$کە دادگا بووە ئامرازی سیاسی$
#عارف قوربانی#
$هەفتەی ڕابردوو لە دوو بڕیاری جیاوازدا دادگەی تاوانەکانی #کەرکووک# سزای زیندانی لە شەش تاوەکو 15 ساڵ زیندانی بۆ ژمارەیەک ئەندامی لیستی برایەتیی ئەنجوومەنی هەڵوەشاوەی پارێزگای کەرکووک دەرکرد. لەبەر ئەوەی هیچ کام لە و شەش کەسە ئامادەی دانیشتنی دادگە نەبوون، لە لایەک حوکمەکە بە غیابی دەرکراو لە لایەکی دیکەشەوە لە بڕیاری حوکمەکەدا بە هەڵاتوو، ناویان براوە.$
بەندە لەبەر ئەوەی لە چرکەساتی کەوتنی سەدامەوە گەڕابوومەوە بۆ کەرکووک و تاوەکو ئەو کاتەی بە بڕیارێکی سیاسی شاربەدەریان کردم. بەهۆی پیشەکەم و لەبەر ئەوەیش کەرکووک بۆ ئێمە بریتیی بوو لە ناسنامەی مەسەلەی کورد لە ئێراق، بۆیە وەک چۆن هەموو توانایەکمان لە خزمەتی کەرکووکدا بوو، هەموو سەرنجیشم لە و چەند ساڵە هەر لەسەر کەرکووک بووە و ڕۆژانەش لە و بارەیەوە یاداشتی زۆرم تۆمارکردووە، بە و هۆیەوە دەتوانم بڵێم لە هەموو کەس زیاتر ئاگاداری وردەکارییەکانی ئەو شارەم.
ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بەشێوەیەکی گشتی و بە حوکمی مانەوەیان بۆ نزیکەی 14 ساڵ لە شوێنی خۆیان، یەکێک بوو لە و دامەزراوانەی پێچەوانەی ئامانج لە درووستکردنەکەی، ببووە بارێکی گەورە بەسەر کەرکووکەوە. سەرباری ئەوەی بەپێی یاسا و ڕێسای کارکردن، دەسەڵاتی جێبەجێکردنی نەبوو ئەوەندەی زیاتر دامەزراوەیەکی چاودێرییە، بەڵام یەکێک لە (فاسدترین) دامەزراوەکانی کەرکووک بوو. تاوەکو ئەوکاتانەی من لە کەرکووک بووم و چاودێریی ڕۆژانەی کاروباری دام و دەزگاکانم دەکرد، دەتوانم بڵێم ئەو گەندەڵییانەی لەوێ دەکران، لە هیچ دەزگا و دامەزراوەیەکی دیکە وێنەی نەبوو، بەڵام بەحوکمی ئەو ململانێ و ناکۆکییانەی لەنێوان پێکهاتەکان هەبوو و، بەحوکمی پێکهاتەی ئەنجوومەنەکەیش کە لە شێوەی نیمچە بەرەیەک لە حیزبە سیاسییەکان درووستکرابوو، بۆیە میدیا و دەزگا چاودێرییەکانی دیکەش کەمترین سەرنجیان لەسەر گەندەڵییەکانی ئەنجوومەن بوو، بۆیە ئەگەر خوا بکات دوای تێپەڕبوونی ساڵانێکی زۆر دەسەڵاتی دادوەریی لە ئێراق بگاتە ئەو ئاستەی لە گەندەڵی و تاڵانکردنی سەروەت و سامانی گشتی بپێچێتەوە و ئەو لاپەڕە ڕەشانەی کەرکووک هەڵبداتەوە، هەقوایە هەموو خەڵکی کەرکووک ئاهەنگی خۆشی بگێڕن، بەڵام ئایا ئەوەی لە کەرکووک دەگوزەرێت و بەتایبەتیش ئەم دوو بڕیارەی هەفتەی ڕابردووی دادگەی تاوانەکانی کەرکووک، لێپرسینەوەیە لە گەندەڵی، یاخود دادگە کراوە بە ئامرازی سیاسی؟ چونکە وەک لە میدیاکان بڵاوکرایەوە بڕیاری دادگە بۆ سەپاندنی سزایی زیندانی بەسەر ئەو ئەندامانەی لیستی برایەتیدا بەهۆی دەستگرتنیانە بەسەر کەلوپەل و موڵکی دەوڵەتدا. ئەوەی لە لێدوانی حوکمدراوەکانیشدا بەرگوێمان کەوت، گوایە مێز و کورسی و تاقمی قەنەفەی ئۆفیسەکانیان کە وەک ئامانەت لە سەریانە، نەگەڕاندووەتەوە.
