ناونیشانی بابەت: چەند ڕێنماییەک لە دانانی بزنسدا
ئامادەکردن: #نیاز نەجمەدین نوری#
ڕۆژاواییەکان لە زۆر شتدا لە ئێمە جیاوازن. یەکێکیان ئەوەیە ئەوان وەک ئێمە بە لای ئازارەکانەوە شیوەن ناکەن و چۆک دانادەن، بەڵکوو لە ئازار بزنس درووست دەکەن. بزنس هیچی تر نییە جگە لەوەی ڕێگایەکە بۆ چارەسەری کێشەیەکی خەڵک یان گرووپێک لە خەڵک بەنرخێکی کەمتر لەوەی خۆیان پێیان چارەسەر دەکرێت (درووستکردنی قاپشۆر و جلشۆر بۆ ماڵان لە دوای وەڕسیی و بۆڵەبۆڵی ژنەوە هات) .
ئەوە ڕوونە کە ئازادی تاک ڕۆڵی هەیە لە درووستکردنی ئەم جیاوازییەدا و شیوەن و گریانیش تا سەر بەشی ئێمە نابێت. هەلومەرجی نوێ، لەوانە شکستی حکومەت لە دابینکردنی داهاتێکی سەقامگییر بۆ کارمەندان و مووچەخۆرانی و بەرتەسکبوونەوەی ڕێگای کۆچکردن، وایکردووە ژمارەیەکی زۆر لە گەنجان و دایکان و باوکانیان بکەونە کەڵکەڵەی دامەزراندنی بزنس و نایانەوێت چیتر لە میحنەتی هەژارییدا بژین و بەلایەوە شیوەن بکەن، یان دەست لەم و لەو پان بکەنەوە. لە دانانی بزنسدا، چیی بکەن؟ لە کوێوە دەستپێبکەن؟ چۆن خۆیان لە زەرەری گەورە بپارێزن؟
سەرلەنوێ خوێندنەوەی حیکایەتی ڕەجەب
حیکایەتی ڕەجەب وەڵامی بەشێک لە پرسیارەکانمان دەداتەوە.
ڕەجەب (رەجۆ) کەسێکی تەممەڵە تا ئەو ڕادەیەی حەزی لە هەنجیر بێت، لە بن دارەکەیدا پاڵ ئەکەوێت و چاوەڕێیە بکەوێتە ناو دەمییەوە. ڕەجەب گێلیشە، زووزوو قۆڵی دەبڕن. لە کاتێکدا ئەو باوەڕی بە تەواوی چواردەوری هەیە، کەچی باوەڕی بە خۆی نییە. ئەو ڕۆحی سەرکەشبوون تیایدا سەرکوت کراوە، وادەزانێت هەروا ژیاوە و تازە دەبێت هەرواش بژی.
بەو مەرجەی کۆڵنەدەیت و بەردەوام بیت، ڕێگاکان دەرفەتی دڵخۆشکەریشت بۆ دەکەنەوە. لە هەر ئانووساتێکدا بێت، ڕێت دەکەوێتە ئەو مرۆڤە بەخشندانەی بەبێ مەرامی پیس دەستت دەگرن، لێڵییەکان ڕۆشن دەکەنەوە و بەردەبازت بۆ دادەنێن.
پیاوێکی کڵۆڵ و گێل و لاواز لە ناو میللەتی کوردا بژی چی لێ دەکەن؟ ئەگەری زۆر ئەوەیە ناووناتۆرەی دنیا بخەنە شوێنی، خۆ قابیلە دەستی ناگرن و بیخەنە سەر ڕێی خۆی؟ بەڵام هەمیشە دەستێکیش هەیە بە هانای تاکەوە بێت، یارمەتیی بدات کەسایەتیی خۆی درووست بکاتەوە و ڕزگاری بکات. ئەو بەختی دەبێت ژنێکی ژیر و دانا دەبێت بە هاوسەری، وادەکات ڕەجەب لە کەسایەتییە داگیرکراوەکەی ناخی ڕزگاری ببێت، باوەڕبوون بە خۆی تیایدا زیندوو ببێتەوە و بە دوای زانین و زانیارییش بگەڕێت.
