ناونیشانی بابەوت:کەرکووک .. هۆڵەکانی سینەما بوونەتە کەلاوە و بەشێکیشیان کراون بە گەراج و کۆگا
ئامادەکردنی: #دیاری ئەحمەد#
=KTML_Bold=مێژووی سینەما لە شارەکە کۆنە و ئێستاش هیچ سینەمایەکی تێدا نییە=KTML_End=
پێشتر لە کەرکووک چەند هۆڵێکی سینەما هەبوون بۆ نمایشکردنی فیلم و فیلمەکانیش بینەری زۆریان هەبوو، لە کاتی نمایشکردنی فیلمەکان، هۆڵەکانی سینەما جمەیان دەهات، ئێستاش کراون بە گەراجی وەستانی ئۆتۆمبێل و کۆگا و بەشێکیشیان کەلاوەن.
لەمبارەیەوە، دوێنێ سێشەممە 25ی 4ی 2023، #سەردار زەنگەنە# ، سەرۆکی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی کەرکووک بۆ کوورتە فیلم و شارەزای بواری هونەری سینەما، بە (باسکورد) ی ڕاگەیاند، لە کەرکووک پێشتر کۆمەڵێک سینەما هەبوون، کە بەداخەوە ئێستا نەماون، سینەما خیام هەبوو، لەبەرانبەر قەڵای کەرکووک بوو، ڕووخێنراوە و شوێنەکەی کراوەتە باخچە، سینەما حەمڕا و سینەما عەلەمێن و سینەما ئەتڵەس و سینەما سەڵاحەدینیش هەبوون، ئێستا شوێنی ئەو سینەمایانە کراوەتە پارکی وەستانی ئۆتۆمبێل و کۆگا.
وتیشی: ”کاتی خۆی بەتایبەت لە جەژنەکاندا، سینەما خیام جمەی دەهات لە خەڵک و دەچوون بۆ تەماشاکردنی فیلمەکان، لە سینەما حەمڕا بەتایبەت هاوینان خێزانەکان دەچوون و شوێنی تایبەت هەبوو لەناو سینەماکان تایبەت بوو بۆ دانیشتنی خێزانەکان و چەندین جۆر فیلم لەو سینەمایانە نمایش دەکران، بەڵام ئێستا سینەماکان نەماون، تا ئێستا هۆڵی سینەما حەمڕا، کە کراوەتە شوێنی وەستانی ئۆتۆمبێل، دیواری نمایشکردنی فیلمەکانی ماوە، بەڵام تازە کراوەتە شوێنی وەستانی ئۆتۆمبێل.
سەردار زەنگەنە، ئەوەشی گوت: لە ساڵانی پەنجاکانی سەدەی ڕابردوودا و لە سەردەمی پادشایەتی لە ئێراق سینەما هەبووە و مێژووی سینەما لە کەرکووک کۆنە، کە ئێستا سینەمای تێدا نەماوە و بۆ فیستیڤاڵە سینەماییەکانمان پەنا دەبەینە بەر هۆڵی مۆڵەکان لە کەرکووک، کە مۆڵیش لە کەرکووک کەمە و ژمارەی کورسییەنیشیان کەمە.
لە کۆتاییەکانی ساڵانی سییەکانی سەدەی ڕابردووەوە لە کەرکووک، هۆڵی سینەما لە کەرکووک هەبووە و مێژووی سینەما و هۆڵەکانی بینینی فیلمەکان لە شارەکە زۆر بووە، بەڵام ئێستا هیچ هۆڵێکی سینەما لە کەرکووک نییە و زۆرینەیان تێکدران و بەشێکیان بووەنەتە کەلاوە و بەشێکی دیکەشیان کراونەتە گەراجی وەستاندنی ئۆتۆمبێل و کۆگای هەڵگرتنی کەلوپەل.[1]