ناونیشانی بابەت: هەژاری لە ئێراقدا
ئامادەکردن: #دابان عەبدولواحید حەسەن#
هەژاری؛ ئەودەردەی لەژێر سێبەری سیستەمە ئابوورییە جۆربەجۆرەکان بێدەرمان بووە، زۆرجار پرسیارێک لامان درووستدەبێت کە ئایا هەژاری هۆکارەکەی دەگمەنی دەرامەتە ئابوورییەکانە؟ یان بەڕێوبردنی دەرامەتە ئابوورییەکان؟ لێرەدا بە کوورتی دەڵێم؛ دووهۆکاری سەرەکی هەیە بۆهەژاری وڵاتان:-
یەکەم؛ دەگمەنی دەرامەتی ئابووری جۆراوجۆر لە وڵات، دووجۆرە:
1- کوورتخایەن: لەکاتی ڕوودانی کارەساتی سرووشتی وەک؛ لافاو و، بورکان و، وشکە ساڵی…هتد درووستدەبێت.
2- درێژخایەن: ئەمیش دووهۆکاری یسەرەکی هەیە:-
•بەهۆی دابەشبوونی جوگرافی دەرامەتە ئابوورییەکان.
•بەهۆی ناسەقامگیری باری سیاسی وشەڕی ناوخۆ، کە ناتوانرێت کەڵک لەدەرامەتە ئابوورییەکان وەربگیرێ و زەوییە کشتوکاڵییەکان دەبنە قوربانی دووبەرەکی وەک هەندێک لەوڵاتانی “ئەفریقا”.
دووەم؛ نەبوونی دادپەروەری کۆمەڵایەتی لە وڵات، وەک زۆربەی ئەو وڵاتانەی هەژاری تێدا بەرچاوە، سەرەڕای هەبوونی دەرامەتی ئابووری وکەڵەکە بوونی سەرمایەکی زۆر و، بەشێک لە وڵاتان دەوڵەمەندن، کەچی گەلەکەیان هەژارە وەک هەندێک لەوڵاتە نەوتییەکان و وڵاتە سەرمایەدارەکان، لەسەرووی هەموویانەوە “ویلاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا” کە زیاتر لە %20 بە دەست هەژارییەوە دەناڵێنن، لەکاتێکدا زۆرترین سەرمایەی جیهان لەو وڵاتەیە و تەنیا کۆمپانیای “جەنەڕاڵ مۆتۆرز” بەقەد چەندین وڵاتی ئەفریقی سەرمایەی هەیە.
$“مێژووی هەژاری”$
هەژاری؛ بەڵایەکی گەورە و کۆنە یەخەی مرۆڤایەتی گرتووە، هەژاری؛ لە هەمووکات و شوێنەکاندا هەبووە (بەهەڵاوێرکردنی چەند کاتێکی کوورت و چەند شوێنێکی سنووردار) بەڵام هۆکارەکانی جیاوازن و، بەگۆرانی کات و شوێنەکان دەگۆرێ. لەکۆندا هۆکاری سەرەکی هەژاری ڕووداو و کارەسات و گۆرانکارییە سرووشتییە جۆربە جۆرەکان بووە، هەندێکجاریش بەهۆی جەنگ و داگیرکاری و وێرانکاری بووە، بەڵام ئێستا سەرەڕای ئەو هۆکارانە، هۆکاری دیکەی جۆربەجۆر هەیە وەک؛ نەبوونی دادپەروەری کۆمەڵایەتی و، شکستی سیاسەتە ئابوورییە گشتییەکانی وڵات و، گەندەڵی کاربەدەستانی حکومەت و، حوکمرانی ستەمکار و، شکستی دامەزراوە حکومی و، نا-حکومییەکان..