$لە خولیای پێچ بەسەرەکانەوە تا سەر ڕووتەکانی سەردەم$
#ناسر باباخانی#
#20-03-2016#
بەشێوەیەکی ئاسۆیی سەیری ڕابردووی خەباتی گەلی کورد بکەین لەسەر بنەمای کارەکتەرە گشتییەکانی بەشدار لە خەباتی سیاسی چەکداریی نەتەوەی کورددا، دەتوانین هەندێ لە تایبەتمەندییەکانی ئەم کارەکتەرانە بەشێوەیەکی مۆرفۆلۆژیک دیاری بکەین تا لە هەناوی ئەم بیچمانەدا، چەشنێ تیپ دیاری بکەین کە وەک سەربازی ون ژیان و تەمەنیان بوو بە سووتەمەنی و ئاوردووی شۆڕش. دیارە ئەم چەشنە کارانە لە زانستە کۆمەڵایەتییەکاندا باوە و وەک نموونەی بەرچاو دەکرێ ئاماژە بە کارەکانی ڤلادیمیر پڕاپ فۆڕمالیستی ڕووس بکەین کە بۆ ئەفسانە ڕووسییەکانی کرد.
کارەکتەرە گشتییە بەشدارەکان لە خەباتی سیاسیی چەکداریدا بە کێ دەگوترێ؟ لەڕاستیدا ئەم کارەکتەرانە سەر بە کۆمەڵگەی سوننەتیی کوردستان و نەوەکانی ڕابردوون کە وەک ناوێکی تایبەت لە ڕەوتی خەباتدا نادۆزرێنەوە و نابینرێن و تەنانەت هەندێ جار لە مێژووی زارەکیشدا ونن، بۆیە دەکرێ بڵێین بە نیسبەت خودی خەبات وەک دەق، ئەمان خودی پەراوێزن، بەڵام پەراوێزێک کە هەرگیز بە دژی دەق قوت نەبوونەوە، بەڵکوو بەردەوام لە خزمەتی خەباتەکەدا بوون. بەپێچەوانەی زۆر کارەکتەری سەرەکی کە لەسەر دەسەڵات زۆر جاران زەبری کوشندەیان لە خەبات داوە، ئەوان هەرگیز گیرۆدەی هێز و دەسەڵات نەبوون.
جلوبەرگی کوردی (لێرەدا بەتایبەتی پێچ و جامانە و کەواوپانتۆڵ و پشتێند وەک نموونە) وەک پاژێک لە گشت بۆ پێناسەیەکی نەتەوایەتی لەبەرچاو گیراوە، واتە ئەگەر چەمکی کوردایەتی وەک سیستم (گشت) سەیر بکەین، دەکرێ جلوبەرگ، زمان، ئەدەب، هونەر و کولتوور وەک پاژەکانی پێکهێنەری ئەم سیستمە شرۆڤەیان بۆ بکرێ و چەشنی پەیوەندییان بە یەکەوە و دواجار لەگەڵ کۆی سیستم دیاری بکەین، ئەمە هەمان مێتۆدی پێکهاتەخوازییە ( Structuralism ) کە بۆ شرۆڤەی دیاردە کۆمەڵایەتییەکان کەڵکی لێ وەردەگیرێ. ئەگەر بمەوێ زۆر بە کوورتی هەندێ پێناسەی ئەم کارەکتەرە گشتییانە بخەمە بەرباس کە قەت سەریان ڕووت نەبووە و بەپێی جوگرافیای شوێنی ژیان پێچ، مێزەر و جامانەیان لەسەر دەنا و هەرگیز جگە لە کەوا و پانتۆڵ بەرگێکی تریان نەپۆشی، دەکرێ ئاماژە بەم تایبەتمەندییانە بکەین:
- سەر بە کۆمەڵگەی سوننەتین
- نەخوێندەوارن
- لەباری کۆمەڵایەتییەوە زۆر کاریگەرن
- تا دوایین ساتی ژیان لە ناوخۆی کوردستان بوون
- هەزینەی قوورسیان داوە، بۆ وێنە باوکی شەهید یان باوکی پێشمەرگەن، تووشی زیندان هاتوون، موڵک و ماڵیان لەلایەن دەسەڵاتەوە دەستی بەسەرداگیراوە.
- هەرگیز لە حاڵ و ڕۆژی سیاسی حیزبەکان و دۆخی پارچەکانی تریش خافڵ نەبوون
- پێداگری لەسەر یەکڕیزی و یەکێتی، دڵەڕاوکێی ناوونیشان و دەسەڵاتیان نەبووە
- ئەخلاقمەداری و ئیمانێکی پتەو بە دواڕۆژی نەتەوەی کورد و...
خۆ حاشا لەوە ناکرێ کە گڵۆباڵیزاسیۆن (بە زەبری تەکنۆلۆژیا و کەرەستە پەیوەندییەکانی) کاریگەریی تایبەتی خۆی هەبووە لەسەر تەواوی کەلێن و قوژبنەکانی ژیانی تاکەکەسی و کۆمەڵایەتیی نەتەوەی کورد وەک سەرجەم گەلانی دنیا و بەپێی زۆربەی لێکۆڵینەوە زانستییەکان گڵۆباڵیزاسیۆن لەم ساتەوەختەدا بەهۆی ئەم کەرەسانەی لەبەردەستیدایە، بووەتە هۆی ئەوەی کە پێناسە و ناسنامەی نەتەوایەتی و ناساندنی پرسی کورد لەسەر ئاستی جیهانی تۆختر و زەقتر خۆی بنوێنێ. بەڵام کە سەیری ئەم شوێندانەرییە لەسەر خودی نەتەوەی کورد دەکەی، دەبینی لەبری سازدانی وتارێکی هاوبەش یان لانی کەم نیزیک لێکتر، مەودا و کەلێنێکی زیاتری لەنێو کورددا سازکردووە، ئەگەر نەوە پێچ بەسەرەکە لە نەبوونی ئەم کەرەستانە خۆبەخشانە و بەکردەوە خۆی بەختی خەباتی نەتەوەیی کردووە، ئێستا جیلی تازە کە بەتەعبیری ڕابردوو سەرڕووتەکانن، بەبێ حزووری کردەوەیی تەنیاوتەنیا بە کەڵکوەرگرتن لە سۆشیال میدیا خەریکی بەرفراوانتر کردنی کەلێنەکان و مەوداکانن.
ئەوەی کە ئێستا نەوەی سەرڕووت کوردایەتی وەک ڕێبازی ژیان سەیر دەکا، بۆ نەوەی پێچ بەسەر نەک ڕێباز بەڵکوو خودی ژیان بوو، بۆیە حەولی ئەوەی دەدا ژیان و زمانی پاک و بێخەوش بێ، بەپێچەوانەی ئێستا کە لۆمپەنیزمێکی هەوسارپساوی سۆشیال میدیایی و پۆپۆلیسمێکی زاڵ بەسەر ئەم دنیا مەجازییەدا لەبری دەربڕینی بیروڕای ئازاد و کردنەوەی دەرگای دیالۆگ، بەردەوام خەریکی بڵاوکردنەوەی ژار و تۆوی دووبەرەکییە. ئەگەر خەون و خولیای نەوەی ڕابردوو بەئەنجام گەیشتنی خەباتی کورد بوو، ئەوە سەر ڕووتەکانی سەردەم خەونی گولی بە یەکترەوە دەبینن! [1]