ناونیشانی بابەت: ئەخلاق لە لوتکەدا تاقیدەکرێتەوە
ئامادەکردن: #مەدیحە سۆفی#
بوونی ئاشتی، بە مانای نەبوونی شەڕ نییە، کوا بوونی برسێتی و نایەکسانی و نەبوونی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی بە مانای بەرقەراربوونی ئاشتی دێت؟ کاتێ مافی مرۆڤ و مرۆڤایەتی بەگشتی، لەژێر زەبری پەرستنی ئایدیۆلۆژی، کورسی، پاراستنی پێگەی حیزب، کێبڕکێی ناعادیلانە یا سەرمایەداری پێشێل دەکرێ، بێگومان ئاشتی و خۆشگوزەرانی بەرقەرار نابن.
کوشتن و داپڵۆسین، قۆرخکردنی قووتی خەڵک، برسیکردن، مامەڵەکردن لەگەڵ ئیرادەی خەڵک وەکوو کۆیلە و ژێردەستە، لەهەر شوێنێکی جیهان و لەسەر هەر بستە خاکێک بێت، هەر تاوان و دەستدرێژی کردنە لەسەر مافی مرۆڤ بۆ ژیان وەکوو مرۆڤ، لەهەر کوێ بێت و بەهەر ڕەنگێک بێت، کاتێ لە دیسەمبەری ساڵی 2016 دا وێنەی سەعیدە باغیلی وەکوو مانشێتی سەرەکی (ڕۆژنامەی تایمز) ، جیهانی هەژاند و بووە ڕەنگدانەوەی دڕندەیی مرۆڤ بەرانبەر بە خودی مرۆڤ خۆی، هەر ئەو کاتە نەک هەر مرۆڤایەتی تەواوی یاسای مرۆڤایەتی کەوتە ژێر پرسیارەوە، سەعیدە باغیلی کچێکی هەژدەساڵی یەمەنیە بەهۆی شەڕ و وێرانکاری و برسێتییەوە، کێشی جەستەی لە دە کیلۆ کەمتر ببوو، ئەو تەنیا قوربانی شەڕی هەیمەنە و دەسەڵات نەبوو، کاتێ لە کۆتایی ساڵی 2014 و سەرەتای ساڵی 2015 دا شەڕی نێوان سعودیە و یەمەن هەڵگیرسا، زیاتر لە 17 ملیۆن کەس، زۆر بەبێدەنگی و دوور لە کامێرای ڕاگەیاندن، تووشی ماڵوێرانی و ئاوارەیی و برسێتی بوون، لە ساڵی 2017 وە بەهۆکاری بڵاوبوونەوەی پەتای کولێراوە، نزیکەی ملیۆنێک تووشی نەخۆشی بوون و لەبەر سەختی جوگرافیا و دۆخی شەڕیش یارمەتییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانیش نەدەگەیشتنە ئەو دەڤەرەی خەڵکێکی زۆر لە ژیر زەبری برسێتی دەیانناڵاند، ئەمە هەر شەڕی نێوان شیعە و سوننە نییە، ئەمە ئەو ڕاستییەیە، کە هەندێ لە سەدەی بیست ویەک، هەژار و بێ دەسەڵاتن دەبنە سوتەمەنی شەڕی نێوان گرووپ و لایەن و هێزە جیاوازەکان کە تەنیا خاوەنی چڵێسی کورسی و گیرفان و پایەن، لەبرسا دەمرن، یا دەکرێنە قەڵغانی خۆپاراستن بۆ هێزە دژ بەیەکەکان.
هەر سەعیدە بەغیلی نا، کە برسی کرا و جەستەی بووە ئێسکێکی ڕووت و سەرنجڕاکێش بۆ جیهان، محەمەد بولعەزیز، گەنجێکی تونسی تەمەن بیست و حەوت ساڵی دەرچووی زانکۆ بوو، بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیان سەوزەفرۆشی نێوبازاڕ بوو، لەبەر نەبوونی گڕی لە جەستەی بەردا و کۆچی دوایی کرد، خۆ هەر مرۆڤ بوو، هەر برسی و نەبوون و سەرلێشێواو بوو، ئەو مردنەی بووە کڵپەی هەڵگیرسانی ڕاپەڕین و بەهاری عەرەبی، مردنێک لە ژیر زەبری دەستەڵاتێکی دیکتاتۆر. نموونەی برسێتی زۆرن، جیاوازیشن، وەلێ هۆکارەکانی جیاواز نین، کە هەڵپەی دەسەڵات و مانەوە لەسەر کورسی و ئایدۆلۆژیا پەرستن و (جمود عقائدي) ە.
هەر سەعیدە بەغیلییش نا، ئەوە شۆڕشی ڕزگاریخوازی کوردستان، پاش ئەو مێژووە خوێناوییە، ئێستا ئەوەی ڕەگی ئینتیمابوون، وابەستەیی، شکۆ و شانازی بێت بە خاک و نەتەوە وە، لە سایەی ئەم دەستەڵاتە برسیکەر و داپڵوسێنەرەوە هەمووی وشک و برینگە، ئێمە چەندین سەعیدە و ئەبولعەزیزمان هەن، چەندین گەنج خۆی هەڵواسی و چەندینیتر خۆی سووتاند، لەبەر ئەوەی، نەک هیچ بەرچاوڕوونیەکیان نەبوو بۆ ژیان، بەڵکوو ئەوسەری تەنافی بێئومێدیەکەش دیار نەبوو، سی ساڵە، هەر ئەو دەبە و بەرمیلە نەوتەی سەر شەقام و لاکۆڵانەکانە بۆ فرۆشتنی نەوت و بەنزین، هەر ئەو بێ ئاوی بێ کارەباییەیە، هەر ئەو بێ کاری و گیرفان بەتاڵییەیە، هەر ئەو چاوەڕوانی و ڕەشبینیەیە، کە ئیتر میللەت هیچی نەماوە بۆ لەدەستدان.
