ڕانانێکی وردی ڕێڤان جاف بۆ ڕۆمانی (بەبێ خوێن) ی ئەلێساندرۆ باریکۆ
ڕۆمان: #بەبێ خوێن#
نووسەر: ئەلێساندرۆ باریکۆ
وەرگێڕ: م. #ئازاد بەرزنجی#
بە بێ خوێن، ئەوەندەی ڕۆمانێکە بۆ تۆڵەسەندنەوە و ناحەزیی و دژایەتی ئەوەندە و زیاتریش ڕۆمانێکە بۆ لێبوردن و خۆشەویستی.
ڕاستە لێبووردن و لە یادکردن و فەرامۆشکردن و سڕینەوەی ستەم و هێرش و گەمارۆ و سەنگەرگرتنی ناڕەوایی شەڕخواز و نەیاران، ناهەقی و کینەبازی بەدکار و نەیار و ستەمکاران، تاوانی دژە مرۆیی دوور لە بەها و ئاکارە مرۆییەکان کارێکی سەختە و ئاسان نییە، بەڵام بە بێ لێخۆشبوون و لێبووردن، ئاشتی و تەبایی و هاوسەنگی بەرقەرار نابێت، ئەو چێژ و شادیی و سەقامگیرییەیی لە لێبووردندا هەیە هەرگیز لە تۆڵەسەندنەوەدا نییە.
کەواتە؛
لەنێو هەموو ساتە ڕەشەکانی داپڵۆسین و سەرکوتکردندا لەنێو هەموو بیرۆکە ڕەش و مەرگئامێزەکانی ڕک و کینەدا
لەنێو هەموو زەبر و زەنگ و نەهامەتیەکانی شەڕ و کوشتار و جەنگەکاندا
لەنێو دڕندەیی و گرژی و شەڕەنگێزییەکانی تۆڵەسەندەنەوە و دوژمنکاریدا
تەنیاوتەنیا لێبووردن و خۆشەویستی یە گرەوی خۆی دەباتەوە.
ئەلێسادرۆ باریکۆ: لە بنەڕەتدا نووسەرێکی ئیتاڵیە و پسپۆرە لە بواری میوزیکدا بەڵام لە کۆتای هەشتاکاندا دەستی بە نووسین کردووە، لە ماوەیەکی کورت و کەمدا بووەتە خاوەنی کۆمەڵێک ڕۆمان و بەرهەمی باش و دیار کە بۆ زۆربەی زمانەکانی دونیا وەرگێڕاوە و زۆر بە خێرای توانی سەرنجی خوێنەرێکی جددی لە ناوەوە و دەرەوەی ئیتالیا بۆ بەرهەمەکانی ڕابکێشێت، یەکێک لە ڕۆمانەکانی بە ناوی ئەفسانە کراوە وە بە فیلمێکی سینەمایی بەتوانا.
بەبێ خوێن بچوک لە قەبارە و قووڵ لە دید و مانا و پەیام، چیرۆک و بەسەرهاتەکانی دوورودرێژ نین بەڵام لەنێو قوڵایی وشە و تێکست و پەرەگراف و گفتوگۆ و ئاڕاستەی ڕووداوەکاندا، لەنێو وردەکاری و ڕۆڵی کارەکتەرەکاندا گەلێ لە ڕەهەندە کۆمەڵایەتی سیاسی و سایکۆلۆژییەکانمان بۆ دەرئەکەوێت.
لە تێگەیشتن و کەڵکوەرگرتن لە کۆی مانا و مەغزاو و ڕەهەندە بوونیادنەرەکانی ئەم ڕۆمانە کە پڕە لە ململانێ و توند و تیژیی و دەمارگیری و کەلەڕەقی و هاواری تۆڵەسەندنەوە، پڕە لە نەهامەتی و چەرمەسەریەکانی شەڕەنگێزی و ماڵوێرانی و کاولکاری، دڵشکاندنی یەکتر و یەکترقبووڵنەکردن کە پێشێلکاری و دوژمنایەتی درێژخایان و قووڵبوونەوەی کێشە و ئازارەکان نەبێت هیچی ترمان دەستگیر نابێت. لە هەمان کاتدا پڕە لە گریان و ناڵە و عەزابی ویژدان، پڕە لە هەڵوێستی مرۆڤانە بە بەها قووڵەکانی خۆشەویستی و لێبووردنەوە، پڕە لە مانا قووڵەکانی بیرکردنەوە و تێگەشتن لە مانای ژیان.
