ناونیشانی بابەت: ڕاوێژکارەکان چۆن ڕوبەڕوی قەیرانەکان دەبنەوە؟
ئامادەکردن: #مەدیحە سۆفی#
زۆربەی ئەو دەوڵەتانەی، کە بەرهەمهێنەری وزەن (نەوت و غازی سرووشتی) ، وەکوو دەوڵەتی ڕەیعی دەمێننەوە، بوارەکانی بەرهەمهێنان تێیانە سستن. کۆمەڵگەکانیشیان هەر چاولەدەست و نووستوو و دابڕاو و نائاگا و بێبەش لەو سەرچاوانەی، کە دەتوانن گۆمی ئەو ژیانە وەستاوە بشڵەقێنێ و ژێرخانە ساردوسڕەکەی هەڵتەکێنێ، دەمێننەوە. تاکی نێو کۆمەڵگە لەو دەوڵەتانەدا وەکوو تاکێکی هیچ لەبار و بێسوود، لە زۆربەی کاتیشدا وەکوو بار و گێرەشێوێن لەلایەن دەوڵەتەوە ناوزەدە و ڕیزبەند دەکرێن، لە کاتێکدا سامانی مرۆیی بڕبڕەی پشتی گەشەسەندن، پەرەسەندن، گۆڕان، زیندووبوونەوە، بەرهەمهێنان، داهێنان. پێشکەوتن و بوژانەوەیە، ئەگەر تواناکانیان لە کایەی بەرهەمهێنان و کار خزمەتگوزاری و ئەرکدا بخرێنە گەڕ.
یەکێک لەو پێشهاتە چاوەڕواننەکراوانەی، کە لە ئێستادا وەکوو لەمپەڕ و ڕێگری ژیان لە هەموو کونجێکی سەر گۆی زەوی خۆی دەنوێنێ، بڵاوبوونەوەی ئەم نەخۆشییە درمەیە بەهۆی ڤایرۆسی کۆڕۆنا کە بە (کۆڤید19) ناودەبرێت. بڵاوبوونەوەی ئەم پەتایەش ڕەوڕەوەی هەموو بوارەکانی وەکوو ئابووری، ئاڵوگۆڕ، هاتوچۆ، کەلتووری، بەرهەمهێنان، پەروەردە و خوێندنی سڕکردووە یا وەستاندووە، جگە لەوەی سام و ترس و دڵەڕاوکێی زۆری لەناو خەڵکدا بڵاوکردووەتەوە. ئەمەش لەسەر ئاستی جیهاندا و لە دوای پەتای ئیسپانیەوە لە ساڵی 1920وە، یەکەم پەتایە بەو شێوە چڕە جیهان ئیفلیج بکات، لە کوردستانیشدا تا ئێستا بەگشتی ئەو دڵەڕاوکێیە هەر بەهۆکاری باری سیاسی و ئیقلیمیەوە بووە، یا ترس لە هێرشی ڕژێمی بەعس، یا شەڕی ناوخۆ، یا بەهۆی ترس لە هێرشەکانی داعش و لێکەوتەکانیەوە بووە، لێ ئەم جارەیان بەهۆی تەشەنەکردنی درمێکی نوێ و نەخوازراوەوە، کە زۆربەی وڵاتانی گرتووەتەوە و هێشتا جڵەوی بەرگرتنەوەی لە دەستی کەسدا نییە، زاناکانی وڵاتە پێشکەوتووەکان، بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک، لە کونجی تاقیقەکاندا ئاخنیوە.
ئەگەرچی لەبەر نائاشنایی زانست بە سیفاتەکانی ئەم ڤایرۆسەوە و لەبەر بوونی پڕۆسەیەکی درێژخایەن بۆ گەیشتن بە چارەسەرێک، بەم زوانە ناتوانرێ وا بەپەلە داهێنانێک لە بواری پێکۆتاندا ڕابگەیەنن، بەڵام هەوڵەکان بەچڕی بەردەوامن. هەمووشیان خوازیاری ئەوەن کە شەرەفی داهێنانەکەیان بەرکەوێت، چ لە ئەمریکا، چ لە ئەڵمانیا و چ لە چین، لێ هەنگاوەکانی ئەڵمانیا زۆر تۆکمە و بڕواپێکراون و ئینستیتوتی بایۆتەکنەلۆژی کورێ ڤاک لەم بوارەدا، بۆ ڕزگارکردنی هەموو مرۆڤایەتی لە ڕوبەڕوبوونەوەی ئەم درمەدا سەرقاڵی ئەو داهێنانەن.
