ناونیشانی بابەت: گرنگی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی
ئامادەکردن: #نەوشیروان حسێن سەعید#
پێش ئەوەی باسی گرنگی ‘بیرکردنەوەی ڕەخنەیی’ بکەین، با سەرەتا لە ‘بیرکردنەوەی ناڕەخنەیی’یەەوە دەستپێبکەین. لە بیرکردنەوەی ناڕەخنەیییدا، هەموو شتێ کە دەیبیستین و دەیخوێنینەوە و بەرچاومان دەکەوێ و بۆمان باسدەکەن، وەکوو خۆی وەریاندەگرین، بێ ئەوەی کەمێک بوەستین و بیر لەوە بکەینەوە کە ئاخۆ ئەو شتانە چەند مەعقولن و چەندە پاساوی لۆجیکییان هەیە.
لەسەر ئاستی تاک، بە وتەی کارل پۆپەر (1902- 1994) ، ئەگەر ڕەخنەگرانە بیرنەکەینەوە، هەمیشە ئەوە دەدۆزینەوە کە دەمانەوێ. بۆ شتێ دەگەڕێین و دەیدۆزینەوە، ئەوەیشی کە مەترسیدارە بۆ قەناعەت و تێڕوانینەکانمان، خۆمانی لێ لادەدەین و نایبینین.
لەسەر ئاستی کۆمەڵگەش، خراپترین جۆری کۆمەڵگە، بە تێڕوانینی پۆپەر، ئەو کۆمەڵگە داخراوەیە کە بە شێوەیەکی مەرکەزیی لە سەنتەرەوە کۆنترۆڵ کراوە و ڕێگە بە دەربڕینی بیروڕای جیاواز نادات. بەپێچەوانەوە، ئەو کۆمەڵگە کراوانەی کە ڕێگە بە گفتوگۆی ڕەخنەیی و بوونی موعارەزە دەدەن، دەتوانن باشتر کێشە سیاسی و ئابووری وکۆمەڵایەتییەکانیان چارەسەر بکەن.
لێرەدا ناچمە سەر پێناسە جۆراوجۆرەکانی ‘بیرکردنەوەی ڕەخنەیی’، بەڵام جەوهەری هەموو پێناسەکان جەخت لەسەر چەند خاڵیک دەکەنەوە، وەکوو بەکارهێنانی عەقڵ، هەڵسەنگاندنی بەڵگەکان، پرسیارکردن، بابەتیبوون و دورکەوتنەوە لەلایەنگیریی و حوکمی پێشوەخت. دیارە بیرکردنەوەی ڕەخنەیی بۆ ئەوە نییە بەردەوام نێگەتیڤ بین، بەڵکوو مەبەست لێی دۆزینەوەی چارەسەرە بۆ کێشەکان.
لە ڕۆژاوا، بیرکردنەوە ڕەخنەیییەکانی زانایانی وەکوو کۆپەرنیکۆس و کیپلەر و گالیلۆ و نیوتن و ئەنیشتاین و پۆپەر سەبارەت بە زانست و گەردون، کۆتایییان بە هەندێ بیرۆکەی هەڵە هێنا کە زیاتر لە هەزار ساڵ بو ڕەگی داکوتیبو. بەبێ ئەو زانایانە، ئەستەم بو مرۆڤایەتی بتوانێ بگاتە ئەم ئاستەی ئێستا لە پێشکەوتنی زانستیی. خۆ ئەگەر بیرکردنەوە ڕەخنەیییەکانی فەیلەسوفانی وەکوو دیکارت و سپینۆزا و لایبنیز و لۆک وهیوم و ڤۆڵتێر و ڕۆسۆ و کانت و شۆپینهاوەر و هیگڵ و نیتشە و میڵ و هایدگەر و ڕەسڵ و ئەوانی تر نەبوایە، زەحمەت بو ئەو هەموو گەشە و گٶڕانکارییە فەلسەفیی و فیکرییە ڕوبدات کە تا ڕادەیەکی زۆر ڕەوتی مێژوی ڕۆژاوایان گۆڕی.
لە هەرێمی کوردستاندا، چەندین کۆسپ هەن لە بەردەم بیرکردنەوەی ڕەخنەیی. بۆ نموونە، لەبەرئەوەی سیستەمی پەروەردە و خوێندنی باڵا تا ڕادەیەکی زۆر پشت بە تەڵقین و لەبەرکردن دەبەستێت، بۆیە توانای بەرهەمهێنانی فێرخوازێکی بیرکەرەوەیان نییە. بێ بیرکردنەوە و خوێندەوەی ڕەخنەییش، زەحمەتە هیچ داهێنانێک لە هیچ بوارێکدا بەدیبێت. جگە لەوەش، ئەگەر هەموو شتێ بێ پرسیارکردن وەرگرین، ئەوکاتە زۆر بەئاسانی فریودەدرێین و ئیستیغلال دەکرێین، بەتایبەتی لەم سەردەمی فەیک نیوزە و لە سایەی ئەو هەموو میدیا سێبەرەوە کە شت و ڕووداوەکان بەو شێوەیەی کە خۆیان دەیانەوێ بۆت دەگوازنەوە نەک بەو شێوەیەی کە لە ڕاستییدا هەن و ڕودەدەن.
جگە لە کۆسپی پەروەردەیی، چەندین کۆسپی دیکەی سیاسیی و کولتووریی دیکەش هەن. لەڕوی سیاسییەوە، بۆ نموونە، لە سەروبەندی ڕیفراندۆمەکەدا، یەک کەس لەسەرەوە لەجیاتی هەموان بیریکردەوە و بڕیاریدا. لەو کاتەدا هەر دەنگێکی ڕەخنەگر زۆر بەتوندی بەرپەرچ دەدرایەوە و چەندین تۆمەتی وەکوو “خیانەت و خۆفرۆشی و بێگانەپەرستیی” پێوە دەلکێنرا. کەچی لە ئەنجامدا دەرکەوت تێڕوانین و بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانەی ڕەخنەگران ڕاست بو. لەڕوی دینییەوە، بەربەستەکان قوڵتر و خراپترن. هەر جۆرە خوێندنەوەیەکی نوێ بۆ دەق و هەر پرسیار-درووستکردنێک لەسەر ڕووداوە مێژویییەکان و لەسەر هەندێ ڕیوایات، خاوەنەکەی دوچاری “تەکفیر و تەبدیع” و چەندین ناو و ناتۆرەی ناڕەوای دیکە دەکاتەوە، بۆیە؛ بیرکردنەوەی ڕەخنەیی پێویستی بە ڕەخساندنی زەمینەی ئازادیی بیرکردنەوەیە.
گرنگە هەمیشە لە یادمان بێت کە بیرکردنەوەی ڕەخنەیی لە لایەکەوە هۆکارێکە بۆ گەشەی فیکرییمان لەسەر ئاستی تاک. لە لایەکی دیکەوە، ڕێگرە لە درووستبوونی تاکڕەویی و خۆسەپاندن و دیکتاتۆریەت لەسەر ئاستی کۆمەڵگە.
بە مانایەکی دیکە، بیرکردنەوەی ڕەخنەیی، تاکێکی هۆشیار درووستدەکات. تاکی هۆشیاریش هەوێنی درووستبوونی کۆمەڵگەیەکی گەشەسەندو و پێشکەوتووە. لە کۆمەڵگەیەکی لەو جۆرەشدا، زەحمەتە تاکڕەویی و ستەمکاریی و دیکتاتۆریەت درووستبێت، ئەگەریش درووستبو، ئەستەمە توانای مانەوە و بەردەوامیی هەبێت. [1]