ناونیشانی بابەت: باشترین شیری قوتو کامەیە؟
ئامادەکردن: د. #گەوهەر سەمەد#
زۆرترین پرسیار کە لێمان بکرێت ئەم پرسیارەیە:دکتورە کامە شیر لەھەمووى باشترە ئەوەم بۆ بنووسە.
پێشەکى ھیچ شیرێک لە شیری دایک باشتر نییە و ھەموو دایکێک شیری تەواوى ھەیە بۆمنداڵەکەى ئەگەر لەیەکەم ڕۆژى لەدایک بوونەوە بڕیارى دابێت کەتەنھا شیری خۆى بدات بەمنداڵەکەى، ڕاستە ھەفتەى یەکەم شیری نییە یان زۆر کەمە یان خۆى ماندووەو عەمەلیاتەو ناتوانێ بەڵام ئەبێت ئەوە بزانێت کە ئەو ھەفتەیە لەھەموو کاتەکانى تر گرنگترە بۆشیری دایک و پێویستە زۆرترین کات منداڵەکەت لەسەر سینگت بێت بۆئەوەى فێری شیرخواردنی خۆت ببێت و چەند زیاتر لەسەر سنگت بێت شیرت زۆرتر درووست ئەبێت و منداڵەکەت جوانتر تێر ئەبێت. ئەگەر زۆرپێویستت بە شیری قوتو بوو لەبەر ھەر ھۆکارێک بێت ئەوا ھەوڵ بدە لەدواى ھەفتەى شەشەم دەست پێ بکەیت چونکە ئەوکاتە منداڵ فێری شیرى خۆت بووەو شیر درووستکردنیشت باش بووە و منداڵ واز لەشیرەکەت ناھێنێت لەبەر شیرى قوتو. چەند خاڵێک ھەن یارمەتیت ئەدات بۆ ئەوەى شیرێکی باش بۆمنداڵەکەت ھەڵبژێریت:
1- پێویستە ئەوە بزانیت ھیچ شیرێک نییە باشبێت بۆ ھەموو منداڵێک واتا (بەھەموو منداڵێک بکەوێت)
2- گرانترین شیر ماناى ئەوە نییە باشترین شیر بێت بۆ منداڵەکەت (ڕەنگە منداڵەکەت تووشی قەبزى، ڕشانەوە یان ھەستیارى بکات) .
3- لەبەر ئەو دوو خاڵەی سەرەوە ئەگەر منداڵەکەت ھیچ کێشەیەکی نیەو تەنھا خۆت ئەتەوێ شیری قوتوی بدەیتێ زۆر ئاساییە ئەتوانی شیرێکی بۆ ھەڵبژێریت بە پێی توانای داراییت بەڵام ئەگەر تووشی ھەرکێشەیەک بوو (قەبزی، ڕشانەوە، سکچوون، ھەستیاری، یان گریان و غازاتی زۆر، یاخود کێشی زیادی نەکرد) ئەوا پێویستە سەردانی پزیشکی منداڵان بکەیت و خۆت ھیچ شیرێکی تر تاقی نەکەیتەوە. [1]