$بەکارهێنانی کارتی کوژەک$
#هێڤیدار ئەحمەد#
#14-08-2020#
ئێستا سزای ئابووری گرنگترین کارتی سیاسییە بەدەست دەوڵەتەکان بۆ سەر ڕکابەرەکانیان. بگرە لەنێوەندە سیاسییەکان پێیدەڵێن کارتی کوژەک.
لە ڕێگەی بەکارهێنانی ئەم کارتە هەڕەشە بۆ سەر ئاساییشی نیشتمانی و ناسەقامگیری کۆمەڵایەتی درووستدەبێت. ئەوەی ئێستا ئێراق بە پشتیووانی دەوڵەتانی دەوروبەر و ئەوانەی ئێراقی نوێیان درووستکردووە بەرانبەر بە هەرێمی کوردستان دەیکەن درووست بەکارهێنانی کارتی کوژەکە.
بەکارهێنانی ئەم کارتە بو چەند مەرامێکە، ئەگەر نەڵێین بو لەنێوبردنی هەرێمی کوردستان و بندەستکردنی خەڵکی هەرێمی کوردستانە و گەڕانەوەیانە بۆ بەغدا، بو زەلیلکردنی ئەم میللەتەیە.
$دوو لایەن سزادەدەن ئەم جۆرە سزادانە دوو جەمسەرەیە:$
یەکەم: جەماعییە و دەیانەوێ خەڵکی هەرێمی کوردستان پێکەوە سزابدەن وەک ئەوەی ئێستا هەیە و لەبەر چاوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی خەڵکی هەرێمی کوردستان لەڕووی ئابوورییەوە بە تووندترین شێواز سزا دەدەن. لە مانگی چواری ئەمساڵ 2020 تا ئێستا ئێراق یەک دیناری بۆ مووچەی مووچەخورانی هەرێمی کوردستان نەناردووە.
کە دەبووایە بە گوێرەی بودجەی 2019ی ئێراق و یاسای ئیدارەی دارایی ئێراق لەو چور مانگە، حکومەتی فیدراڵی ترلیۆنێک و 865 ملیار دیناری بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی ناردبووایە.
ئەم سزادانە و برسیکردنی خەڵکی کوردستان لەبەرچاوی ئەمریکا، بەریتانیا، ئێران، تورکیا و نەتەوە یەکگرتووەکان دەکرێ و کەس ئامادە نییە بە بەغدا بڵێ، بۆ ئەم خەڵکە سزادەدەن!
مەعقولە 6 ملیۆن کەس نەبینرێ سزادەدەرێن، بەڵام ئەمریکا لە واشنتنەوە چەکدارێکی #داعش# دەبینێ و لێیدەدات؟
دووەم: سزادانی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان و زیاتر سزادانی #پارتی دیموکراتی کوردستان#ە، کە لە 25ی ئەیلوولی 2017 سازشی بۆ هیچ لایەنێکی دەرەکی نەکرد و ئەوەی (ئاشکرایە) بە پشتیووانی لایەنە کوردستانییەکان پێشڕەوی پڕۆسەی گشتپرسی کرد و 93%ی خەڵکی کوردستان دەنگی بۆ جیابوونەوە لە ئێراق دا.
ئەوانەی لە پشت ڕووداوەکانی 16ی ئوکتۆبەر بوون، بەهێزی ناوخۆ و دەرەکی هێشتا لە سزادانی خەڵکی هەرێمی کوردستان خۆش نەبوونە.و دەیانەوێ لە ڕێگەی سزادانی خەڵکی کوردستان وابکەن، متمانەی خەڵک بە دەسەڵاتەکەی کە زیاتر بەدەست پارتییەوەیە نەمینێ و لە چەندین سەکۆوە کار بۆ ئەوە دەکەن.
لە 2014 دیپلۆماتکارێکی گەورەی ئەمریکی لە شاری هەولیَر بەمنی وت گەورەترین کێشەی ئێمە لە ئێراق جەنابی بارزانییە، گوتم بۆ؟ گوتی بەڕاشکاوی هەندێجار بە ئێمە دەڵێ نا! و ئەوە کێشەیە بۆ ئێمە و خەڵکی کوردستانیش ئامادەیە گوێ لە ئامۆژگارییەکانی بگرێت!، هەروەها گوتی بۆ ئێوە (هەرێمی کوردستان) نییە نەوت بفرۆشن، گوتم ئەی کە ئێراق بودجەی ئێمەی بڕیوە چ بکەین و پارە لەکوێ بینین؟، گوتی دەبێ بگەڕیَنەوە بۆ باوەشی ئێراق....
جوتیاری هەرێمی کوردستان سیاسەت ناکات، بەڵام جوتیارانی کوردستانیشیان سزادان. بەغدا لەکاتی پێگەیشتنی بەرهەمی کشتوکاڵی ئەمساڵ، بڕیاری قەدەخەکردنی چوونی 27 جۆر بەرهەمی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستانی ڕاگەیاند کە نابێ بچێتە پارێزگاکانی ئێراق. ئەمەش جۆرێکی دیکەی سزادانی خەڵکی هەرێمی کوردستانە نەک تەنیا بڕینی مووچە و بودجە...هتد.