ئەوەی لە قۆناغ و پێشهاتێکی لەم شێوەیەدا دەبێتە ئاوێنەیەکی ڕوون و کۆمەڵگەکەی تێدا ڕەنگدەداتەوە، ئەو کزەخاڵ و کەلێن و کەمتەرخەمییانەن کە لە میانەی کایەکانی فەرمانڕەواییدا و بەدرێژایی زیاتر لە چارەکە سەدەیەک کەڵەکە بوون، لەگەڵ سەرهەڵدانی دۆخێکی لەناکاوی ئاوادا دەبێتە سەرچاوەی پشێوی و شڵەژان و دڵەڕاوکێ بۆ سەرجەم دانیشتووان. هەرێمی کوردستان، لە سرووشتی سەوز زیاتر، کە لە ئێستادا وشکە، خاوەنی هیچ سەرچاوەیەکی سرووشتی نییە، کە ببێتە مایەی دڵنیابوون بۆ دابینکردنی ئاساییشی خۆراکەکەی. بواری کشتوکاڵ و پیشەسازی، وەکوو دوو سەرچاوەی بەرهەمهێنانی بژێوی و پێداویستییە بنەڕەتییەکانی ژیان ئەژمار دەکرێن کە هەریەکێکیان تەواوکەری ئەوی تریانە. ئەو دوو بوارەی کە، ئاو، خاک ، دەستی کار، تەکنەلۆژیا، وزە و پسپۆری پێویستە، جگە لەوەی وابەستەی هەندێ لە چەمکەکانی دیکەی بوارە جیاوازەکانیشە، پێویستیشی بە شارەزا و ڕاوێژیکاری تایبەتمەندن، کە بەقووڵی بۆ زانست و دابینکردنی ئاساییشی ئاو و خۆراک کار بکەن و هەمیشە حکومەت لە بوونی یەدەگی تەواو لە پێداویستییە بنەڕەتییەکان ئاگادار بکاتەوە، نەک بۆ ڕیزکردنی ستایشی کاری حیزبی، بەڵکوو کارێک دەوڵەمەند بێ بە داتا و ستاتیستیک و بەیانکردنی کەلێن و کەموکوورتییەکان، ئەرکێک لە دەستپێکی پلاندانانێکی تۆکمە و درێژخایەن و ڕایەڵکراو لەگەڵ هەموو ئەگەر و پێشهاتەکاندا، لە ڕوودانی هەموو ئەگەرێکدا قاڵ بێتەوە و پێشبینی کارەساتە سرووشتی و ناسرووشتییەکان بکا، بۆ هەموو ئەگەرێک ئەڵتەرناتیڤێکی تێروتەسەلی بۆ چارەسەرکردن هەبێت، ئەم پێشنیارە، بۆ ئەو شوێنانە دەبن کە خاوەن وزەن بەڵام نایانەوێ تەنیا فەرمانڕەواییەکی ڕەیعیان هەبێ، بەڵکوو سامانە مرۆییەکە ڕادەچڵەکێنن و دەیانخەنە گۆڕەپانی کاروکردارەوە و بەرهەمهێنەر بن، دڵنیا بن لەوەی کە بۆمەودایەکی درێژخایەن، دڵنیایی ببەخشێتە ژیان، تاک بتوانێ لە میانەی ئەو دڵنیاییەدا پلانڕێژی بۆ داهاتووی بکات، نەک لە بێزاریا سەرخۆیان هەڵگرن.
