$ئێراق چاک دەبێتەوە؟$
#هێڤیدار ئەحمەد#
#09-10-2019#
لە 26ی مانگی ڕابردوو لە هۆتێل بابیلۆن بووین لە شاری بەغدا، لەوێ (ملتقی الرافیدین) هەبوو کە تایبەت بوو بە باسی ئاییندەی ئێراق و ناونیشانی مولتەقاکەش (العراق یتعافی) بوو، واتە ئێراق چاک دەبێتەوە. عەقڵی ئەکادیمی ئێراقی و نێودەوڵەتی لەو مولتەقایەدا کۆکرابوونەوە. خەریک بوو بڕوا بەو ناونیشانە بکەم.
$#حەشدی شەعبی# بۆ چییە؟$
جۆن ویلکس، باڵیۆزی بەریتانیا کە لەگەڵ محەمەد غەبان، وەزیری ناوخۆی پێشووی ئێراق و بەرپرسی ئێستای ئیدارەی هەموو هێزی حەشدی شەعبی و ئەحمەد ئەسەدی، ئەندامی پەڕڵەمان و گوتەبێژی حەشدی شەعبی لەسەر یەک ستەیج دانیشتبوون، بەپێکەنینەوە و بە مەبەست وتی: هەرچەندە ئێوە (شیعەکان -ئێرانییەکان) ئێمە بە شەیتانی مەزن دەزانن، من لێرەوە ڕای حکومەتی بەریتانیاتان پێدەڵێم لەسەر حەشدی شەعبی: ئێمە ڕێزی حەشدی شەعبی دەگرین، بەڵام ئەگەر ئێستا ئێراق دەست بکات بە چاکسازی لەڕووی سەربازی و ئابوورییەوە، ڕەنگە بە 15 ساڵی دیکەش لێی دەرنەچن.
پێش قسەی باڵیۆزی بەریتانیا، بەرپرسی ئیدارەی هەموو حەشدی شەعبی وتی: بۆ زانیاریتان هێزی حەشدی شەعبی لە 150 هەزار کەس پێکدێت. دوای ئەویش ئەحمەد ئەسەدی وتی: هێزی حەشدی شەعبی بەستراوەتەوە بە ئەمنی قەومیی ئێراقەوە، دەستبردن بۆ ئەم مەلەفە، دەستبردنە بۆ تەواوی ئاساییشی نەتەوەیی ئێراق!
باڵیۆزی بەریتانیا وتی: ئێمە کار لەگەڵ ئەمری واقیع دەکەین، حەشدی شەعبی هێزێکی سیاسی، ئابووری و سەربازییە.
لێرە دەرکەوت کە ئامانجەکانی پشتەوەی هاتنی #داعش# چی بوون. ئەو ئامانجانە خۆی لە چەند خاڵێکدا دەبینێتەوە:
یەکەم: لە 2014 کاتێ پێنج فیرقەی سوپای ئێراق و پۆلیسی فیدراڵی بە شەو و ڕۆژێک بەرانبەر 300 چەکداری داعش شکستیان هێنا، بۆ ئەوە بوو بڵێن سوپای دەوڵەت (کە 120 هەزار سەربازی هەبوو) ناتوانێ دەوڵەت بپارێزێ. حەشدی شەعبی درووستکرا و کران بەقارەمانی پاراستنی ئێراق، ئێستا لە هەر دانیشتنێکدا لە ئێراق دەبێ وەک هێزێکی پیرۆز باسی حەشدی شەعبی بکەی. محەمەد غەبان وتی: ئێستا هەیکەلی حەشدی شەعبی زۆر نزیکە لە هەیکەلەی وەزارەتی بەرگری! واتە زۆر ئاسانە سبەینێ ئەوان شوێنی سوپاش بگرنەوە.
دووەم: ئیرادەی سوننەکانی ئێراقی شکاند، کە چیدی هێزێکی دیکە نەبێ لە ئێراقدا بەرانبەر هێزی شیعە بوەستێ و هەر هێزێک دژی بەرژەوەندیی شیعە بوەستێ سەرکوتیان دەکەن.
سێیەم: ئەوەی لە ئێراق دەسەڵات دەگرێتە دەست، دەبێ بە موبارەکەی حەشدی شەعبی بێ، نەک تەنیا سەرۆکی حکومەت، بگرە سەرۆکی کۆمار و پەڕڵەمانیش.
چوارەم: ئێران حەشدی شەعبی وەکوو کارتی گوشار لە دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ئێراق و دەوروبەری بەکاردەهێنێ.
دەرهێنانی بەغدا لەژێر هەیمەنەی حەشدی شەعبی و ئێران، دەتوانین بڵێین مەحاڵە، چونکە نە دەرفەت و هێزی کودەتا هەیە، نە هێزێکی دەرەکی هێندەی ئێران بەهێز لەنێو ئێراقدا هەیە. تەنانەت ئەگەر مەترسییەکە بوو بە ڕاستیش، ئەوە بە فەتوایەکی دیکەی مەرجەعیەتی باڵا، ئایەتوڵڵا سیستانی، چۆن بۆ داعش حەشدی شەعبی درووست کرا، بۆ پاراستنی حوکمی شیعەش لە ئێراق فەتوا دەدات.