سەنگاپور، بە ماوەی دوو ئەوەندەی ماوەی ئازادی کوردستان، بوو بەو دەوڵەتەی پێی بڵێن (سویسرای ئاسیا) ، لە ساڵی 1965 دا، دابرانی خۆی وەکوو فیدراسیۆنێک لە مالیزیا ڕاگەیاند، ئەو کاتە تەنانەت خاوەنی ئاوی شیرینیشی نەبوو، هەبوو و نەبوو تەنیا ئیڕادە و ویستی خۆبەڕێوەبردنێکی سەرکەوتوو بوو لەلایەن لی کوان یوەوە، ئیڕادەی حوکمڕانی باشووری کوردستانیش، ئەگەرچی خاوەن داهاتێکی سرووشتی زۆر و سامانێکی مرۆیی گەنجە، کە بناغەی سەرهەڵدان و گەشەکردنن، وەلێ داهات تەنیا بۆ چیمەنتۆ کردنی پایەی حیزب و قۆرخکردنی هێز و هزر و سەبری ئەم خەڵکە ماندووەیە، تەنیا بۆ تاڵانکردنی ئەو سامانەیە کە نەک بەشی نەوەی داهاتوو هەڵناگیرێ، نەوەی ئێستاش برسی و بێ نەوت و نانە، ویست و ئیرادەی حوکمڕانی لە باشوور سەرکەوتنە بەسەر لاشەی هزری جیاواز و ڕامکردنی جیاوازیەکانە لەژێر باڵی دیکتاتۆریەت بەناوی حکومەتی بنکە فراوانەوە، بنکەفراوانێک کە تەنیا مەدرەسەی داپڵۆسین و تاکڕەویە.
هیچ گومانێک نییە لەوەی، لە ئەمڕۆدا پارە حوکمی سەرەکی دەکات، هەر ئەو پارەیەش، ئەگەر بۆ پاراستنی پێگە و دەستەڵات و کورسی بێت، بەدڵنیایییەوە دادپەروەری و یەکسانی پێشێل دەکات و دیکتاتۆری پەروەردە دەکات، کاتێ ئەندام پەڕڵەمانێک بە دەنگی خەڵک و بە چەپڵەڕێزان بۆ چەکەرەکردنی ئومێدێک، دەبرێتە سەر کورسیی پەڕڵەمان، لەوێ وەکوو چرای نەوت دەکوژێتەوە و هێزی ڕووناکی نامێنێ، دەکەوێتە ژێر سیحرێکەوە، نازانی ناوی بنێی چی، چوارساڵ جارێک کۆمەڵێ خاشاک دەنێررێتە پەڕڵەمان، بێئەوەی تۆزقاڵێک برسێتی، هەژاری، نایەکسانی و ئازادی بیروڕا گۆڕانێکی ئەوتۆی بەسەردا بێت، چەندین کابینەی حوکم گۆڕا، وەلێ ڕێسای حوکم نەگۆرا، لەبەرئەوەی پارە حوکمی هزر و بیرکردنەوەی ئەوانە دەکڕێت کە ڕەهەندی مرۆڤایەتی تیایاندا فەیک و ساختەیە لە لایەکەوە، لەلایەکیترەوە ترۆپکی حوکم تاکڕەوە و مەحاڵە کەسیتر بتوانێ ڕیچکەیەک بەرەو ئەوێ بدۆزێتەوە، هەر کاتێک هەڕەشەیەک لەو ترۆپکە نزیک بێتەوە، ئەخلاقی ئەو کەسانەت بۆ ئاشکرا دەکات کە لەو ترۆپکەدا دەسەڵاتن.
خۆخەڵەتاندن لەژیر سێبەر چاکسازی مەودای هەیە و دەمێکیشە تەواو بووە، ڕووداوەکانی جیهانیش ئەوە دەردەخەن، کە وەستان بەرانبەر ناعەدالەتی باجەکەی قوورسە، نموونەی ئیدوارد سنۆدن و ژولیان ئەسانج لەسەر ئاستی جیهان، سەردەشت عوسمان و کاوە گەرمیانی و سۆرانی مامەحەمە و زۆریتر لەسەر ئاستی باشووری کوردستان، تەنانەت خەریکە لەبیردەکرێن، بۆیە باشوور لە ئێستادا لەژێر سێبەری ئاشتیدا ناژی، تا نەیەڵین تێکبەچێت و بشێوێ، بەڵکوو لەژێر سێبەری توڕەبوونێکدایە، کە بە دەرمانی سڕکردن دانامرکێتەوە، بە هەڕەشەی نەبوونی بەدیلیش، ئاشتی بەرقەرار نابێ، ئەمڕۆ برسێتی بۆ خەڵکێکی زۆر هەرەشەی مردنە، هەڕەشەی ڕوشاندنی شکۆ و کەڕامەتە.
کێ لە خەمی پەروەردە و تەندرووستییە؟ کێ لە خەمی زانست و مەعریفەیە؟ ئەوەی لە گۆڕەپانی حوکمدا لە ئارایە، تەنیا تاکڕەوی و چاندنی ترس و سام و برسیکردنی خەڵکە، لە ئێستاشدا دڵنیاین وا هەناوی خەڵکی بێدەرەتان و بێکەس لەبرسا دەکوڵێ، لەسەرما دەلەرزێ، کەی لە توڕەبووندا دەتەقێتەوە؟ ئەوەیان دیار نییە. [1]