ناونیشانی بابەت: کاریگەریی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لەسەر ئابووریی جیهان
ئامادەکردن: #دابان عەبدولواحید حەسەن#
دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا لەم هەفتەیە، دوای ئەوەی کۆمپانیای نەوتی نیشتمانی سعودیە (ئارامکۆ) نرخی نەوتی خاوی خۆی بەرزکردەوە، نرخی نەوت بەرزبووەوە. ڕۆژی سێشەمە نرخی نەوتی برێنت 90 سەنت بەرزبووەوە و هەر بەرمیلێک بە 83 دۆلار و 64 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. هەروەها هەر بەرمیلێکی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا 87 سەنت بەرزبووەوەو هەر بەرمیل بە 82 دۆلار و 14 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. ئێوارەی ڕۆژی هەینی ڕابردوو کۆمپانیای ئارامکۆ نرخی نەوتی سووکی عەرەب کە براندی نەوتی سعودیەیە بۆ ڕادەستکردنی لە مانگی 12 بە 2.7 دۆلار لەسەرووی نەوتی براندنی ” عومان دوبەی”دانا. ئەمەش 1.4 دۆلار زیاترە لەو نرخەی کە سعودیە بۆ ئەم مانگە داینابوو. ئێستاش هیچ بەربەستێک نییە لە بازاڕی نەوت بۆ ئەوەی مەترسی درووستبکات بۆ دابەزینی نرخەکە. بانک و ناوەندە گەورە جیهانییەکان پێشبینییان کردووە نرخی نەوت لە کۆتایی ئەمساڵدا بگاتە 100 دۆلار. ئاستەکانی ئێستای نرخی نەوت کاریگەریی گەورەی لەسەر ئابووریی جیهان و بازاڕی وزە داناوە. کاریگەرییەکە بە جۆرێکە، بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، نرخی سووتەمەنی و کارەبای بەرزکردووەتەوە. بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی و کارەبا تێچووی بەرهەمهێنانی بۆ کارگەکان زیادکردووە ئەوەش چالاکیی کارگەکانی خاو کردووەتەوە. خاوبوونەوەی چالاکیی کارگەکانیش مەترسی بۆ سەر بووژانەوەی ئابووریی جیهان درووستکردووە.
دیارترینیان ئابووریی چینە کە بەپێی داتا فەرمییەکان، بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بووەتە هۆکاری خاوکردنەوەی گەشەی ئابووریی ئەو وڵاتە لە چارەکی سێیەمدا. بەرزبوونەوەی نرخی نەوت هاوکات لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی گازی سرووشتی بووتە هۆکار بۆ ئەوەی هەوڵەکانی وڵاتانی جیهان بۆ کەمکردنەوەی ئاستی ناردنی کاربۆن بۆ کەشی زەوی پرسیاری لەسەر درووست بێت. ئێستا چین و زۆربەی وڵاتە تازە پێگەیشتووەکانی دیکە و تەنانەت وڵاتە پێشکەوتووەکانی وەک بەریتانیا دووبارە ڕوویان کردووەتە بەکارهێنانی خەڵوز بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا کە خەڵوز لەنێوان سووتەمەنییە کاربۆنییەکان گەورەترین هۆکارە بۆ پیسکردنی ژینگە.
=KTML_Bold=ڕۆڵی نەوت لە ئابووری جیهاندا”=KTML_End=
ئەمڕۆ نەوت بە یەکێک لە شا دەمارەکانی ئابووری جیهان دەژمێرێت. هیچ دەوڵەتێک ناتوانێت ئابووریەکی بەهێزی هەبێت، گەر بیر لە نەوت نەکاتەوە. ڕۆژ لە دوای ڕۆژیش پێداویستی جیهانی زیاد دەکات. ئەمڕۆ پێداویستی جیهان ڕۆژانە 97 ملیۆن بەرمیل نەوتە، ئەمەریکا زۆرترین ڕێژەی بەکارهێنەری جیهانە، ڕۆژانە 19.4 ملیۆن بەرمیل نەوتی پێویستە کە دەکاتە نزیکەی 20% ی پێداویستی جیهان. پاشان کۆماری چین دێت ڕۆژانە 12.2 ملیۆن بەرمیل، وا مەزندەش دەکرێت، کە لە ساڵانی داهاتوودا ژمارەکە زۆرتر بێت، چوونکە گەشەی ئابووری چین بەرزە و پیویستی بە نەوتێکی زۆر هەیە. پاشان ژاپۆن 5.5 ملیۆن بەرمیل نەوت. یەکەمین دەوڵەتی هەناردەی نەوتیش، عەرەبستانی سعودیە یە، ڕۆژانە سەر و 10 ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت و ڕێژەی17.1% هەناردەی نەوتی جیهان بەرهەم دەهێنێت. پاشان ڕووسیا ڕێژەی 11.4% جیهان. ئێران 5.7% ی جیهان، ئیماراتی عەرەبی 5.5% ی جیهان پێک دەهێنێت. نیگەرانییەکانی خەڵک لەبارەی بازاڕی گازە کە بەرهەمهێنانی کەمبووەتەوە، لە وەرزی سەرما و سۆڵەشدا دیارە کە خواست بۆ گاز زیاد دەکات، لە ئەوروپا گازی کۆگاکراو هەیە، بەڵام هەرچەند بڕێکی زۆر بێت، لە چەند هەفتەیەک بڕ ناکات و کۆتایی دێت، بەهۆی کەشوهەواش وزەی خۆر و وزەی با کەمدەبنەوە بۆیە تاکە ڕێگە ڕووکردنە وزە نەریتییەکانی دیکەی وەک نەوت و خەڵووزە.