لە بودجەی 2019ی ئێراقدا 10 ملیار دۆلار تەنیا لە کەرتی ئەمنی و هێزی حەشدی شەعبیدا خەرج کراوە. ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەڕڵەمانی ئێراق لە شاری نەجەف بە منی گوت: لە 2020 بودجەی ئەمنی و هێزی سەربازی و حەشدی شەعبی زۆر لەوەی 2019 زیاترە!
لە ڕۆژی سێیەمی مولتەقاکە، من و سەعد بن تفلە ئەلعەجەمی، وەزیری پێشووی ڕاگەیاندنی کوەیت لە تەنیشت یەکدی دانیشتبوون، باس باسی گەندەڵی بوو لە ئێراق، منیش پێمگوت: ترستان نییە جارێکی دیکە ئێراق کوەیت داگیر بکاتەوە؟ وتی بۆ؟ گوتم، ئێ ئەو هەموو ملیار دۆلارانەی ئێراق بەشی ئەم هەموو گرووپانە ناکەن، ڕەنگە بیر لە ئێوە بکەنەوە و بڵێن پارەی زۆریان هەیە و دیسان کوەیت لەلایەن ئێراقەوە داگیر بکرێ. وەزیرەکە هەندێک تەماشای منی کرد و وتی وەڵڵا مەعقولە و هەموو کاتێ ئەو ترسەمان هەیە.
$لەدەرەوەی هۆتێلەکە چ باس بوو؟$
شارەزایی باشم هەیە لە ناوچەکانی بەغدا چونکە نزیکەی دوو ساڵ لەو شارە ژیاوم. بەنێو شاردا گەڕاین، ناوچەی کەڕادە، پێشتر یەکێک بوو لە ناوچە جوانەکانی بەغدا، ئێستا جگە لە لافیتەی ڕەش بۆ حسێن هیچی دیکە نابینی، تەنانەت یەک مزگەوتی تێدا نەماوە و هەموو بوونەتە حسێنییە و هەرچی سوننەیە ئەوێیان چۆڵ کردووە. دەچیتە نێو کۆڵانەکانی هەر ناوچەیەکی بەغدا جگە لە زبڵ و خاشاک و پیسی هیچ نابینی.
خەڵک لەوێ خۆپیشاندان دەکەن و دەڕژێنە سەر شەقامەکان، لەبەر ئەوەی بێکاری گەیشتووەتە سەرووی 70%، دەرچووانی زانکۆ و بێکارەکان ئەو بۆمبە تەوقیتکراوەن کە بە حکومەتدا دەتەقێن، دەڵێن گەندەڵی ڕۆژبەڕۆژ زیاتر دەبێ، سیاسییەکانی ئێمە هیچ چارەسەریان پێ نییە و جگە لە دابەشکردنی پشک لەنێوان خۆیان ئاگایان لە میللەت نەماوە.
دوای 16 ساڵ لە نەمانی ڕژێمی سەددام حسێن، پڕۆژەیەکی نوێ لە بەغدا نابینی، هێشتا بەغدای ساڵی 2003 یە. لەنێوان بودجەی 2018 بۆ 2019 تەنیا بۆ مووچە 16% زیاد کراوە، ئێراق لە داهاتی فیعلیی خۆی 51%ی دەداتە مووچە کە دەکاتە نزیکەی 37 ملیار دۆلار.
%70ی بودجەی ئێراق کە بۆ پڕۆژە دادەنرێ خەرج نابێت، کەسیش ناڵێ ئەو پارەیە بۆ کوێ دەڕوات؟
عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی ئێراق لە وتارەکەیدا بۆ خۆپیشاندەرانی ئێراق کە لە نیوەی شەوی #03-10-2019# بڵاوکرایەوە، وتی مووچە بۆ هەر ماڵێکی هەژاری ئێراقی دابین دەکەین. ژمارەی ئەو ماڵە هەژارانەی لە ئێراق هەن ملیۆنێک و 250 هەزار خێزانن. بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکانیش هەموو ساڵێ نزیکەی یەک ملیۆن کەس لە ئێراق لەدایک دەبن!
پارە دەدرێتە مووچە و مووچەش هەمووی دەڕواتە دەرەوە، بیر لە ئاوەدانیی ئێراق ناکرێتەوە، نە شەقام و ڕێگاوبان، نە نەخۆشخانە و خوێندنگا و پڕۆژەی ستراتیژی، تەنیا مووچە و مووچە. ئەگەر هەموو خەڵکی ئێراق مووچە وەربگرن و پڕۆژەی خزمەتگوزاری پێشکەش نەکرێ، خۆپیشاندان بەردەوام دەبن، ئێراق هەمیشە وڵاتێکی ناجێگیر دەبێ و لە ئاییندەیەکی نزیکدا (تعافی) نابینێ. [1]