$کێ ئامادەیە خۆی پیاوخراپ بکات؟$
#هێڤیدار ئەحمەد#
#02-09-2019#
28 ساڵی تەواوە خەڵکی ئێمە داوای چاکسازی دەکەن. ئەی بۆ ناکرێ، بە کێ دەکرێ، چۆن دەکرێ و چۆن سەرکەوتوو دەبێ؟ ئەمانە کۆمەڵێک پرسیارن و بەردەوام دەکرێن، لێرەدا وەڵامی هەندێکیان دەنووسم.
ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو 29-8-2019 پیاوێکی بەتەمەن لە دهۆک، یەک هەفتەبوو چاوەڕێم بوو بۆ ئەوەی یەکدی ببینن، ئەمە جاری سێیەم بوو لەگەڵ ئەم پیاوە دابنیشم، ئێستا ئامادەکاری دەکەم بۆ بینینی ئەم پیاوە بۆ جاری چوارەم.
لە شوێنێک دانیشتبووین زووزوو دەستی ڕادەکێشا بۆ گەندەڵی کەسێک، کە لە فڵان شوێنی ئەم شارە گەندەڵیکردووە، متمانەی نێوان خەڵک و حکومەت کەمبووتەوە. منیش لێم پرسی، چۆن متمانە لەنێوان خەڵک و حکومەت درووستدەکەین؟ هەندێک بێدەنگ بوو، کە قسەیکرد وتی، ئەم چیرۆکەت بۆ باسدەکەم، تۆش چۆن وەریدەگری کەیفی خۆتە. بەوردی گوێم لە هەموو وشەکانی گرت.
پیاوە بەتەمەنەکە وتی: ساڵی 1991 کە ڕژێمی سەدام حسێن، بەهۆی ڕاپەڕینەوە دەسەڵاتی بەسەر هەرێمی کوردستانەوە نەما، دوو جۆر خەڵک دەرکەوتن.
یەکەم: کۆمەڵە خەڵکێک بوون دەستییان بەسەر دامودەزگا و خانوو، عەمبارەکان و ئۆتۆمبێلەکان و شۆفڵی حکومەتدا گرت، خەڵکیش دەیوت ئەمانە قارەمانن.
دووەم: خۆی لەو کارە بەدوورگرت، بەکەسی نەزان و بگرە (جەبان) ناوییان هات. دەستەی یەکەم بەناسرووشتی دەوڵەمەندبوون، ئەوکات لە شوێنی گەندەڵی خەڵک دەیوت فڵان کەس (بەرپرس) یان فڵان کەس (کوڕی بەرپرس و کەس پێ ناوێرێ!) . ئەو بگرە و بەردەیە بەردەوام بوو تاوەکوو 1999، هەوڵدرا هەندێ ڕێوشوێنی بەرانبەر بکرێت، بەڵام هەر وەک خۆی مایەوە.
ئەم پیاوە لە درێژەی قسەکانیدا وتی ساڵی 1986جەنابی سەرۆک هاتە ئێرە و دەستیکرد بە وەرگرتنی ڕێوشوێنی تووند، خەڵک هەبوو سزادرا لە ئەندامییەتی سڕکرا، بە ئەندامی ناوچەشەوە و هەشبوون دەرکران، بەتایبەت ئەوانەی ئازووقەی خەڵک و حیزبییان بۆخۆیان دەبرد. ڕێوشوێنەکان تووندبوون، تەنانەت ئەو کاتە کاک ئیدریس وەفاتیکرد، جەنابی سەرۆک ماوەیەک لێرە مایەوە و بەردەوام بوو لە سزاکان و دواتر ڕۆیشتەوە. دوای ئەو سزادانانە، دەنگدانەوەیەکی یەکجار زۆر درووستبوو. گڕ و ڕۆتینێک لەنێو خەڵک و کادیری پارتیدا درووستبوو.
لە قسەی ئەم پیاوە بەتەمەنە کە لەسەر خۆی قسەیدەکرد و دەردەکەوێت، گەندەڵی و خراپکاری ڕەهەندێکی مێژوویی هەیە و کەڵەکە بووە. ئەی چۆن چارەسەر بکرێت؟ دەستی لێ هەڵگرین و هەروا بەردەوام بێ، یان دەبێ چاک بکرێ؟ باشە کێ خۆی پیاوخراپ دەکات و دەست بۆ مەلەفی گەندەڵی دەبات؟
هەندێ هەنگاو بۆ گەڕانەوەی متمانە لەنێوان خەڵک و حکومەت کە هیچ خەرجییەک و قانوونێکیشی ناوێ:
یەکەم: دوای پێکهێنانی حکومەت، قسەوباسی زۆر لەسەر گۆڕانکاریی ئیداری دەکرێ، بۆ ئەم گۆڕانکارییانە دەکەن؟ ئەمە سێ وەڵامی هەیە: یان هەندێک کەس دەمێکە لەو پۆستەدان، یانیش کەسەکە بەکەڵکی ئەو پۆستە نەهاتووە، یانیش گەندەڵ بووە؟ ئێ خۆ ناکرێ ئەوەی سیفەتی سێیەمی هەبێ، تەنیا بگۆڕدرێ و ڕەوانەی ماڵەوە بکرێ، بەڵکوو دەبێ بۆ خەڵک مەعلوم بێ کە دوای لادانی، ئیجرائاتی توندی لەگەڵ دەکرێ. بەمە دەڵێن چاکسازیی ڕاستەقینە و گەڕانەوەی حوکمی یاسا کە پشت بە خەڵک دەبەستێ.
