک دەراوسێ نا بەڵکوو وەک موڵکی خۆی تەماشایان دەکات. ئێران و هێزەکەی نەبوونایە دوای هاتنی ئامریکا دەمێک بوو تورکە-کان موسڵ و کەرکووکیان خستبوویەوە سەر نەخشەی میساقی میللی، یا لانی کەم کردبوونییە ویلایەتێکی مورتەزیقەی وەک ئەوەی قوبرس. هەرچەندە ئێستاش بیلفیعل نا بەڵکوو بیلقوە هەردوو شارەکە لای ئاردۆگانە بەڵام هەر چاوی لەوەیە خۆی والی و قایمقامیان بۆ دانێت.
ڕەجەب تایب ئاردۆگان لە ساڵی 2020 زۆر بەڕوونی دەڵێت: ئێمە دوو نەخشەمان هەیە، نەخشەیەکی ئەمری واقیعی سەپێنراوی سەر کاغەز، لەگەڵ نەخشەیەکی نەکێشراوی نێو دڵ و ڕۆحمان ئەوەی لەسەر کاغەزە هیچ ئیعتبارێکی نییە لای ئێمە، 780 هەزار کیلۆمەتری دووجا حەقەکەی ئێمە نەبوو، غەدریان لێکردین و خەڵەتاین. بەڵام ئەوەی دڵمان موسڵ و حەسەکە و لازقییە و کەرکووک و ئیدلیب و حەلەب و کریمیای لە ئامێز گرتووە و دەبێت ڕۆژێک بچێتەوە سەرکاغەز
ئاردۆگان پێشتر خۆی بە دەمی خۆی چەند جارێک گوتوویەتی کە ئەم هاوسەرۆکێکی ئاکتیڤی پڕۆژەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ ناسراو بە BOP ە. دیارە یەکێک لە ئامانجە گەورەکانی ئەم نەخشە نوێیەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئیسرائیل و سێکیوریتییەکەیەتی، ئەوەی لەمپەری بەردەم جێکەوتبوونێتی لە ئێستادا ڕوسیایە.
لە مێژی نوێی تورکیادا ئەو شوێنەی تورکەکان کردبێتیان بە ئەمری واقیع و داگیریان کردبێت هەرگیز لێی نەکشاونەتەوە. ئەنتاکیای سووریا هاتای و قوبرس دوو نموونەی بەرچاوی داگیرکاریی تورکیان.
ئەمڕۆ لە ئێراقدا سێ هێز هەن، دانەیەکیان لەبەرژەوەندی پاوەنخوازیی تورکیا کاردەکات سوننەکان. دانەیەکیان دژی تورکیایە شیعەی پرۆ ئێران دانەیەکیشیان تورکیا هیچ حیسابێکی سیاسی و سیادی بۆ ناکات و دان بە بوونی خۆی و قەوارەکەیدا نانێت کورد.
ئەوەی زەمانەتی مانەوەی کوردی ئێراقە تەنیاو تەنیا بەغداو دەستورە شەرعیەکەیەتی.سیاسەت فەنی مومکیناتە، لەنێوان کۆمەڵێک ئەگەردا دەبێت واقیعیترین و باشترینیان هەڵبژێرین. شیعر و ئایدۆلۆژیا سەر بە دونیای سیاسەت نین. باش بێت یا خراپ کوردایەتی تائێرەی بەم جۆرە هێناوە، لەمەبەدوا ناتوانێت گوڵ لەسەر هیچ یەکێکمان بدات. هەرچەندە ئەوەی ئەمڕۆ بۆ کورد هەیە بەرهەمی قومارێکی نێودەڵەتییە نەوەک کوردایەتی بەڵام واقیع دڵەێت ئیدی ئەم سرکەیە بەسەرچووە. بەغدا ئەمڕۆ هەرچەندە لاواز و سیس و پەژموردەش بێت، دەتوانێت وەک پێکهاتەیەکی دەستووریی کورد لە دڕندەیی ئاردۆگان بپارێزێت. ڕاستە لە بەغدا قەڵا ڕوخاوە بەڵام خۆ میحرابی ماوە و توانای پارێزگاریکردنی لە پێکهاتەکانی خۆی هەیە. جۆن بۆڵتن ڕاوێژکاری پێشووی ئیدارەکەی ترەمپ لەپەڕتووکەکەیدا دەڵێت: ئاردۆگان زۆر بە ئاشکرا دەیوت کورد باشیان نییە، ئەوەیان نەبێت کە لەژێر خاکدایە.
سوننەکان ئەمڕۆ بەمیتۆدی مویەک لە بەراز بێتەوە کاردەکەن، لاوازبوونی کورد و هەیمەنەکەی لەئێراقدا بەدەستێک کە دەستی خۆیان نییەو زەرەی لێناکەن باشترین بژاردەی ستراتیژیی دوورمەودایە بۆیان. شیعەکان بەتوندی دژی تورکیا دەوەستنەوە، نەک لەبەر چاوی کاڵی کورد، ئەوان قووت لە چاڵدێرانی ئێرانییەکان وەردەگرن و وەک ڤاڵڤی ئەمانی ئێرانییەکان و هەیمەنەی هیلالی شیعی کاردەکەن. هەرچی کوردی ئێراق هەیە ئەمڕۆ وەک ئاردی ناو دڕک پەرت و بێ مەئوایە، بێ ستراتیژ و بێ ڕوئیایە، بەهەموو شێوەیەک خۆی و موقەدەراتەکەی ڕادەست بە بنەماڵەی ئاردۆگان نەوەک دەوڵەتی تورک و دامەزراوەیەکی هەواڵگریی وەک میت کردووە. ئەوانیش هەر ڕۆژەو بیانوویەکی لێ دەدۆزنەوە بۆ دۆشین و خاپورکردن و تاڵانکردنی. دەنا گەرمیان و کانی ماسی و ماوەت و ئەزمەڕ چ شتێک دەیانبەستێتەوە بە قەندیلەوە؟[1]