هەستە لە خەو کوردی هەژار
ئەی نەونەمامی ڕۆژگار
خۆت گورج کە وەک مەردی بەکار
ڕەنجێک بدە بۆ یادگار
تۆ دەمدەمی
کەمتەرخەمی
کوا مەرهەمی
زامی نیهان
با ڕاپەڕین
وەک فیل بەتین
ببیە ئەمین
بۆ نیشتمان
بەری بەیان ڕووی پڕ سروور
گزنگی خۆر هات زەرد و سوور
ڕۆژیش هەڵات پڕ شەوق و نوور
هێشتا لە خەودای پرخ و هووڕ
هەستە لە خەو
مەیکە بە شەو
ڕۆژێکی نەو
کەوتە جیهان
وەک شێری نەڕ
تۆش بێ خەتەر
ڕێ بگرەبەر
ناکەی زیان
بنواڕە ڕۆژئاوا بە دڵ
بۆت کەشف ئەکەن ژێر ئاو و گڵ
وڵاتی خۆیان کرد بە گوڵ
تۆش بێ خەبەر، هەر خاو و شل
کوا ڕاپەڕین
وا سەرزەمین
بووەتە کەمین
بۆ ژین و ژان
وریایییە
ئازایییە
ڕیسوایییە
بگری وچان
ئەم نیشتمانەی تۆ هەتە
زۆر دڵ لە داخی لەت لەتە
کانگای شتی پڕ قیمەتە
موحتاجی هەوڵ و هیممەتە
ئەی نەونەمام
کوردی برام
بیرێکە خام
ژینی نەزان
بۆ ئەو کەسە
زۆر کەمدەسە
خوێندن بەسە
ئەمما بە جان
بانگ کردنم پڕ حەسرەتە
بە گوێم بکە زۆر فرسەتە
خەوی جەهالەت نەگبەتە
زانین چرای سەعادەتە
شتێکە ڕوون
عیلم و فونوون
کوردی زەبوون
ئەیدا نیشان
سا بێ پشوو
بخوێنن هەموو
تا زووبەزوو
بێنە مەیان[1]
دیوانی #بەختیار زێوەر#
#08-10-1943# - #سلێمانی#