دنیا پڕە لە مرۆڤی نەخۆش و نەفرەتیی. ڕەجەب لە گەڕان بە دوای زانین و زانیارییدا لە هەندێک کات و شوێندا ڕێی دەکەوێتە ئەو جۆرە مرۆڤە نەفرەتییانەی شتێکی تر نازانن و ناتوانن جگە لەوەی پوچیی و دەستبەتاڵیی خۆیان بە مرۆڤە کەمبەخت و بەستەزمانەکان پڕ بکەنەوە. لە گەشتەکەیدا بەدوای زانین و زانیارییدا، چەندین جار ڕەجەبی بەستەزمان دەگریەنن و دڵشکاوی دەکەن وەک ئەوەی پارچە پەڕۆیەکی بێ گیان و بێ هەست بێت.
بەو مەرجەی کۆڵنەدەیت و بەردەوام بیت، ڕێگاکان دەرفەتی دڵخۆشکەریشت بۆ دەکەنەوە. لە هەر ئانووساتێکدا بێت، ڕێت دەکەوێتە ئەو مرۆڤە بەخشندانەی بەبێ مەرامی پیس دەستت دەگرن، لێڵییەکان ڕۆشن دەکەنەوە و بەردەبازت بۆ دادەنێن. هەر ئەم جۆرە مرۆڤە جوانانەن ڕەجەب دەکەن بە خاوەنی مەعریفەیەک تەنانەت پاشای وڵاتیش لە بەردەمیدا چۆک دادەدات.
چیرۆکەکەی ڕەجەب هەنگاوەکانی خۆدۆزینەوە و پاشان دانانی بزنسیشمان بۆ دەستنیشان دەکات.
هەنگاوەکان
هەنگاوی یەکەم ئەوەیە باوەڕت بە خۆت هەبێت کە تۆش دەتوانیت چارەنووسی خۆت بگۆڕیت. ڕەنگە نیوەی تەمەنت لە باوەڕبوون بەوانی دیکەدا برد بێتەسەر، ناکرێت بۆ جارێکیش بێت باوەڕت بە خۆت هەبێت کە نەک دنیای خۆت بەڵکوو هی ئێمەش بەرەو باشتر ئەگۆڕیت، دوو کەس دەخەیتە ئیشەوە، ژینگەیەکی باشتری کارکردنیان بۆ درووست دەکەیت… هتد؟
هەنگاوی دووەم کۆکردنەوەی زانیارییە. لێرە بەدواوە تەرکیزم لەسەر کۆکردنەوەی زانیاریی و هەندێک لایەنی تەکنیکیی دەبێت.
ئەگەر لەناو سەنتەری شارەکاندا دەژیت، بزانە ئەو کەسانەی دێنە شارەکەتەوە حەزیان دەکرد چی کاڵایەک یان خزمەتگوزارییەک هەبوایە؟ ئەگەر لە شارۆچکەکان دەژیت، بزانە ڕێبواران و موسافران حەزیان دەکرد چیی لەسەر ڕێگاکەیان بوایە؟
=KTML_Bold=کۆکردنەوەی زانیاریی:=KTML_End=
کۆکردنەوەی زانیاریی ئیشێکی ئاسان نییە لەبەر زۆر هۆکار. ئەگەر گەیشتیتە قۆناغی کۆکردنەوەی زانیاریی، ئەم ڕێنماییانە ڕەچاو بکە:
یەکەم، زانیارییەکی زۆر لەسەر ئەو بوارەی دەتەوێت بچیتە ناوی کۆبکەرەوە.
دووەم، هەموو زانیارییەکت ناوێت. زانیاریی هەڵە پلانی هەڵەت تووش دەکات. هەوڵبە زانیاریی ڕاست لە کەسی ڕاست کۆبکەیتەوە و پشت بە یەک سەرچاوەی زانیاریی مەبەستە. ڕەجەب پشتی بە قۆڵبڕێک بەست و سەتڵێکی بە پارە پێ فرۆشت گوایە سەتەڵەکە دەتوانێت چیت بوێت لە بیردا بۆت دەربهێنێت.
سێیەم، زانیاریی دەبێت چێک بکرێتەوە (ئایا ڕاستە یان هەڵە؟) . فرەسەرچاوەیی لە زانیارییدا کاریگەریی ئەم گرفتە کەم دەکاتەوە.
چوارەم، ئەو بزنسەی لە خەیاڵتدایە بزانە خزمەت بە کێ دەکات، تیرێکە دەتەوێ چ گرووپێک بپێکێت؟ بەمە دەڵێن گرووپی نیشانەلێگیراو (targeted group) . واتە نیشانەت لە چ گرووپێک گرتۆتەوە؟ کە زانیت بۆ کێیە، بڕۆ زانیاریی لای ئەو گرووپە کۆبکەرەوە.