هتد، بەڵام لە هەموویان مەترسیدارتر سیاسەتی هەژاری سازییە. هەموو پیشەسازییەک ئامرازی خۆی هەیە، ئامرازەکانی هەژاری زۆرن وەک؛ نەخوێندەواری-نەزانی-تەماحکاری-هەلپەرستی-خۆشەویستی دەسەڵات وموڵکە، لە بەرپرسان و سەرمایە داران و ستەمکارو دیکتاتۆرەکان ئەم سیاسەتە پەیڕەو دەکەن بە مەبەستی ملکەچ پێکرنی گەلەکانیان. پێغەمبەر (دروودی خوای لەسەربێت) دەفەرمووێت (کاد الفقر ان یکون کفرا) واتە:- هەژاری نزیکە لەکوفر. پێشەوا (عەلی کوڕی ئەبو تاڵیب) دەفەرموێ؛ ئەگەر هەژاری مرۆڤ بووایە دەمکوشت. ئەم دوو وتەیە پێویستی بەشیکردنەوە نییە، چونکە دڵنیام سەرەڕای کوردی هەژار زیاتر لە سێ ملیار کەس لەم وتەیە بە باشی تێئەگەن، چونکە کەرامەت وگەورەیی مرۆڤ لەکەدار دەکات. “نیڵسۆن ماندێلا” سەرۆکی باشووری “ئەفریقا” لە کۆنگرەی زەوی-جوهانسبۆرگ دەڵێت (جیهانی ئەمڕۆ بووەتە دوورگەیەک بۆ دەڵەمەندەکان، کە بە چەندین دەریا لە هەژاران دەوورە دراوە) .
$“هەژاری لە ئێراقدا”$
هەژاری بریتییە؛ لە نەبوونی پارەی پێویست بۆ دابینکردنی پێویستییە سەرەکییەکانی ژیان. وەک؛ خۆراک جل وبەرگ، شوێنی حەوانەوە و…هتد. هۆکارەکانی هەژاریش زۆرن و هەندێک لەهۆکارەکان لەوڵاتێک بۆ وڵاتێکی دیکە، لە سەردەمێک بۆ سەردەمێکی دیکە دەگۆڕدرێت، بەڵام ئەوەی ناگۆڕێت هەبوونی هەژارییە لە هەموو کات و سەردەمێکدا، نزیکەی حەوت ملیار مرۆڤ دەژی لەسەر زەوی، دانیشتووانی وڵاتە تازەپێگەیشتووەکان (دواکەوتووەکان) سێ لەسەر چواری ئەم ژمارەیە پێکدەهێنن، زیاتر لە سێ ملیار و نیو-مرۆڤ لەژێر هێڵی هەژاری دەژین، کە ئەم هێڵە دیاریکراوە بە (دوو-دۆلاری ئەمریکی) لە ڕۆژێکدا، زیاتر لەیەک ملیارونیو-مرۆڤ داهاتیان لەڕۆژێکدا کەمترە لە یەک دۆلار، بڵاوبوونەوەی “هەژاری” و نەبوونی دادپەروەری گەورەترین بەڵاو پەتای ئەم سەردەمەیە، شێوەیەکی نوێی کۆیلایەتییە لە سەدەی بیست ویەک، لیستی وڵاتە هەژارەکان بریتییە؛ لە (سەد و حەفتا و پێنج) وڵات کە زۆربەیان لە ئەفریقا و ئاسیان، بەرنامەی خۆراکی جیهانی سەر بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، هۆشداری لەبارەی دۆخی “ئێراق” دەدات و دەڵێت؛ نزیکەی 3 ملیۆن هاووڵاتی ئێراقی خۆراکی پێویستی ڕۆژانەیان نییە، داواش دەکات؛ حکومەت خۆراکی سەرەکیی دابینبکات و نرخ لە بازاڕدا ڕێکبخات، عەبدولڕەحمان میجاج”نوێنەری “بەرنامەی خۆراکی جیهانی سەر بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە “ئێراق” ڕایگەیاند؛ بەپێی سیستەمی چاودێریی برسیەتی سەر بە بەرنامەی خۆراکی جیهانی، نزیکەی 3 ملیۆن کەس لە “ئێراق” بە دەست نەبوونی خۆراکی پێویست دەناڵێنن، کە 731 هەزار ئاوارەش دەگرێتەوە.