زیادبوونی خواست لەسەر سووتەمەنی لە نیوەگۆی بەشی باکووری زەوی لە وەرزی زستان و بەرزیی نرخی گاز جارێکی دیکە خواست بۆ نەوت دەگەڕێنێتەوە. لە چەند مانگی ڕابردوو ئەوە پێشاندرا کە هەندێ ئەندامی ئۆپێک لەوانە (نێجیریا، ئەنگۆلا و کازاخستان) هەوڵیاندا لەو بڕە نەوتەی لەنێو (ئۆپێک پڵەس) بۆیان دیاریکرا زیادی بکەن، دوای هەوڵ و تەقەلا نەیانتوانی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت زیادبکەن، ئەوەش بەو واتایەی خواست بۆ نەوت زیادیکردووە و نرخی نەوتیش لەگەڵ خۆی بەرزدەکاتەوە. بە بۆچوونی شارەزایانی نەوت لە ڕوانگەیەکی تەکنیکییەوە، ئاڕاستەی نرخی نەوتی برێنت لە مانگی تەممووز 77.84 دۆلارە، بەڵام لە ئاستی مانگانەدا هاوشێوەی ساڵی 2008ە کە ماوەیەک نرخی نەوت بەخێرایی بەرزبووەوە بۆیە پێشبینی دەکرێت لەم چەند مانگەی داهاتوودا نرخی نەوت زیاتر بەرزبێتەوە. ئەگەر ئەم زستانە سارد بێت خواستی ڕۆژانە بە بڕی 900 هەزار بەرمیل نەوت زیاددەکات، ئەوەش نرخی نەوتی برێنت دەباتە 90 دۆلار. هەموو پێشبینیانە بۆ ساڵی 2021ن. بەگوێرەی کۆمپانیای ڤیتۆڵ، لە ساڵی داهاتوو نرخی نەوت زیاتر بەرزدەبێتەوە. سەعد ڕەحیم، بەرپرسی ئابووریناسانی گرووپی کۆمپانیاکانی ڤیتۆڵ لە لووتکەی ئارگوس ئاسیا پێسیفیک دەڵێتلە کۆتایی ساڵی 2022، نرخی نەوتی برێنت دەگاتە 100 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک ئەوەش بە سوودوەرگرتن لە بەردەوامیی گەڕانەوەی خواست بۆ نەوت.
بە گوێرەی ئابووریناسان، لە ئاستی جیهانیدا خواست بۆ نەوت گەڕاوەتەوە پێش سەردەمی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا و کەمبوونەوەی تووشبوون بە ڤایرۆسە گۆڕاوەکانیش بازاڕی نەوت بە ئاڕاستەیەکی تەندرووستتر دەبات. ئەوە ڕوونە بازاڕی نەوت پەیوەستە بە خواست و خستنەڕووەوە. نەوتی کۆگاکراوی ئەمریکا کاتێ 23ی مانگە پێشوو بۆ نزمترین ئاستی خۆی لەوەتەی تشرینی یەکەمی 2018 دابەزی، واتای ئەوە بوو ئەمریکا لە ماوەی زریانی ئایدا کە نەوتی کەنداوی مەکسیکی ڕاگرت برێکی زۆر نەوتی بەکارهێناوە. سەرەڕای ئەمەش بازاڕەکان زیاتر لە سیاسەتی بانکی ناوەندیی ئەمریکا تێگەیشتن.
