ناونیشانی بابەت: ترس لە موسافیر
ئامادەکردن: #نیاز نەجمەدین نوری#
زیاتر لە دوو سەد ساڵە بەشێک لە ئابووریناسان و سیاسەتمەداران بە گوێی کۆمەڵگە و حکومەتەکاندا دەقیژێنن “رێ لە موسافیرەکان مەگرن با سنوورەکان ببەزێنن، ئەوان بەدوای بەرژەوەندیی خۆیان کەوتون، بەڵام هەر ئەمەیە ئێوەش لە هەژاریی ڕزگار دەکات”. بۆ بەدبەختیی بێت یان خۆشبەختیی، چیتر موسافیر جێی متمانە نییە.
بە ڕای گرووپی یەکەم، بڕێکی زۆر لە چەوسانەوە و ئیستیغلال لە خۆداخستندا درووستدەبێت. پیاوە دواکەوتووەکان دەیانەوێت قفڵ لە دەرگای ماڵەکانیان بدەن تا کۆنتاکت و لەمیشەوە ئاستی زانیین و زانیاریی ژن و منداڵەکانیان سنووردار بکەن و کۆنتڕۆڵیان بکەن. جڤاک و کۆمەڵگە دواکەوتووەکان نایانەوێت پێشوازیی موسافیر بکەن، چونکە زانیاریی و زانین و کاڵای نوێ لەگەڵ خۆی دەهێنێت کە بە دەوری خۆیان سەرلەنوێ پەیوەندییەکان دادەڕێژنەوە و لەم داڕشتنەوەیەشدا دەشێت سیحری زۆر دەستەڵاتداری بێکەڵک و نەفام بەتاڵ بکاتەوە.
ڕەوتی کۆمەڵگەکان بە چەشنێکە هەرگیز نەیهێشتووە بانگەشەی پشتیوانانی کرانەوەی لە ڕادەبەدەر سەرکەوتوو بێت. هەمیشە لە دوای کرانەوەی بێسنوور و بێسەرپەرشت بە ڕوی یەکتردا قەیران و ئافات هاتووە. بوونی ڤایرۆسەکان لە هەموو پنتێکی ژیانماندا، لە کۆمپیوتەرەکانمانەوە تا بە لەشمان دەگات، جارێکی تر کرانەوە دەخاتەوە ژێر پرسیار. ڤایرۆسەکان ئاسان وەردەگیرێن، بەڵام گران دەکەوێت لەسەرمان تا ئەنتی ڤایرۆسەکەی بەدەستماندەگات.
موسافیرێک کە هەڵگری نەخۆشییەکی گواستراوەی ترسناکە دەتوانێت بەخێرایییەک بڵاویبکاتەوە کە ژیان لە کۆمەڵگەی خاوەن سیستمێکی پێشکەوتووش بخاتە مەترسییەوە، ئەی چی بە وڵاتێک دەکات بە گۆچان بە ڕێوە دەڕوات؟
کەواتە پرسیارەکە ئەوە نییە داخراویی باشە یان کرانەوە، بەڵکوو ئەوەیە تا کوێ سنوورەکان بکرێنەوە؟ ئەی لەگەڵ کێ تا کوێ پەیوەندیی درووستبکەیت و ئاڵوگۆڕ ڕوبدات لەنێوانتاندا؟
لە کرانەوەدا ڕەچاوکردنی دادپەوەریی گرنگە. تەنانەت لەنێوان دوو کەسدا، لایەنێک هەرچی ڕێگا هەیە بۆ بەرانبەر بکاتەوە تا بێتە ناوییەوە و بەرانبەرەکەی کەمترین زانیاریی لەگەڵ پارڤە/شێیەر بکات، ئەوا شکت نەبێ لەوەی لایەنی یەکەم بەشخوراو دەبێت. شکت نەبێ لەوەی هەندێک وەک مەعشوق دێن و لە ناوەرۆکدا هیچی تر نیین جگە لەوەی موسافیرێکی ڤایرۆساوین، تووشت دەکەن و دەڕۆن. ئەم قسەیە چۆن بۆ دوو کەس ڕاستە، بە هەمان شێوەش بۆ دوو حکومەت و دوو نەتەوە. ناکرێت ئەو دەرگاکانی سنوورەکانی دابخات و ناچارت بکات تۆ دەرگای سنوورەکانت بکەیتەوە. ئیشی لەم چەشنە تەنیا لە حکومەتی لاواز و سەرکز دەبینرێت، لاواز بەو مانایەی هەرچی هەڵدەستێ بڕیارێکی بەسەردا دەسەپێنێت.
لەگەڵ کێ دەکرێیتەوە و بوار بە کێ دەدەیت ئاڵوگۆڕ بکەوێتە نێوانتان؟
ناسینی بەرانبەر هێجگار گرنگە بۆ ئەوەی تێبگەیت هەتا کوێ بکرێیتەوە. ئەوەی بەرانبەر چۆن بیردەکاتەوە، چی سیستم و ڕژێمێکی هەیە لە فەرمانڕەواییکردن و تەرخانکردنی سەرچاوە و سامانەکانییدا پێت دەڵێت تا کوێ ئاڵوگۆڕی زانیاریی و کاڵا و بگرە هەست و سۆزیشی لەگەڵدا بکەیت. لەسەر ئاستی نەتەوەکان، دراوسێ بەشێک لە چارەنووست دیاریدەکات. دراوسێی باش لێت تێدەگات، لە دیزاین و جێبەجێکردنی پلانەکانتدا هاوکارت دەبێت، دراوسێی خراپ ڕێک و ڕاست پێچەوانەکەی دەکات. ئەمەش واتای ئەوەی کاتێک سنوورەکانت بە ڕوی دراوسێی خراپدا گەمژانە واڵاکرد، چاوەڕێ بکە گێژت بکات.
ڤایرۆسەکان دەشێت فێری پاکوخاوێنیی و خۆپاراستنمان بکەن، بەڵام متمانە لەناودەبەن. متمانەش پردی ئاڵوگۆڕی کاڵا و خزمەتگوزاریی و لەمانیشەوە چالاکیی ئابوورییە. دەشێت ڤایرۆسەکان هاریکاریی نێودەوڵەتیی بەهێزبکەن، بەڵام لە ئاڵوگۆڕدا دنیا بەرەو داخران و ئابووریی بەرەو هەڵکشان و داکشانی لەناکاو دەبەنەوە بەتایبەت کە هێشتا نە تەکنۆلۆجیا و نە گەشەی زانستی پزیشکیی توانای کۆنتڕۆڵیانی نییە. بە هەر بارێکدا بڕوات، هەر نەتەوەیەک ناچارە بیربکاتەوە لەوەی تا کوێ پێویستی بە جیهانی دەرەوەی خۆی هەبێت، چۆن بچێتە پەیوەندییەکەوە و تا کوێ پشت بە خۆی ببەستێت؟ [1]