ئەوەی باسی دەکەین، بە خستنەگەڕی کەسانی خاوەن پاشخانی زانستی و ئەزموونی زانستی و ئابووری و پلاندانان دەبێ، بەو شارەزاییەی، کە بەبێ داتا و بەیانات و پلان و پێوان و دیاریکردنی مەودا و کات، نەتوانێ هیچ دەرئەنجامێک بخاتەڕوو، بەوانە دەکرێ کە توێژینەوەکانیان مەیدانیە و لەپێناو جوڵە پێکردن و تێهەڵکێشکردنی کۆمەڵگە و حکومەت پێکەوە ئەنجام دەدەن، ئەوانەی بۆ سەرخستنی زانست و کاریگەریی زانست لەسەر گۆڕانی ئەرێنی، نەک بۆ منەتکردنی حیزب و دەستکەوتی حزبی کار دەکەن، ڕاوێژکار دەبێ تایبەتمەندییەکی زانستی لە بوارێکدا هەبێ، توانای بەسەر گۆڕاندا بشکێ، دەستی کراوە بێ، مەودای بۆ تەرخان بکرێ پاشان ئەنجامی کارەکەشی، وەکوو بەڵگەی سەرکەوتن، بسەلمێنێ.
ئەگەر لە ڕابوردوودا، بوژانەوەی ئەو بوارە سەرەکیانە لە توێی کاری فەرمانڕەواییدا لە میانەی ئەو سی ساڵەی ڕابوردوودا پەیڕەو بکرایە، بەو هەموو داهاتی وزەیەی کە هەبوو و هەیە، لە ئێستادا ئەم قەیرانە ئابووری و کارەساتە سرووشتی و ناسرووشتییانە، یا لە ئەگەری هاتن و نەهاتنی مووچەدا، ئەوەندە خەڵک نەدەبوونە قوربانی ئەو بارودۆخە، وڵاتی چین لە دوای هەشتاکانەوە، وەکوو سیاسەتی نێوخۆ کۆمۆنیستە، وەلێ وەکوو سیاسەتی ئابووری سەرمایەدارە، بۆیە دەتوانێ نانی هەموو دونیا بدات و لە 2014 وە لە بواری ئابووریدا، لە ڕیزبەندی پێش ئەمریکاوەیە، ئەمە بەراورد نییە، ئەمە توانای گۆڕینی پلان و دۆزینەوەی ئەلتەرناتیڤە، کە بە کاریزمای سیاسی دەکرێ، ئەوەی ئێمە نیمانە.
ئابووری دەستەڵاتە، بەڵام دەتوانێ ببێتە دەستەڵاتێکی ئەرێنیش، کە جگە لە هەڵسانەوەی سێکتەرە جیاوازەکان، لە سایەیشیدا زانست و توێژینەوە و لێکۆڵینەوە و پۆڵینکردنی چارەسەرەکان، ببنە ئەرک و بودجەی تایبەتی بۆ دابینبکرێ. ئابووری بڕبڕەی پشتی بوژانەوە و بەردەوامییە، ئابووریی بەهێز هەمیشە زمانی زاڵبوونە بەسەر ئەو کێشە لەناکاوانەی دێنەپێش، دەتوانێ هاوسەنگی داڕمان هەرەسهێنان ڕابگرێ، ئاساییشی نیشتمانی بپارێزێ، بە مەرجێک ئەگەر ئەو ئابوورییە موڵکی حیزب و بە ناوی خودی بانکی تایبەتی و ڕەوانەی بانکی دوورەدەست نەکرێ. لە ئێستادا و لە میانەی ئەم پەتا جیهانییەدا، پارەی سپی بۆ ڕۆژی ڕەش دەنگ دەهێنێ، زۆربەی وڵاتە ڕۆژاوایییەکان، بە ژمارە دەدوێن، بە ژمارە باری لەقی چینی ناوەڕاست و باری دەروونی خەڵک ڕادەگرن و پاڵپشتی هەرەسی ئابووری هاونیشتمانین.
ئەوەی گرنگە ئەوەیە چۆن ڕاوێژکار و شارەزا بۆ بەڕێوەبردن هەڵدەبژێررێ؟ دەبێ چی بکات؟ چونکە لە کاتی قەیرانەکاندا، دەبێ قسەی هەبێ، ڕێگا چارەی زانستی بدۆزێتەوە، تێبینی پێشهاتەکان بکات، دەبێ بۆ تۆکمەکردنی بڕیارەکانی حکومەت پرسی پێ بکرێ و بە داتا و بەیاناتی ناوەند و ئینستیتوتەکانی گەشەکردن، تەندرووستی، توێژینەوە، ئابووری، دارایی، هاتوچۆ و پەروەردە و تەنانەت دەروونیشەوە، تاوتوێی دۆخەکە بکات. [1]