$لە کۆنگرەی 14ی پارتی چ ڕوودەدات؟$
#هێڤیدار ئەحمەد#
#21-09-2022#
بڕیارە سەرەتای مانگی 11ی 2022 ، #پارتی دیموکراتی کوردستان# کۆنگرەی 14یەمی خۆی لە شاری #دهۆک# ببەستێت. پارتییەکان لە پێش هەموو لایەک، چاویان لەوەیە و دەپرسن لەم کۆنگرەیەدا چ ڕوودەدات؟ پارتی بەرەو کوێ دەچێت؟ ئینجا هەر ئەم پرسیارە، لەلایەن حیزبەکانی کوردستان، ئێراق و دەوڵەتانی ناوچەکەش دەکرێت و بەوردی چاودێریی ئەم پڕۆسەیە دەکەن، چونکە پارتی گەورەترین و کاریگەرترین حیزبی جەماوەری و سیاسییە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و ئێراق، بگرە کاریگەریی زۆری هەیە لەسەر بڕیار و سیاسەتی هەندێ دەوڵەتانی ناوچەکەش.
12 ساڵە پارتی کۆنگرەی نەکردووە، لە مانگی 12ی ساڵی 2010 کۆنگرەی 13ی لە پارکی سامی عەبدولڕەحمان لە شاری #هەولێر#، ئەنجام دا.
$بابێنەوە سەر پرسیاری سەرەکی، لەم کۆنگرەیەدا چ ڕوودەدات؟$
پارتی حیزبێکی دەوڵەتدار و حوکمڕانە و هەڵگری دۆزی میللەتێکە کە خەبات دەکات بۆ ئەوەی میللەتەکەی لەو قۆناخە دەرباز بکات بۆ قوناخێکی دیکە کە (دەوڵەتە) و دەستبەرداری ئەم ئامانجەش نەبووە و نابێت، چونکە پارتی پێش 76 ساڵ لە #16-08-1946# هەر بۆ ئەم ئامانجە دامەزراوە. دەکرێ بڵێین ئەمە کوورتترین پێناسەی پارتییە.
ئەگەر سەیری سینگی پارتی بکەن بۆ خۆ نەچەماندن و پاراستنی هەیبەتی میللەتەکەی تیری زۆری پێکەوتوون، شوێنێک لە جەستەی پارتی نەماوە برینێکی دژوار و سەختی لێ نەبێت، قۆناخی وەها هاتوون، کاریان کردووە بۆ نەهێشتنی ئەم حیزبە، بەڵام هەمیشە و لە ماوەیەکی کەم دا بەهێزتر لە جاران خەڵکی کوردستان دەستی پارتی گرتووە و گەڕاوەتەوە مەیدان. ئەم دەستگرتنەی خەڵک دوو هۆکاری سەرەکی هەن:
یەکەم: پارتی خاوەن ڕابەرایەتییەکی حەکیمە
دووەم: خەڵک دەزانێت ئەم حیزبە و ڕێبەرەکەی تاوەکوو ماون پاسەوانی دەرگەی دۆزی کوردن.
ئێستا گرەوی زۆر لەسەر پارتی دەکرێت، کە ڕەنگە بەدەردی هەندێ حیزبی دیکە بچێت و بکەوێتە قەیرانێکی گەورەی نێوخۆییەوە! ڕەنگە هەندێ جار لەنێو پارتییەکانیش ئەو پرسیارە درووست ببێت کە ئەم حیزبە چی لێ دێت؟
پارتی چی لێ دێت؟
ڕەگەز و پایە سەرەکییەکانی پارتی
1- بنەماڵەی بارزانی حەکیمترین بنەماڵەن کە ڕابەرایەتی دوو شتی لێکدانەبڕاو دەکەن. ئەویش پارتی و میللەتی کوردە، نەک تەنیا لە باشووری کوردستان، بگرە هەوێنی ئومێدی پارچەکانی دیکەی کوردستانن.
