#بەرهەم ئەحمەد ساڵح#، سەرۆک کۆماری پێشووی ئێراق، سیستەمی سیاسی ئێستای ئێراق بە ماوەی بەسەرچوو وەسفکرد و ڕایگەیاند، ساڵانی داهاتوو بۆ پڕۆسەی سیاسی ئێراق زۆر گرنگە.
بەرهەم ساڵح لە وتارێکیدا، کە لە گۆڤاری فۆرن پۆڵەسی بڵاویکردووەتەوە، ڕاشیگەیاند، لە ئێراق هێشتا برینەکانی دیکتاتۆرییەت و توندوتیژی تائیفی ساڕێژ نەبوون، ئاماژەی بەوەشکرد، ئێراق هێشتا بەدەست کێشە گەلێکەوە دەناڵێنێت، کە ڕەگ و ڕیشەی قووڵی لە دەیان ساڵ شکستی سیاسی و حکومیدا هەیە، کە بریتین لە چەقبەستوویی سیاسی، ناکۆکی دەستووری نوێنەرایەتی، گرژییە نەتەوەیی و ئایینییەکان، حوکمڕانی خراپ و گەندەڵی..
هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، ئێراقییەکان چاوەڕێی دادپەروەری و گەڕانەوەی شایستەیی خۆیانن، بەتایبەتی ئێستا متمانەی ئێراقییەکان بە سیاسەت و بەرپرسان کەمیکردووەتەوە، باسی لەوەش کرد، ڕژێمی ئێستای لە ترسەوە لەدایکبووە، وەک چۆن شیعەکان ترسیان لە زاڵبوونی کەمینەیەک هەبوو لە سەردەمی سەدامدا، کورد ترسی لە ستەمی حکومەتی ناوەندی هەبوو، کاتێک سوننەکان زۆرتر ئامادەیی دەسەڵاتیان لە پڕۆسەی سیاسیدا هەبوو، ئێستا بەهەمان شێوە ئێراقییەکان ترسیان لە گەڕانەوە بۆ ئێراقی پێش 2003ی دیکتاتۆریەتی دڕندانە و جیاکاری تائیفی و نەتەوەیی و شەڕ و جینۆساید هەیە.
جەختیشیکردووەتەوە، ئەم نیگەرانییانە و سیستمی حکومەتداری بەم شێوەیە ڕەنگدانەوەیان دەبێت، هەر ئەوەش بووەتە هۆی سەرهەڵدانی سنووردارکردن و درووستبوونی دەوڵەتی لاواز و زاڵبوونی لایەنەکان بەسەر دامەزراوە حکومییەکان.
لەگەڵ ئەوەشدا ساڵح پێیوابوو، ئەم سیستمە گەیشتووەتە کۆتایی و ڕاشیگەیاند، ئێراق ئێستا پێویستی بە چاکسازی ڕیشەیی و دیدێکی سیاسی نوێ و ئاشتەوایی نێوان پێکهاتەکان و پەیمانێکی مێژوویی نێوان دەوڵەت و کۆمەڵگە و پابەندبوون بە حوکمڕانییەکی باش هەیە.
هاوکات ڕاشیگەیاند، لە ماوەی سەرۆکایەتیم لە ئێراقدا چەندین جار وتم وڵات پێویستی بە گرێبەستێکی نوێی کۆمەڵایەتی و سیاسی هەیە، کە برەوبدات بە حوکمڕانی باش و پێناسەکردنەوەی پەیوەندی نێوان حکومەت و گەل.
ساڵح لە کۆتایی وتارەکەیدا ڕایگەیاند، ئێراقییەکان لە 20 ساڵی ڕابردوودا زۆر شت فێربوون، بەڵام 20 ساڵی داهاتوو گرنگترینە بۆیان و دەیانەوێت ئێراقێکی سەقامگیر درووستبێت. [1]