ناونیشانی بابەت: نەخێر بۆ خۆپیشاندان لە ئێستادا
ئەم بابەتە نووسراوە لە ڕۆژی: #20-02-2020#
ئامادەکردن: #نیاز نەجمەدین نوری#
بێ ئەمسەر و ئەوسەر و خۆدواخستن رازی دڵی خۆم دەدرکێنم: تکایە با خۆپیشاندانیش، وەک ئامرازێکی گۆڕانکاریی، بە دەردی هەڵبژاردن نەچێت و رسوا نەکرێت.
ئینحا با دەستبکەین بە گفتوگۆکەمان.
خۆپیشاندان و ناسەقامگیریی ئابوریی و سیاسیی لە یەکتر نابنەوە. دەشێت ئەوەی دەوڵەتت نییە یەکێک بێت لە هۆکارەکانی ناسەقامگیرییەکە و سەرهەڵدانی بیرکردنەوە لە خۆپیشاندان، بەڵام ئەمە تەنها بەشی یەکەمی چیرۆکەکەیە. بەشی دووەمی چیرۆکەکە ئەوەیە حکومەتێکی بەهێزمان نییە و لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی لاوازیشدا دەژین. ئایا هێز هەبونی حکومەت و دەوڵەتێک نییە کە دیکتاتۆرێک بەڕێوەی ببات و سوپا بەسەر چالاکیی ئابوریی و سیاسییدا زاڵ بێت؟
نەخێر ئەوە هێز نییە. حکومەت و دەوڵەتی بەهێز لە روی ئابورییەوە ئەوەن کە توانای کۆکردنەوە و زیادکردنی داهاتیان هەبێت بە مەرجێک فشارەکە نەخەنە سەر گیرفانی چینە هەژارەکان و لە بەردەم کۆمپانیای نەوت و بازرگانانی تر نەوێرن فززە بکەن. حکومەتێک لەملاوە رێگا بدات پیاوانی حزب قۆرخی بزنس بکەن، لەولاشەوە لە بەردەم سیاسییەکانی حزبەکەی و پیاوانی سوپا و بزنسمانی ناوخۆ و دەرەوەدا سەرکز و داگیرکراو بێت، نەتوانێت ئیلتیزامی خۆی بەرامبەر بە فەرمانبەرەکانی جێبەجێبکات و فەرمانبەرەکانیشی ناچار بکات چوست و چالاک بن لە کارکردندا و رێزی هاووڵاتیی و موڵکی گشتیی بگرن، حکومەتێکی بەهێز نییە. حکومەتی لەم چەشنە توانای نییە لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی سەردەمەکەی بڕوات، رێگری بەردەم گەشە و گەشەسەندن دەبێت، خۆی و کۆمەڵگەکەی غەرقی نایەکسانیی و گەندەڵیی و لاسەنگیی دەبن، هەر رۆژەی لە سوچێکەوە درزێک و کەلێنێک لە جەستەیدا دروست دەبێت تا رۆژێک دێت دادەڕزێت.
ئەوەی فیلمی چێرنۆبڵی بینیبێت، تێدەگات کە پیاو و ژنە درۆزنە باڵادەستەکانی ناو سیستم دەتوانن بۆ ماوەیەک خەڵکی دڵپاک و کەمدەرامەت فریوبدەن و بڵێن “شتەکان رێکوپێک ئەڕۆن و مەترسییەک لە ئارادا نییە”، بەڵام لە کۆتاییدا ناتوانن تەپوتۆزی روخانی هەڕەمی دەسەڵاتەکە بشارنەوە. ئەو کاتەش هیچ شتێک پێکدادانی دەسەڵات و خەڵک ناوەستێنێت. زیاتر لەسەر ئەم بابەتە ناڕۆم، لە وتارێکمدا لە گۆڤاری “جۆڕناڵ” بەدورودرێژیی ئەوەم باسکردووە کە دەوڵەتی لاواز هەمیشە خۆپیشاندان و راپەڕین بەرهەمدەهێنێت.
دەچمەوە سەر کرۆکی باسەکە و دەپرسم: ئایا خۆپیشاندان توانای گۆڕینی سیستەمی هەیە؟ مەرج نییە.
ئەگەر لەم ساتەوەختەدا تۆ لە بانگەشەکەرانی خۆپیشاندان بیت، رەنگە توڕە بیت بە وەڵامەکەم. کەمێ حەوسەڵە و تاقەتت لێ داوادەکەم، هیچ نەبێت ئەوەت لەبیربێت کە مێژووی ئێمە لە ئاستی ژیانی تاکەکەسیی و کردەی دەستەجەمعییدا پڕە لە سەراب و دەستخەڕۆبون. کێ ناڵێت خۆپیشاندانیش لە ئێستادا سەرابێک نییە؟ تۆ تامی زەهری خەونە سەرابییەکانت نەکردووە؟ هیوادارم نەتکردبێت.
بەهەرحاڵ، با پێکەوە بیربکەینەوە و درێژە بە گفتوگۆکە بدەین تا دەگەینە بڕیارێکی دروستتر.
