ناونیشانی بابەت: ڕقبوونەوە لە نیشتمان
ئامادەکردن: #نیاز نەجمەدین نوری#
فەیسبووک دەکەیتەوە، کەمئەندامێک هاوار دەکات “مووچەکەم هێندە کەمە نازانم لەسەر چیی خەرجی بکەم و بە بەرچاومەوە پلە-باڵاکان بە عەلاگە پارە دەبەنەوە ماڵەوە”. کێشەی یەکەمی ئەو ئەوەیە ژیان بە یەک دونیا شت باریکردوین، لەوانە منداڵەکانمان بخوێنن و خوێندنەکەشیان کواڵیتیی بێت. لەم ڕۆژگارەدا کێ ئامادەیە یان دەتوانێت خوێندنێکی کواڵیتیی بەنرخێکی هەرزان دابینبکات؟ ئەو لەوەش داخ لە دڵە کە زۆرێک -هەموویان نا- لە پلە-باڵاکان پشکێکی گەورەی داهاتی ئەم وڵاتەیان بەرکەوتووە بەرانبەر بە خزمەتێکی کەم و بچوک. ئەو بێزارییەکەی تەنیا لە هەژارییەکەی خۆی نییە، بەڵکوو لە نایەکسانییەکی گەورەیە لە داهاتدا کە هیچ بنەمایەکی نییە.
دوای ماندوبوونی ڕۆژ، ئێواران زۆربەمان بە دڵێکی شکاوەوە دەگەڕێینەوە ماڵەوە. ماڵیش بۆ هەزاران خێزان دۆزەخێکی ترە، دەزانن تیایدا دەسوتێن و ناچاریشن بمێننەوە.
تی ڤی دائەگیرسێنیت، سیاسییەکی ناقوڵا بۆ شەڕهەڵگیرسان لیک بە دەمییا دێتە خوارەوە. بەشی گەورەی تەمەنمان هەر ئەوە نەبو لە ناو جەنگدا سوتا، بەڵکوو تا ئەمڕۆش دڵەڕاوکێمانە ئاخۆ جەنگێکی تری جیهانیی، شەڕێکی ناوخۆی تر وڕوکاسمان ناکاتەوە، شەڕێک کە دەکرێت ناوی بنێین شەڕی ناوخۆی ژێربەژێر. ئەم هەموو زەلامە لابەلا و لە چیرۆکی تەمومژاوییدا بۆ دەکوژرێن؟
بە هەر لایەکدا گوێ هەڵدەخەیت، ئاوازێکی غەمگین دەگاتە گوێت. دەشێت ئەممان لەومان باشتر بژی، بەڵام وەک ئابووریناسی سکوتلەندیی ئادەم سمیس جارێک وتی، ژیان لە کۆمەڵگەیەکی ڕوخاو و دڵتەنگدا بە ئاستی جیاواز بۆ “هەمو کەس ناخۆشە.”
من ئەم قسانە بۆ ئەوە ناکەم خەمێکی تر بئاخنمە ناو پریساکەی خەمەکانتەوە. مرۆڤ بوونەوەرێکی هێندەش پوچ نییە لە گوناهە و خراپە زیاتری لە دەست نەیەت. ئادەم سمیس نەیوت ژیان بارێکی قوورس و خەمێکی پڕوکێنەر نەبێت هیچی تر نییە، بەڵکوو پرسیی: چۆن تاک و نەتەوە دەتوانن باشتر بژین؟
لای ئەو، لە کوێدا نەتەوە هەژار و برسیی ژیا و نوقمی قەیران بو، لەوێدا بەربەست لە بەردەم تاکەکاندا دانراوە. نەتەوەیەک ئازادیی بە تاک نەبەخشێت، ڕێگربێت لەوەی دوای هێنانەدیی حەز و ئارەزووەکانی بکەوێت و پێداویستییەکانی تێربکات، نەک ئینتیمای بۆ نیشتمان نامێنێت بەڵکوو فریشتەکانی دەمرن و شەیتانەکانی بەخەبەر دێن، بۆی هەیە ژیان لە خۆی و لە هەموان بشوێنێت، یان لای کەم غەمگین و دڵتەنگ بژی. ئەگەر لەوە تێگەیشتیت تاک ئازادیی دەوێت، ئەوکاتە لە بەردەم هاتوچۆیان بە سنوورەکانیشدا دیواری ئەستوور درووست ناکەیت. ئەوان لە گەڕان بەدوای تێرکردنی پێداویستیی و هێنانەدیی خەونەکانیاندا، خزمەتی کۆمەڵگەکانیش دەکەن. زۆر لەسەری نەڕۆم، ئادەم سمیس پێمان دەڵێت تاک بەردی بناغەی گەشە و خۆشگوزەرانییە.
