پێشوازى لە پەسەندکردنی بودجەی سێ ساڵيی عێراق دەکەین. هیوادارین ببێتە نەخشەڕێیەکی باش بۆ پێشکەوتنى ئابوورى و سەقامگیريی سياسى و زەمینەیەکی باشى وەبەرهێنان دروست بکات. دەستخۆشی لە هەموو ئه و بەڕێزانە دەکەين کە دڵسۆزانە بۆ بەرژەوەنديی هاووڵاتیيان و یەکسانيی خەڵکی عێراق کاریان کرد.
جێگەی داخە لە گفتوگۆکانی پەرلەماندا، هەندێ لە پەرلەمانتاران بە شێوەیەکی نادروست هەڵسوکەوتیان بەرامبەر مافەکانی هەرێمی کوردستان و ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان کرد. ئەوەى ڕوويدا لەگەڵ بنەماکانى ڕێککەوتنى سياسيى هاوپەيمانيى بەڕێوەبردنى دەوڵەتدا نايەتەوە و ئه و ئاراستە و شێوەيە لە کارکردن، خزمەت بە پرۆسەى سياسى و دۆخ و داهاتووى عێراق ناکات.
پێويستە ياساى بودجە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە جێبەجێ بکرێت و ڕەچاوی پێگەی هەرێمی کوردستان وەک قەوارەیەکی سیاسيی دەستووری و ناوچە کێشە لەسەرەکان بکات و ماف و بەرژەوەندیيەکانيان بپارێزێت. دەبێ دڵنیایيی تەواو هەبێ لەوەی شايستە داراییيەکان و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بە هۆکاری سیاسی دوا ناخرێن و فەرامۆش ناکرێن.
ئەوەی لە کاتی گفتوگۆى بودجەدا بینیمان، مايەى نيگەرانييەکى قووڵە و جارێکی دیکە ئەو ڕاستییەى سەلماند کە دابەشبوونى لايەنە کوردستانييەکان زيان بە هەرێمى کوردستان دەگەيەنێت. وێڕاى ئەمەش بە ویستى سیاسيی هاوبەش و بە ڕەچاوکردنی بەرژەوەنديی گشتی، دەتوانین ئەمە بکەینە دەرفەتێک بۆ بەهێزکردنی متمانەى نێوانمان، ڕێکخستنەوەی باشترى ناوماڵی خۆمان، خاوکردنەوەی گرژیيەکان و چارەسەری کێشەکان بۆ بەهێزکردنی زیاتری عێراق و هەرێمی کوردستان. [1]
#نێچیرڤان بارزانی#
سەرۆکی هەرێمی کوردستان
#13-06-2023#
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بەڵگەنامەیە کێشەی ڕێنووس و ڕێزمانیی هەیە، کوردیپێدیا بەمەبەست هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=