2- پەیوەندیی جەماوەری کوردستان بە پارتییەوە نەک پەیوەندییەکی (پێکەوەلکاوە) بەڵکوو پەیوەندییەکی ڕۆحییە.
3- مانەوە و چارەنووسی کوردستان و خەڵکەکەی بەستراوەتەوە بە مانەوەو چارەنووسی پارتی.
ئەم سێ ڕەگەزانە وادەکەن کە زۆربەی گرەوەکان لەسەر تێکچوون و لاوازبوونی پارتی پووچەڵ ببن.
پارتی لەبەرئەوەی حیزبێکی دەوڵەتدار، حوکمڕان و حیزبی هەڵبژاردن و هەڵگری دۆزی میللەتێکە، هیچ جارێک هەنگاوێک ناهاوێژیت، ناسەقامگیری درووست بکات. بە مانایەکی دیکە، هەیکەل و شێوازێکی وەها حیزبیانە داناڕێژرێت کە (موفاجەئە) بێت و مودێلێکی نوێ بێت، بۆ ئەوەی تێستی ئەوە بکات ئاخۆ سەرکەوتوو دەبێت یان نا.
لە کۆنگرەی 14دا جەنابی سەرۆک بارزانی، بناخەیەکی قایم و سەقامگیر دادەنێت بۆ ڕابەرایەتیکردنی ئەم حیزبە. چونکە ئەو ئاڵنگارییانەی لە بەردەم پارتی و هەرێمی کوردستان هەن لە ئاییندەیەکی نزیک و مامناوەند دا ئاڵنگاری ئاسان نین لێی دەرباز ببین، بۆیە سەرکردایەتیکردنی پارتی ئەوەندە تۆکمە و حەکیمانە دەبێت توانای ڕووبەڕووبوونەوەی هەر ئاڵنگارییەکی دەبێت کە چاوەڕوانکراون بێنە پێشەوە.
لەسەر ئاستی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتیش هیچ گۆڕانکارییەکی گەورە ڕوونادات کە ئەوانەی ئەم حیزبەیان لەگەڵ جەنابی سەرۆک بارزانی گەیاندووەتە ئەمڕۆ بڵێن دەستان خۆش و مەیدانەکە چۆڵ بکەن بۆ کادیری دیکەی حیزب. لەسەر ئاستی سەرکردایەتی، ڕەنگە هەندێ کادیری دیکەی نێو حیزب بۆ سەرکردایەتی پارتی سەربکەون کە هەڵگری پەیام و ڕێبازی پارتی و بارزانی دەبن و، درێژە بە خەباتی سەقامگیری پارتی و باشووری کوردستان دەدەن.
ئەوەی گرنگە ئەم کۆنگرەیە جیابکرێتەوە لە کۆنگرەکانی دیکەی پارتی، باسی ئافرەتە کە پێویستە مەکتەبی سیاسی ئافرەتی تێیدابێت، بەرپرسی لق، کارگێڕ لق و بەرپرسی ناوچە ئافرەت بن. دەبێ بەشێوەیەکی بەهێز پشتگیری ئەم بوچوونە بکرێت و سەربکەوێت.
ئەرکە قوورسەکانی بەردەم پارتی دوای کۆنگرەی 14
- پاراستن و زیادبوونی دەنگی پارتی بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتووی هەرێمی کورستان و ئێراق.
- دۆخی نێوخۆی کوردستان بە ئاڕاستەی سەقامگیری (سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری، ئەمنی)
- پەیوەندی لەگەڵ #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان#.
- پەیوەندی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی دیکەی کوردستان.
- درێژەدان بە ڕابەرایەتیکردنی دامەزراوە دەستووری و یاساییەکانی هەرێمی کوردستان.
- پەیوەندی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدای ناسەقامگیر.
- پەیوەندی هەرێمی کوردستان لەگەڵ دەوڵەتانی ناوچەکە و هێزە نێودەوڵەتییەکان.
ئەم هەموو ئەرکانە، ئەرکی قوورسن و بەشێکی هەرە زۆری پارتی لێیان بەرپرسیارە. [1]