بەهۆی ئەو ڕووداوانەی کەرکووکەوە لە دوای 16ی ئۆکتۆبەر، بۆ هەموو لایەک ئاشکرایە کە ژمارەیەک ئەندامی ئەنجوومەن نەگەڕانەوە کەرکووک و تاوەکو ساتی هەڵوەشانەوەی ئەنجوومەنەکە، هیچ ئامادەبوونێکیان لە کەرکووک نەبووە. بڕیاری نەگەڕانەوەیان بۆ کەرکووک باش بوو یان خراپ ئەوە بابەتێکی دیکەیە، بەڵام بە دڵنیاییەوە کە بۆ ماوەی دوو ساڵ نەچووبنەوە بۆ ئەنجوومەن، حەتمەن لەکاتی هەڵوەشانەوەی ئەنجوومەنیشدا لەوێ نەبوونە (دەور و ڕادەست) بکەن، بۆیە ئەگەر بە درووستی بڕیاری حوکمدانیان بەهۆی ڕادەست نەکردنەوەی کەلوپەلی ئۆفیسەکانیانەوە بێت، بڕیارێکی گاڵتەجاڕانەیە، بەڵام پێناچێت ئەوە ڕاست بێت کە لەبەر ئەوە حوکم دراون، دەشێ ئەوە کرابێتە ڕووپۆشی بڕیارەکە، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئامانج لە بڕیارەکە شتی دیکەیە، چونکە ئەگەر بڕیاربێت لە گەندەڵی دامودەزگاکانی کەرکووک بپرسرێتەوە، گەندەڵی گەورە ڕادەست نەکردنەوهی کورسی و مێز و قەنەفە نییە و، تەنانەت ئەگەر بڕیارە فایلی ئەنجوومەن هەڵبدرێتەوە کە هەقە بکرێتە دۆسییەی تاوان، بەڵام لەوەشدا ئەم چەند کەسەی ناویان هاتووە ماسییە بچوکەکانن. تورکمانێک و کوردێک و کریستیانیەک و عەرەبێکی لیستی برایەتی دەکرێنە ئامانج و دەست بۆ دۆسییە گەورەکان و نەهەنگەکان نابرێت، ئەوە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی ئامانجەکە سیاسییە و دادگە کراوە بە ئامرازی سیاسی لە کێشە و ململانێ و ناکۆکییەکانی کەرکووک دا. وەک چۆن لە بەغدا و لە بەشێک لە پارێزگاکانی دیکەی ئێراقیش دادگە لە ململانێکاندا بەکار دەبرێت.
لە هەر وڵاتێکیشدا دەسەڵاتی دادوەری کەوتە ژێر هەژموونی دەسەڵاتی سیاسییەوه، ئیتر مانایەک بۆ دادپەروەری نامێنێتەوە. ئێستا لە ئێراق و تا ئەندازەیەک لە هەرێمی کوردستانیش دادگەکان و دەسەڵاتی دادوەریی وەک ئامراز بە دەستی ناوەندە سیاسییەکانەوەن و دابەشبوون بەسەر جەمسەرەکانی ململانێدا، بۆیە ئەوەی لە کەرکووک ڕوودەدات کە ماسییە بچووکەکان دەبن بە تۆڕەوە و ماسییە گەورەکان لێی دەرباز دەبن، دەرخەری ئەو ڕاستییە تاڵەیە و، ئەگەر چارەسەر نەدۆزرێتەوە بۆ دەرهێنانی دادگە لەناو هاوکێشە سیاسییەکاندا، چاوەڕوانکراوە لە کەرکووک بەهۆی بوونی ئەو کێشە و ناکۆکییانەی هەبوون و هەروەها بەهۆی لێکەوتەی کێشەکانی ڕابردووەوە، لەداهاتوودا دەسەڵاتی دادگە زۆر خراپتر بەکار ببرێت وەک ئامرازێک بەدەستی تەرەفە سیاسییە ناکۆکەکانەوە. [1]