تۆ بەشداریی خۆپیشاندان و راپەڕین دەکەیت تا شتێک بگۆڕیت، کەچی رەنگە ئاکامەکەی نائومێدییەکی تر بێت. ئەزانی بۆ؟ دەستەڵاتەکە پارچە پارچەیە. روبەڕوی ئەم پارچەیەی دەبیتەوە، پارچەیەکی هاوشێوەت لێ قوت دەبێتەوە. ئەو پارچەیەی باڵادەستە دەستدەکەن بە چاوسورکردنەوە گوایە کۆمەڵێک ناحەزی ناوخۆ و دەرەکیی ئیرەیی بە خۆشگوزەرانیی دەبەن، کە رەنگە مەبەستیان خۆشگوزەرانیی خۆیان بێت. دەستەڵاتی پارچەپارچەیی کۆمەڵگە بەشێوەیەک پەرتەوازە دەکات تەنانەت شارەکانیش لە یەکتر دادەبڕێت و ناهێڵێت لەسەر خوانی سفرەیەک کۆببنەوە، ئەم پارچەیەی دەسوتێت و هاوار دەکات، پارچەکەی تری سەیری دەکات. خۆ ئەگەر گروپی سەردەست بەرگەی راپەڕینەکەیان نەگرت و قاچی کورسییەکانیان شکێنرا، چی روودەدات؟ وەختێک دەزانیت گروپێکی هاوشێوە چونەتە شوێنیان.
هەر دەسەڵاتەکە نا، بەڵکو تەواوی کۆمەڵگەکەش بە چەشنێک پارچە پارچەیە ئەنجامی زۆرانبازییەکەی پێ ناگۆڕێت، بەڵکو گروپێک لە خەڵک دەبن بە قاچی کورسییە شکاوەکە تا دەستەی نوێ ئیسراحەت دانیشن. رەنگە بپرسيت “بۆ رون قسە ناکەیت، ئەو گروپە کێن؟” رێک و رەوان وەڵامت دەدەمەوە، دەشێت لەناو ئەکادیمییەکان و رۆشنبیران، میدیاکاران و یاساناسان، ئەندازیاران و پزیشکان، کرێکاران و شۆفێراندا بن. بە دەقیقی نازانم، ئەوەندە دەزانم زۆرین ئەوانەی گیرۆدەی ژیانی خۆمان بوین و هیچمان پێ ناکرێت، یان وێڵی دوای پۆستێک و شەیدای روبەرێک دەستەڵاتی زیاتر بوین.
هۆکاری تریش هەن، لەوانە رۆڵی کەسایەتیی کاریزمیی. وەک چۆن جوانیی ژن، سیحری پارە، سەدای پلەوپۆست لەناو کۆمەڵدا، هتد، هێزی راکێشانی هەیە و ئەژنۆی زۆر کەس لە بەردەمیاندا دەشکێنێت، کەسی کاریزمی سیاسییش هێزی راکێشانی هەیە و جەماوەر سەیری هەنگاوەکانی دەکەن، کە نەچووە ریزی خۆپیشاندانەکانەوە ئەوا سنور لە بەردەم گەشەکردنیدا دادەنێت.
خۆپیشاندان هەندێک جار دەستکردیشە، خۆڕسک نییە، یان لە نێوان دەستکرد و خۆڕسکدا دەشێوێنرێَت و نازانیت کام دەستەی سیاسیی و سەربازیی لەدژی کامیان خەڵک دەجوڵێنێت. من لام سەیریش نابێت هێزێک هانی خۆپیشاندان بدات تا تێبگات چەند کاریگەریی لەسەر رای گشتیی هەیە. بیربکەرەوە؟ لە کۆمەڵگەیەکدا نازانیت هێز لای کێیە، نازانیت لەدژی کام پارچەیەی دەستەڵات بوەستیت، نازانیت کێ گۆڕەپانەکە دەجوڵێنێت و بە مەبەستی چی دەیجوڵێنێت، خۆپیشاندان چیی پێ دەکرێت؟
سیستەمی تاک-حزبیی دەگۆڕێت بە فرە-حزبیی، هەڵبژاردن دەخاتە شوێنی دیکتاتۆریەت. زۆر باشە. بەڵام پەرلەمانیش سوک و ئاسان دەکەوێتەوە دەست دەستەبژێری باڵادەست و ئەو بودجە و یاسایەی هەیە بەو شێوەیە تەرخان و دیزاین دەبێت گروپی تازەی باڵادەست دەیەوێت. ئەگەر دەستکاریی بونیادی ئابوریی و سیاسیی نەکات، بۆ نمونە داهات و دەستەڵات لە بەرژەوەندیی چینە هەژارەکان دابەشکباتەوە، ئێمە چیی لە دەستکارییەکی روکەشیی سیمای دەزگاکانی دەوڵەت بکەین و بە ئێمە چیی ئەم رەزاگران بکەن بەو؟ لە میسر کێ چووە شوێنی حوسنی موبارەک؟ سیسیی. لە عێراق کێ چووە شوێنی سەددام؟ مالکیی و یەک دوو سیمای کەمێ ئارامتر بەبێ ئەوەی لە سیستمەکە بگۆڕن.
شەرم و شاردنەوەی ناوێت، هێشتا هێزێک دروست نەبووە هیچ نەبێت چوار پارچە لە پارچەکانی کۆمەڵگە یەکبخات و دەنگی ناڕەزایی بگەیەنێتە ئاستێکی کاریگەر و گۆڕانکاریی لەگەڵ خۆی بهێنێت. زۆر بەجدیی خەممە جارێکی تریش خەڵک لە زۆرانبازییەکەیدا بەرامبەر بە دەستەڵات “سفر بە یەک” بدۆڕێت و بە دڵی بریندار و قاچ و دەستی شکاوەوە بچێتەوە ماڵەوە. لەبەرئەمەش، ئەگەر لە من بپرسن “بەشداربین لە خۆپیشانداندا”؟ دەڵێم: “نەخێر لە ئێستادا”. [1]