پوختەی ئەم ڕۆمانە دوو بابەتی سەرنج ڕاکێش لە خۆ دەگرێت، گێڕانەوە و چیرۆک و بەسەرهاتی ئەم ڕۆمانە دابەش بووە بەسەر دوو دەستەدا، لە دوو زەمەن و شوێنی جیاواز، دوو دەستە بە دوو ڕۆحیەتی دژبەیەک (ڕۆحیەتی تۆڵەسەندنەوە و ڕۆحیەتی لێبووردنەوە) . بەبێ خوێن ئەو ڕاستیەمان دەخاتە پێش چاو کە تاقە ڕێگەیەک بۆ ڕزگاربوون و ئاشتی و پێکەوە ژیان تەنیا لێبووردنە، ڕێگەی کەشفکردنی ڕەهەندی مرۆڤدۆستی یە کە خوێنەر بەرەو قوڵایی یەکێک لە پرەنسیپەکانی مرۆڤایەتی و خەسڵەتەکانی ڕەوشت بەرزی پەلکێش دەکات و پێمان دەڵێت (لێبووردەیی بەهایەکی جیاوازی هەیە کە کەسانی جیاواز لە قەرەی دێن) .
هەرچەندە کات و شوێنی ڕووداوەکانی ئەم ڕۆمانە جیاوازن، خولاسەتی بیرۆکە و بابەتەکان دوور لەیەک و پێچەوانەی یەکترن بەڵام نووسەر ئاگامەندانە و شارەزاییانە ئامانجی کارەساتەکانی ڕێکخستووە، بە بایەخەوە ڕۆڵ و کارەکتەرەکانی پێکەوە گرێداوە و ژیرانە قەبارەی ڕەوشەکانی هەڵسەنگاندووە ئەمەش وا لە خوێنەر دەکات بە ئەگەر و پرسیار گەلێکی زۆرەوە، بە هێزێکی سەیر و سەرسامیەوە وێنای کەسایەتییەکان بکات و تێڕوانینەکانی لە ئاست خوێنڕشتن و ترس و خۆشەویستیدا زیاتر ڕوون و ئاشکرا بکات، زیاتر بە دونیا قێزەون و ناشرینەکەی شەڕ و تۆڵەکردنەوەمان ئاشنا بکات.
نووسەر دونیایەکی باشترمان پیشان دەدات، دونیایەک کە عەدالەت و یەکسانی تێدا بەرقەراربێت، دونیایەک کە تیایدا کز و لاوازەکان بە دەستی خراپەکاران و ستەمی ستەمکاران و هێزی زلهێزەکان ئازار نەچێژن و نەچەوسێنەوە.
نووسەر دوای ئەو هەموو ڕک و کینە و خوێن ڕشتن و ماڵوێرانییە، دێت خۆشەویستی دەکاتە مەرهەمی زامەکان، دەیکاتە چرای ڕووناکی ژیان، دەیکاتە هێزی ڕزگارکەر، دەیکاتە توانا و ورەی بەردەوامی ئەو خۆشەویستییەی ئازار و عەزابی ویژدان دەسڕێتەوە، ئەو خۆشەویستییەی ماناکانی ژیان بە مرۆڤ ئەبەخشێتەوە، ئەو خۆشەویستییەی مرۆڤبوونمان بۆ دەگەڕێنێتەوە.
تۆڵەسەندنەوە تەنیاوتەنیا ژیان پڕ دەکات لە تارمایی و نغرۆبوون، لە خەم و سەختی و فەوتاندن و بێ دەرەتانی و قوربانی، ژیان پڕ دەکات لە لەبیرچوونەوە، لەبیرچوونەوەی مانا پیرۆزەکەی ژیان، بۆ ڕزگاربوون لە شەڕی کۆنەقین و تۆڵەسەندنەوە، لە فیکری تۆڵە بە تۆڵە، خراپە بە خراپە، چاو بە چاو و ددان بە ددان با بە لۆژیکی هێز و توانا و ئازایی باوەڕەوە بە مانا پیرۆزەکەی ژیانەوە، شکومەندترین ڕێگەی تۆڵەکردنەوە هەڵبژێرین کە لێبووردنە ئەم هێزە هێندەی تر گەورەیی و شکۆداری و شادی و ئاسوودەیی ویژدان دەبەخشێت کەواتە با لێبوردن بکەین بە بەشێک لە ژیانمان، بیکەین بە دروشمێکی شەکاوە و بەردەوامی پەیوەندییەکانمان، لێبووردن بکەین بە پێویستیەکی بنەڕەتی بۆ ئەوەی ئاشتی بەرقەرار بێت بە بێ ئاشتی و ئاساییش گەشەکردن و بەرەوپێش چوون نایەتەدی.
با هێندەی تر مێشکمان بە یادی تۆڵەسەندنەوە سیخناخ نەکەین، بەو نیەتەوە نەجەنگێین و زەبروزەنگ بە زەبرورەنگ چارەنەکەین.
با هێندەی تر تۆڵەسەندنەوە ئەو دەرمانە سڕکەرەی ئازار و برینەکان نەبێت، تاکە چارەسەر و ڕێگەی پاراستنمان نەبێت.
کاتی گێڕانەوەی ڕووداوەکان، کاتی شەڕ و جەنگە و شوێنی بەسەرهاتەکان (ئیسپانیا) یە بەڵام لە دوو شوێن و کاتی جیاواز.
شوێنی یەکەمی ڕووداوەکان، لە ماڵێکی تاک و تەریک لە کێڵگەیەکی دوورە. [1]