دووەم: خەڵک بڕوایان وایە کە حکومەت دەتوانێ بەسەر هەموو کێشەکاندا زاڵ بێ، بەتایبەت ئەوانەی بە یاسا چارەسەر دەبن، بەڵام کە لە پێش چاوی حکومەت سەرپێچی لە یاسا کرا و حکومەت خۆی لێ بێدەنگ کرد، خەڵک بڕوای بە حکومەت نامێنێ و ئەمە ترسناکترین لەدەستدانی متمانەیە لەنێوان خەڵک و حکومەت.
سێیەم: دەبێ خەڵک بزانن ئەوەی لە چاکسازی دەگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی حکومەت، چی لێدێت و چۆن خەرج دەکرێ. چونکە پاڵپشتیی خەڵک بۆ حکومەت زۆر بەهێزترە لەپاڵپشتیی حیزب بۆ حکومەت.
چوارەم: ڕاگەیاندنی سەرجەم پۆستەکانی کارگێڕی بە دانانی مەرجی پێویست بۆ هەر پۆستێک لە ڕێگەی سیستەمێکی ئەلیکترۆنی بێ. هەر کەسێ مەرجی پێویستی نەبێ بۆی نەبێ تەقدیم بکات. بۆ نموونە (ئەگەر بۆ پۆستێک 50 کەس پێشکەشی کرد، 10 کەس لەوانە بەرزترین خاڵیان هەبێ وەک (تەمەن، بڕوانامە، زمان، ئەزموونی کارکردن، ڕابردوو... هتد) ئەو 10 کەسە لەلایەن لیژنەی تایبەت موقابەلە بکرێن و هەریەکە کارنامەی چوار ساڵی کارکردنی خۆیان پێشکەش بکەن، بەپێی کارنامەکە کەسەکە بۆ ئەو پۆستە هەڵبژێردرێ.
پێنجەم: کارنامەی حکومەت شەش مانگ جارێک یان ساڵانە بۆ ڕای گشتی ڕێژەی جێبەجێکردنی ئاشکرا بکرێ کە حکومەت لە چ پێشکەوتنێکدایە.
شەشەم: حکومەت ئەگەر نەتوانێ کۆنترۆڵی کەرتێک بکات بەهۆی گەندەڵییەوە، دەتوانێ بە ڕێگایەکی دیکە چارەسەری بکات، ئەویش سپاردنی ئەو کەرتە بە کەرتی تایبەت لەگەڵ کۆنترۆڵکردنی.
لە سەنگاپوورە چۆن وایان لە کەرتی تەندرووستی کردووە کەمترین پارە خەرج بکەن و لە هەمان کاتدا هێزی مرۆیی لەدەست نەدەن کە بەهۆی نەخۆشییەوە گیانیان لەدەست دەدەن؟
لە نزیکی هەموو گەڕەکەکان باشترین ئامێری وەرزشییان داناوە بەبێ بەرانبەر، بۆ ئەوەی خەڵک وەرزش بکەن و لە نەخۆشیی شەکرە و گوشاری خوێن و دڵ بەدووربن. سوودەکانی ئەمە چین؟
خەڵک کەمتر تووشی نەخۆشی دەبن و پارەیەکی باش بۆ حکومەت دەگەڕێتەوە لە دابینکردنی دەرمان کە زۆرزۆر لەوە زیاترە بۆ دانانی ئامیرە وەرزشییەکان تەرخان دەکرێ. خەڵکی سەنگاپوورە وایانزانی حکومەتەکەیان موهتەمە بە ژیان و تەندرووستییان و بەمەش حکومەت هەم متمانەی لەنێوان خۆی و خەڵکەکەی بەهێز کرد، هەمیش تەندرووستی خەڵکی خۆی دەپارێزێ. ئەوان گەورە بیریان کردووتەوە و گەورە بوونە.
پێویستە حکومەتی ئێمە لەسەر هەموو بازرگانێک ئەو خاڵە بسەپێنێ کە هەر خۆراکێک دەهێنێتە نێو هەرێمی کوردستان لەسەری نووسرابێ ئەم خوراکە چەند کالۆری تێدایە و بۆ تەندرووستی چۆنە، لەگەڵ ئەمەش باشترین کۆنترۆڵی هەبێ. خەڵک لەم کارانەوە وا هەست دەکەن کە حکومەت گرنگی بە ژیانی ئەوان دەدات و بەمەش متمانە دەگەڕێتەوە.
لە وڵاتی ئێمە تەنیا 10%ی خەڵک لە پلەی بەرپرسیارێتیدان، 90% ی خەڵک لەژێر حوکمی ئەو بەرپرسانەدان. نە داهێنانێک لەم وڵاتە هەیە، نە پشتبەخۆبەستن هەیە بۆ بەهێزکردنی پرسی ئابووری جگە لە نەوت! تەنانەت بە گوێرەی دوایین ڕاپۆرتی بانکی نێودەوڵەتی 24%ی گەنجەکانی کوردستان بێکارن. ئەمە ژمارەیەکی زۆر ترسناکە. دەبێ ئەوانەی بەرپرسن، کار بۆ ئەم خەڵکە بدۆزنەوە، نەک بۆ کوڕەکانی خۆیان. لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا تەنیا لە یەک شوێن 37 کەس دەستبەکاربوون کە زۆربەی ئەو کەسانەی لەوێ کاردەکەن دەوڵەمەند دەبن، زۆربەی زۆریان کوڕ و خزمی نزیکی بەرپرسەکانن و بەڵگەکەش لای من هەیە. دەبێ حکومەت قۆڵی بۆ هەڵماڵێ و بۆ ماوەیەک ڕوو لە خەڵکی خۆیشی بکات.
قسەیەک هەیە دەڵێ هەموو شتێک ڕەنگە فرسەتی دووەمی هەبێ، تەنیا متمانە نەبێ [1]