#وەزارەتی دارایی# ئێراق لە ڕێگەی دەرکردنی بەیاننامەیەک لە #13-08-2020# بۆ ئەوەی متمانەی خەڵکی ئێمە بە حکومەتەکەی کەمتر بکات ڕایگەیاند مووچەمان بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان ناردووە، بەڵام نەگەیشتووەتە دەستییان؟ هەروەها داخوازی زۆر لەلایەن مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانەوە بو ئێمە هاتووە کە ڕاستەوخۆ مووچەیان پێبدەین.
ئەمە سەرباری ئەوەی خاڵی یەکەمی بەیاننامەکەیان ڕاست نییە و حکومەتی هەرێمی کوردستان بە زانیاری و ئامار وەڵامی دایەوە کە چەند پارە بۆ هەرێمی کوردستان هاتووە، ئەوەی دووەم، بەڵێ لەلایەن هەندێک لە پەڕڵەمانتارانی کورد لە بەغدا ئەو داخوازییە کراوە، ئەمەش گفتوگۆیەکی دیکەیە .
ئەمریکا بە هەرێمی کوردستانی گوتووە، ناتوانم شتێکی ئەوتۆ بکەم، خوتان ئەم کێشەیە لەگەڵ ئێراق چارەسەر بکەن! حکومەتی ئێراق و ئەوانەی یاری لە پشت ئەم حکومەتە دەکەن یەک مەرامیان هەیە بەرانبەر خەڵکی هەرێمی کوردستان، ئەویش ئەوەیە: ئەو کوردەی 100 ساڵ خەبات دەکات بو ئازادی و خوێن دەڕژێ لەگەڵ حکومەتە یەک لە دوا یەکەکانی ئێراق، واز لە هەموو داواکاری خۆیان بێنن و تەنیا داوای مووچە بکەن لە بەغدا.
ئەندامێکی شاندی دانووستاندنکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا بە منی وت بەغدا بە ڕوون و ئاشکرا بە ئێمەی گوت، دان بە دەستوور و یاسا دانانیَین، وەرن ڕێکبکەوین!، گوتیشی ئامادەبووین هەموو نەوتی هەرێمی کوردستان ڕادەستی بەغدا بکەین، بەغدا هەر ڕازی نەبوو، ئەگەر مەرامیان شکاندن و سزادانی هەرێمی کوردستان نەبێت ئەمە چییە؟.
بەڕاستی ئەمە جگە لەوەی کارێکی نایاسایی و نامرۆڤانەیە بەرانبەر گەلی کوردستان، لەبەرئەوەی تەنیا لە ڕێگەیەکی دیموکراسییانەوە داوای مافی خۆیان کردووە، سزادەدرێن.
بەحوکمی ئەوەی ئەندامی پەڕڵەمانی کوردستانم لە فراکسیۆنی پارتی، چەند ڕۆژێکی کەم ماوە حیزبەکەم یادی 74 ساڵی دامەزراندنی دەکاتەوە و بە یەکێک لە کۆنترین حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەژمار دەکرێ و لە دەسەڵاتدایە. خەڵک لە دوو هەڵبژاردنی ڕابردوودا یەک لەسەر ئاستی ئێراق و ئەویدیکە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان زۆرترین متمانەی بە پارتی هەبووە و لە ئێراق 25 کورسی بەدەستهێنا و لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستانیش وەک گەورەترین حیزب هەڵبژێردراو 45 کورسی پەڕڵەمانی بەدەستهێناوە.
ئەوەی شاراوەو با#سنە#کراوە ڕۆڵی #نێچیرڤان بارزانی# سەرۆکی هەرێمی کوردستانە، کە بەردەوام بەبێدەنگی لەگەڵ بەرپرسانی ئێراق گفتوگۆ دەکات بۆ هێورکردنەوە و درووستکردنی ڕێککەوتن. ئەمجارەش گەیاندبوویە لێتگەیشتنێک لەگەڵ ئێراق و نزیککردنەوەی تەواو لە ڕێککەوتن، بەڵام ئالۆزبوونەوەی ڕووداوەکان، وایکردووە جارێکی دیکە خەریکی هێورکردنەوە و درووستکردنەوەی لێکتێگەیشتن و ئینجاش ڕێککەوتن بێت.
$دەبێ چ بکرێت؟$
پێویستە بو ئەم قۆناخە پارتی زۆر بەوردی و وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ ڕووداوەکان بکات و لەسەر ئاستی ناوخۆ پیَویستە هەرچی زووە کار بو یەکریزی نێوماڵی کوردی بکات. چاکسازی بووەتە داخوازی گشتی خەڵکی هەرێمی کوردستان و کادیری پارتی لە هەموویان زیاتر داوادەکەن، دەبێ ئیرادەیەکی بەهێز هەبێ بو ڕێگری لە گەندەڵی و خەڵکی بەتوانا و لێهاتوو دابنرێت کە هەست بە بەرپرسیارێتی دەکەن و ئەوانەی دەیانەوێ خزمەت بکەن، نەک ژیانی خۆیان مسۆگەر بکەن.
کورد تەنیا یەک کات دەتوانێ بەرانبەر بەغدا و هەموو هێزێکی دیکە بەهێز بوەستێ، کاتێک نێوماڵی خۆی ڕێکبخات و یەکڕیز بێت. کاتێک #کەرکووک#مان لەدەستدا، نەک تەنیا هەرێمی کوردستان زیانی بەرکەوت، پارچەکانی دیکەی کوردستانیش تێکشکان. [1]