نوێنەری بەرنامەی خۆراکی جیهانی دەڵێت؛ ئابووریی “ئێراق” تا ئێستا پشت بە نەوت دەبەستێت، بۆیە دابەزینی نرخی نەوت و کەمبوونەوەی بەرهەمی ڕێکخراوی “ئۆپێک” کاریگەریی ڕاستەوخۆی هەبووە لەسەر دەرامەتی پێویست، کە دواتر دابەزینی بەهای دیناری ئێراقی بەدواداهات، ئەمە وەک بەشێک لە پڕکردنەوەی کوورتهێنانی دارایی کەڵەکەبووی 9 مانگی ڕابردوو، زۆربەی کاڵا خۆراکییەکانی ڕۆژانە هاوردەن، ئەمەش کاریگەریی هەیە لەسەر بڕیاری نرخی هەندێک لەو خۆراکە بنەڕەتییانە، بۆیە کاری کردووەتە سەر ئاساییشی خۆراک لەسەر ئاستی خێزاندا. “میجاج” ئاماژەی بەوەداوە کۆرۆنا ئاڵەنگارییەکی دیکەیە، کە بەهۆیەوە خەڵکێکی زۆر کاری ڕۆژانەیان لە دەستداوە، بۆیە پێویستە حکومەت چارەسەری خێرا بدۆزێتەوە، لەوانەش پێشکێشکردنی هاوکارییەکانی بۆ دابینکردنی ماددە خۆراکییەکان و ڕێکخستی نرخ لە بازاڕدا. بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا و لێکەوتە ئابوورییەکانی… خەڵکێکی زۆر ئاستی بژێویان بۆ ژێر هێڵی هەژاری دابەزیووە، بەو هۆیەوە دوو ملیۆن و 700 هەزار کەس کەوتنە ژێر هێڵی هەژاری، پێشتریش 6 ملیۆن و 900 هەزار کەس لە ئێراق لەژێر هێڵی هەژارییەوە بوون، دەکرێت بڵێین ئەمڕۆ لە ئێراق 9 ملیۆن و 600 هەزار کەس لەژێر هێڵی هەژاریەوەن، بەگوتەی “عەبدولزەهرە هینداوی” گەیشتن بەو ئەنجامەش لە ڕێگەی لێکۆڵینەوەیەکەوە بووە کە “وەزارەتی پلاندانان بە هاوکاریی بانکی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوی یونسێف لە مانگی تەممووزی ڕابردوودا کردوویەتی. بەڵام ئێستا خەریکە دۆخەکە بەرەو ئاسائیبوونەوە دەچێت و ڕێژەکەش ڕوو لە کەمبوونەوە دەکات و گۆڕانکاریی بەسەردا دێت”، لەبارەی دابەشبوونی هێڵی هەژارییەوە لە ئێراق، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانان دەڵێت؛ “ئەگەر هێڵی هەژاری لەسەر ئاستی وڵات دەستنیشان بکەین، ڕێژەکە لە ناوچەکانی باشوور زیاترە و دەگاتە 30٪ بۆ 35٪. لە پارێزگاکانی ناوەڕاست دەگاتە نزیک لە 20٪، لە بەغدای پایتەخت ڕێژەکە دەگاتە 13٪ و لە هەرێمی کوردستانیش دەگاتە نزیکەی 12٪.