پێنجەم، چ زانیارییەک لەسەر ئەو گرووپە؟ ئاستی تەمەن و جێندەر وخوێندەوارییان دیاریی بکە. بزانە حەزوئارەزوییان چییە، چ تەمەنێکن، چ جێندەرێکن (نێر یان مێ) ، منداڵن یان تازەپێگەیشتوو یان بەساڵاچوو؟، هتد. بپرسە زیاتر سەرسامن بە کام مارکەیە؟ خۆماڵیی یان بیانیی؟ ئەگەر بیانییە، چ وڵاتێک زیاتر و چ مارکەیەک؟ گلەیی و گازندەیان لە دەستی فرۆشیاری هاوشێوە چییە؟
شەشەم، بزانە کێ بڕیاریان بۆ دەدات؟ ئەگەر منداڵە، ئەوا دایک زیاتر لە باوکیش. تۆ بۆ ئەوەی بزانیت منداڵ چیی دەوێت، دەبێت بزانیت دایک چ خەمێکی منداڵەکەی هەیە (ئایا حەزی ئەکرد یانەیەکی تۆپی پێی منداڵان هەبوایە؟ یان یانەی وەرزشیی بە گشتیی؟ ئەگەر حەز ئەکات، ئامادەیە بە چ پارەیەک منداڵەکەی بێنرێتە دەورەیەک؟) .
حەوتەم، بگەڕێ بزانە کێی تر ئەم ئیشەی تۆی کردووە و لە چ شوێنێک؟ ڕکابەرەکانت کێن؟ دەشێت خزمێکت لە شارۆچکەیەکی دیکە ئەم بزنسەی کردبێت. پرسیاری لێ بکە، گوێی لێ بگرە و لە ئەزموون و هەڵەکانییەوە فێرببە.
هەشتەم، ئەگەر لەناو سەنتەری شارەکاندا دەژیت، بزانە ئەو کەسانەی دێنە شارەکەتەوە حەزیان دەکرد چی کاڵایەک یان خزمەتگوزارییەک هەبوایە؟ ئەگەر لە شارۆچکەکان دەژیت، بزانە ڕێبواران و موسافران حەزیان دەکرد چیی لەسەر ڕێگاکەیان بوایە؟ بۆ نموونە شیرەمەنیی (وەک ماست) خۆماڵیی؟ ئەگەر هەیە، بۆ نایکڕن؟ لە پاکوتەمیزیی دەترسن؟ ئایا تۆ ئەتوانیت ئەو کێشەیە چارە بکەیت و متمانەت پێ بکەن؟
نۆیەم، قۆناغی یەکەم تا دەگاتە فرۆشتنی بەرهەمەکەت چەند پارەی دەوێت (واتە تێچووی نەگۆڕ) ؟ ئەی لە دەستپێکی بزنسەکەوە مانگانە چەند خەرج دەکەیت (واتە تێچووی گۆڕاو) ؟ ئەو پارەیەت چۆن پێ پەیدا دەبێت؟ ئەی پێشبینیی دەکەیت چەندت دەستبکەوێت و بە چەند پارەکەت دەستدەکەوێتەوە و دەگەیتە قۆناغی قازانج؟ (لە درووستکردنی یانەی وەرزشییدا، دەشێت سەرەتا خولەکە ڕابگەیەنیت و بڕێک پارەش وەربگرێت) .
دەیەم، ماددەی خام و کەرەستەی دیکە هەن یان نا و بە چەند دەست تۆ دەکەون (بۆ نموونە هێزی کار، یان قوماش، هتد) ؟ لە نموونەی یانەی وەرزشییدا، ئایا مامۆستای بیانیی دەهێنیت یان ناوخۆ؟
یانزەهەم، ئەوەش گرنگە بزانیت کاڵا یان خزمەتگوزارییەکەی تۆ، پێداویستییە یان کەمالییە؟ ئەگەر کەمالییە (وەک گەشتوگوزار، یان ئیشی جوانکاریی) ، ئەوا لە نرخی بەرز زەرەر دەکەیت مەگەر مارکەیەکی تایبەت بێت و بۆ گرووپێکی تایبەت بێت.
کۆتا خاڵ، لە سەروو هەموویەوە، بەبێ ڕەزامەندیی کولتووریی و شەرعیی و یاسایی مەچۆرە بزنسەکەتەوە.