=KTML_Bold=پێشبینی دەکرێت نرخی نەوت بگاتە 90 دۆلار”=KTML_End=
سەرەتای تشرینی دووەمی 2018 بوو، کاتێ نرخی نەوت خۆی لە 82 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێکدا، دواتر گەڕایەوە بۆ خوار 80 دۆلار، تەنانەت لە کانوونی یەکەمی هەمان ساڵ بۆ 60 دۆلار دابەزی. ئەوەی پێدەچێت و پێشبینی دەکرێت؛ ئەمساڵ سیناریۆیەکی پێچەوانە ڕوودەدات واتە لە 60 و 70 دۆلار بۆ ئاستی 80 دۆلاری هەڵدەکشێت. یەکێک لە هۆکارەکانی گەشبینی شارەزایان بە بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی نەوت ئەو قەیرانەی گازیە کە ڕووبەڕووی ئەوروپا بووەتەوە و پێشبینی دەکرێت ببێتە قەیرانێکی جیهانی، ئەوەش وایکردووە کە نەوت وەک جێگرەوەیەک خواستی لەسەر زیادبێت. “رووسێل هاردی”، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری گرووپی کۆمپانیاکانی ڤیتۆڵ دەڵێت: کۆتایی ئەمساڵ نرخی نەوت بۆ 80 دۆلار بەرزدەبێتەوە، دەشڵێت لە کۆتایی چارەکی ئەمساڵ نیو ملیۆن بەرمیل خواست لەسەر نەوتی ڕۆژانە زیاددەکات، پێدەچێت بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی گاز، ڕۆژانە خواست بۆ نەوت 500 هەزار بەرمیل زیادبکات، ئەوەش لەم وەرزەی زستان ڕوودەدات. ڕێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (ئۆپێک) یش هەمان پێشبینی بۆ بازاڕی وزە هەیە و دەڵێت؛ قەیرانی گاز و بەرزبوونەوەی نرخەکەی وڵاتان بەرەو ڕووکردنە نەوت هاندەدات کە ئەمەش ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر نرخی نەوت دەبێت.
=KTML_Bold=“دەرئەنجام”=KTML_End=
ئەگەر ئێراق و هەرێمی کوردستان خاوەنی سیاسەتێکی حەکیمانە و ژیرانە بن و ڕێگەیەکی تەواو زانستیانە بگرنە بەر لە بواری نەوت و گازدا، هەروەها بەوپەڕی شەفافییەتەوە داهاتەکەی بخاتە ڕوو، ئەوا دەتوانێت نەوت و گاز بکاتە باشترین داینەمۆی بوژاندنەوەی هەرێمی کوردستان، گەر واش نەکات و هەروەکوو ئێستا بەردەوام بێت، پیاداچوونەوە نەکات بە گرێبەستەکانی کۆمپانیا نەوتییەکان، ئەوە زەرەرێکی مادی گەورە دەکات بۆ ساڵەکانی داهاتوو، هاوکات ئابووری هەرێم زیاتر و باشتر گەشە دەسەنێت، ئەگەر بێت و پشت بە کەرتەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازی و گەشتیاری ببەستێت بۆ ئاییندە، لەپاڵ کەرتی نەوت بەپێی پێشبینییەکان بانکی ئەمریکا ڕایگەیاندووە؛ کە نرخی نەوت بۆ هەر بەرمیلێک تاوەکووکۆتایی بەهاری ساڵی داهاتوو بۆ 120 دۆلار بەرزدەبێتەوە. هۆکاری بەرزبوونەوەی ئاستی پێشبینییەکانی بانکی ئەمریکا بۆ نرخی نەوت دەگەڕێتەوە بۆ ئەو قەیرانەی وزە کە لە جیهاندا سەریهەڵلداوە و بووەتە هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخەکانی گازی سرووشتی، نرخی بەنزین و نرخی خەڵووز. بانکی ئەمریکا یەک مانگ لەمەوبەر پێشبینی کردبوو، کە لە ماوەی 6 مانگدا نرخی نەوت بۆ 100 دۆلار بەرزدەبێتەوە ئەگەرهاتوو کە زستانێکی سارد ڕووبدات.
بانکی ئەمریکا پێیوایە؛ بەرزبوونەوەی خواست بۆ نەوتی خاو لە ماوەی یەک ساڵ و نیوی داهاتوو زیاتر دەبێت لە بڕی خستنەڕووی نەوت، لەبەر ئەوە بە ئەرێنییەوە دەڕوانێتە نرخەکانی نەوت لە چەند مانگی داهاتوودا. لە مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ بانکەکە لە ڕاپۆرتێکیدا باسی لە پشێوی ناو بازاڕی وزەی ئەوروپا و نەمانی یەدەگی گازی سرووشتی ئەو کیشوەرە کردبوو و ڕایگەیاندبوو کە بەرزبوونەوەی نرخەکانی نەوت بەردەوام دەبێت. بانکی “ئەمریکا” ئێستا دەڵێت: بەرزبوونەوەی خواست بۆ گازوایل و بەنزین و سووتەمەنی فڕۆکە هاوکات لەگەڵ کەمبوونەوەی توانای پاڵاوگەکانی ئەمریکا، دەبێتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی زیاتری نرخەکانی نەوت لە ساڵی داهاتوودا. بڕیارە لەم مانگەدا بەرهەمهێنەرانی نەوتی ئەندام لە “ئۆپێک” و دەرەوەی ئۆپێک لەسەر داهاتووی بازاڕی نەوت کۆببنەوە. سەرەڕای ئەوەی کە داوای زۆر دەکرێت کە بەرهەمهێنەرانی نەوت قەبارەی خستنەڕووی نەوت زیاتر بکەن، بەڵام پێناچێت گوێ لەو داواکارییانە بگرن و بڕی خستنەڕووی نەوت زیاتر لەوەی کە لەسەری ڕیککەوتوون بەرزبکەنەوە. [1]