$“دەرئەنجام”$
کێشەی هەژاری ڕۆژبەڕۆژ لەزیادبوون دایە، سەرەڕای ئەوپێشکەوتنەی کەجیهان بەخۆیەوەی بینیوە لە هەموو بوارە جیاوازەکان و، سەرەڕای کۆکردنەوەی خێر و بێری زەوی زاناکان کۆکن لەسەرئەوەی دەرامەتی سرووشتی سەرزەوی بەشی ئەوە دەکات کە هەموو دانیشتووانی سەر گۆی زەوی بە خۆشگوزەرانی بژین، کە ژمارەی نزیکەی حەوت ملیار مرۆڤە، ئەگەر کەمترین دادپەروەری لەدابەشکردنیاندا هەبێت، دیاریکردنی ڕۆژی حەڤدەی ئۆکتۆبەر بەڕۆژی جیهانی هەژاران لە هەموو ساڵێکدا لەلایەن ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، هیچ کەم نەکردۆتەوە لەخەم وئازاری هەژاران، تەنیا زیادکردنی ساڵێکە لەنەهامەتی و برسیەتی و مردن بۆ سەر تەمەنی هەژارانی جیهان، یەکێک لە گاڵتە جارییەکانی سەردەمی نوێ ئەوەیە کە سامانی سێ لە دەوڵەمەندترین کەسی جیهان، بەقەد بەرهەمی ناوخۆیی چل وهەشت هەژارترین وڵاتی جیهانە وسامانی دووسەد دەوڵەمەندترین کەسی جیهانە زیاترە لە ڕێژەی (%15) داهاتی هەموو دانیشتووانی سەرگۆی زەوی، نزیکەی حەوت ملیار مروڤ دەژی لەسەر زەوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی ئێراق دەڵێت “ساڵانە ژمارەی دانیشتووان لە ئێراق؛ نزیکەی یەک ملیۆن کەس زیاد دەکات، بەگوێرەی داتاکانی وەزارەتیش، پارێزگاکانی باشوور هەژارترین پارێزگاکانی ئێراقن، ڕێژەی هەژاری لە پارێزگای موسەننا 52%ە، دیوانیە 49%، زیقار 48%، میسان 47%، پارێزگاکانی ئەنبار، سەڵاحەدین و نەینەوا 41%ە، بەڵام ڕێژەی هەژاری لە هەرێمی کوردستان 12%یە، لە بەغدا 13% و پارێزگاکانی ناوەڕاستیش 17%یە.”
ڕۆژانە سی وپێنج هەزار منداڵ بەهۆی نەخۆشی و برسیەتی دەمرن، یەک لەسەرپێنجی دانیشتووانی وڵاتە تازە پێگەیشتووەکان ڕۆژەکانیان بەبرسییەتی بەڕێدەکەن، ئەوبڕەپارەیەی نۆ-وڵاتی دەوڵەمەند خەرجیدەکەن بۆ کڕێنی خواردنی شەش ڕۆژی سەگ وپشیلەکانیان زیاترە لەو بڕە پارەی کە وەک یارمەتیی لەلایەن ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ وڵاتە هەژارەکان تەرخان دەکرێن، مەترسی گەورە لەوەدایە کە توێژینەوەکان دەریدەخەن هۆکاری هەژاری لەو وڵاتانە تەنیا ناگەڕێتەوە بۆ دواکەوتوویی ونەزانی نەبوونی دیموکراسی، بەڵکوو وڵاتە پێشکەوتووەکان هۆکاری گەورەن بۆ بڵاوبوونەوەی هەژاری لەوڵاتانی تازە پێگەیشتوو، بە جۆرێک ئابووری جیهانی وای لێهاتووە سامانی جیهان هەمووی دەچێتە گیرفانی وڵاتانی پێشکەوتوو بۆ دەوڵەمەندتربوونیان و داهاتی وڵاتانی دواکەوتوو کەمتر دەبێت بۆ هەژارتر بوونیان. کەواتە بەشێکی گەورەی بەرپرسیەتی درووستبوونی “هەژاری” لە ئەستۆی وڵاتە دەوڵەمەندەکانە و، ئەگەر ئەم وڵاتانە زوو چارەسەری ئەم کێشەیە نەکەن، لەداهاتوویەکی نێزیکدا بەرانبەر بەگەردەلوولی دەریای هەژاری دەووروبەریان ناتوانن پارێزگاری لە دوورگە دەوڵەمەندەکەیان و خۆشگوزەرانیان بکەن. [1]