کارکردن بە زانیاریی
زانیاریی چەند ئیشێکی گرنگمان بۆ دەکات، لەوانە:
یەکەم، ئەتوانیت بەم زانیارییانە شیکاری سوات بکەیت (SWOT analysis) ، واتە خاڵی لاواز و بەهێز و دەرفەت و مەترسییەکانی بەردەمت دەستنیشان بکەیت. لە نموونەکەی سەرەوەدا، ڕەنگە یانەی وەرزشیی لە شارۆچکەکەی ئێوە بۆ منداڵان هەر نەبێت، بەڵام لە شارۆچکەیەک یان ناو شار هەبێت و بڕۆ دوای بکەوە و زانیاریی لەسەر وەربگرە. ڕەنگە هەبێت بەڵام دایکان و باوکان متمانەیان بە مامۆستاکە (ڕاهێنەرەکە) و ئیدارەکە نییە. بڕۆ شتێک بدۆزەرەوە ئەو متمانەیە چارەسەر بکات. ڕەنگە پارەیەکی زۆر داوا بکەن، تۆ لە گەڕانەکەتدا ئاڵتەرناتیڤێک بدۆزەرەوە بەنرخێکی کەمتر بتوانیت بۆیان دابین بکەیت تا بگونجێت لەگەڵ داهات و ژمارەی کڕیارەکانتدا. لە خاڵی لاوازی ڕکابەرەکانت خاڵی بەهێز بۆ خۆت درووست بکە.
دووەم، پیشانی دەدات ئایا کاڵاکەت (یان خزمەتگوزارییەکەت) بۆ ساغ دەکرێتەوە؟ واتە بەو نرخە کڕیارت دەبێت؟
ئەم هەنگاوانەی سەرەوە تەنیا مەترسیی زەرەرکردن کەم دەکەنەوە و ئەگەری سەرکەوتن زیاد دەکەن. لە وڵاتێکدا مەترسیی زۆرە، تۆ دەبێت وردتر تێچوو و زەرەری خۆت هەڵسەنگێنیت. پلانی بزنسەکە لە ئەوەڵەوە (سەرەتاوە) بە هەڵە هات، ڕاستکردنەوەی زەحمەت دەبێت.
=KTML_Bold=خشتەدانان=KTML_End=
نیگارکێش پارچەی وێنەیەک لە خەیاڵیدا دەسوڕێتەوە، بەڵام ماوەیەکی دەوێت تا وێنەکە کامڵ دەبێت. هەر ڕۆژە و پارچەیەکی بۆ زیاد دەکات یان لێی لادەبات. کارکردن لەسەر وێنەکە هێشتا لە مێشکیدا ڕوودەدات، نە دەستی بردووە بۆ فڵچەکەی و نە بۆیاخ و کەرەستەکانی دیکەی کڕیوە. تا ڕۆژێک دێت و ئیدی دەست دەکات بە کێشانی وێنەکە. تەنانەت نووسینی جدییش ئەبێت ئەم قۆناغانە ببینێت بەر لەوەی شەیری بکەیت، دەنا وەک ئەوەیە کاڵەکێک بەر لە وادەی خۆی لێ بکەیتەوە.
بزنسیش وایە. سەرەتا ئایدیایەک دێتە مێشکتەوە. دەبێت کات و وزەی لەسەر خەرج بکەیت بەر لەوەی پارەی لەسەر خەرج بکەیت. خشتە بۆ ئەم قۆناغە دابنێ، بنووسە:
هەفتەی یەکەم: کۆکردنەوەی زانیاریی لە بازاڕی نزیکی خۆم.
هەفتەی دووەم: کۆکردنەوەی زانیاریی لە بازاڕی دوورتر
هەفتەی سێیەم: پرسیارکردن دەربارەی لایەنی کولتووریی و شەرعیی و یاسایی
هەفتەی چوارەم: داڕشتنی تەواوی ئایدیاکە، بڕیاردان و دەستکردن بە جێبەجێکردن.
دانانی خشتە هاوکارت دەبێت تا بزانیت لە کوێدایت، دواکەوتویت یان چیت ماوە بیکەیت؟
ماوە بڵێم،
ئەم هەنگاوانەی سەرەوە تەنیا مەترسیی زەرەرکردن کەم دەکەنەوە و ئەگەری سەرکەوتن زیاد دەکەن. لە وڵاتێکدا مەترسیی زۆرە، تۆ دەبێت وردتر تێچوو و زەرەری خۆت هەڵسەنگێنیت. پلانی بزنسەکە لە ئەوەڵەوە (سەرەتاوە) بە هەڵە هات، ڕاستکردنەوەی زەحمەت دەبێت. بەهیوای بەختێکی باش بۆ تۆ. [1]