بەنان محەمەد، ڕایگەیاند، شیری دایک باشترین خۆراکە بۆ منداڵ، چونکە هەموو ئەو مادە خۆراکیانەی تێدایە، کە پێویستە بۆ گەشەی منداڵ و هەروەها بڕی پێویست ئاوی جەستەی کۆرپەش دابین دەکات تا تەمەنی شەش مانگی، دەشڵێت، پێدانى ئاو بەمنداڵى خوار تەمەن شەش مانگ دەبێتە هۆى دواکەوتنى گەشەى.
دکتۆرە بەنان محەمەد، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان، لە نووسینێکدا ئاماژە بە مەترسییەکانى پێدانى ئاو بە منداڵى خوار تەمەن شەش مانگ دەکات، کە دەقى نووسینەکەى بەمجۆرەیە:-
شیری دایک باشترین خۆراکە بۆ کۆرپە، چونکە هەموو ئەو مادە خۆراکیانەی تێدایە، کە پێویستە بۆ گەشەی منداڵ و هەروەها بڕی پێویست ئاوی جەستەی کۆرپەش دابین دەکات تا تەمەنی شەش مانگی
بە هەمان شێوە شیری قتووی دیاریکراو بە پێی تەمەن و تەندرووستی کۆرپە ئەگەر لە جێی شیری دایک بەکاربهێنرێت تا تەمەنى شەش مانگی خۆراک و ئاوی کۆرپە دابین دەکات.
$چی ڕوودەدات ئەگەر ئاو بدرێت بە منداڵى خوار تەمەن شەش مانگ؟$
یەکەم: دەبێتە هۆی کەم بوونەوەی ژمارە و بڕی شیر خواردنى منداڵ.
دووەم: دەبێتە هۆى کەمی کێش و گەشەی کۆرپە بەهۆی وەرنەگرتنی بڕی پێویستی وزە و پڕۆتین و ڤیتامن، کە لە شیرەکەدا هەیە.
سێیەم: ئەگەری زیاتر بەرز بوونەوەی زەردوویی لە منداڵی تازە لەدایک بوو زیاتر دەکات.
چوارەم: نزمبوونەوەی ڕێژەی شەکر لە لەشى منداڵدا.
پێنجەم: ناڕێکی ڕێژەی کانزا و خوێیەکانی لەش و زیادبوونی ڕێژەی ئاوی لەش، کە زۆر جار کاریگەریی خراپی ئەبێت لەسەر گورچیلە و مێشکى منداڵ.
شەشەم: ئەو زیانانەی سەرەوە باس کرا زۆرتر کاریگەریی خراپی ئەبێت ئەگەر لە دوو مانگی یەکەم دا ئاو بدرێت بە منداڵ و ڕێژەی ئاو پێدانەکە زۆرتر بێت. [1]