لێکچونێکی زۆر لەنێوان ئەم تیۆرییەی ئادەم سمیس و قەسیدەی “ئێستا کچێک نیشتمانمە”ی شێرکۆ بێکەسدا هەیە:
ئەی نیشتمانی بێگوێچکەم، تۆ ئەتەوێ هەرچونێ بی و هەرچییەک بی هەر خۆشم بوێ؟
بەفر بیت یان قوڕ و لیتە….هەتاو بیت یان تەمومژ
تەپوتۆز بیت یان فەزایەکی بێگەرد هەروەکوو یەک تەماشات بکەم؟
هەرچونێ بیت خۆشمبوێی؟”
شێرکۆ پێمان دەڵێت ئەگەر نیشتمان دەیەوێت تاکەکان ئارام بن لەگەڵی، ڕقی لێهەڵنەگرن، دەرگاکەی نەشکێنن و لێی نەچنە دەرێ و خزمەتی بکەن، دەبێت “مشتێ هەتاوی ئازادییان” تیادا دەستکەوێت، بەرژەوەندییە تایبەتییەکانیان پارێزراو بێت. شێرکۆ دوای بێئومێدبوون لە نیشتمان کچێک دەکاتە نیشتمانی خۆی. بەڵام ئەوەی نیشتمان ون دەکات، وەک سەعدون جابر لە گۆرانییەکیدا دەڵێت: لە هیچ شوێنێک نایدۆزێتەوە.
ئەوانەی خۆیان دایە دەست شەپۆلەکانی ئیجە، یان لە ڕۆژاوادا غەمبار و دڵتەنگ دەژین، خەونی بچوکیان هەبو. ئەمیان دەیویست خوێندنێک تەواو بکات، ئەویان دەیویست ببێتە مۆسیقار، کەسێکیان دەیویست قاوەخانەیەک دابنێ. هەر یەکێکیان فەرمانڕەوایەکی لێ پەیدابو، خەونە بچوکەکەیانی وردوخاش کرد. جیلێک نا چەند جیلێک کرانە قوربانیی نیشتمان و بەرژەوەندیی گشتیی، ئاکامەکەی ئیدارەیەکی پەرپوت و سیاسەتێکی دڵڕەق بەرانبەر ناوخۆ و نەرم و شل بەرانبەر دونیای دەرەکیی بو، لەگەڵ کۆمەڵێک کولتووری خێڵەکیی و ئایدیۆلۆجیای ئایینیی و کۆمۆنیستیی داخراو کە وەک ئامراز مامەڵە لەگەڵ تاک دەکا.
بەڵام دەستە شاراوەکەی ئادەم سمیسیش، واتە بەرژەوەندیی تایبەتیی، هەموو جار خۆشبەختیی بۆ مرۆڤ ناهێنێت و ژینگەیەکی سەوز ناکاتە دیاریی دەستی، بەڵکوو ئەگەر سنووری بۆ دانەنرێت ئەوا دەستدرێژیی دەکاتە سەر ماف و بوونی ئەوانی دیکە و بەرژەوەندیی گشتیی دەخاتە مەترسییەوە. ئەمە کێشەیەکیشە لە ڕویەکەوە بازرگانیی ئازاد و کرانەوەی بێسنوور و بێسەرپەرشت لەگەڵ شەپۆلی نوێی جیهانگیرییدا هێناویەتی. لە ئەزموونی هەرێمی کوردستاندا، کەمینەیەک ئەگەر ڕۆژگارێک بەرژەوەندیی تایبەتییان کردە قوربانی بەرژەوەندیی گشتیی، ئەم جارە بەرژەوەندیی گشتییان کردە قوربانی بەرژەوەندیی تایبەتیی.
یەک لە یەک خراپتر. بەرژەوەندیی تایبەتیی بکەیتە قوربانیی گشتیی یان پێچەوانەکەی، کارەسات بۆ تاک و کۆ دەهێنێت. بەختەوەریی تاک و کۆ گرێدراوی یەکترن. ڕاگرتنی هاوسەنگیی لەنێوانیاندا بەرپرسیارییەتیی مرۆییمانە، کلیلی یەکەمی چونەناو باخی خۆشگوزەرانییە. [1]