پەرتووکخانەی ژنانی کورد کرایەوە کە هەزاران سەرچاوە لە خۆدەگرێت
#25-06-2023#
ئەمڕۆ بۆ یەکەمین جار لە باشووری کوردستان ناوەندی “ئەرشیف وتوێژینەوە و پەرتووکخانەی ژنی کورد” کرایەوە، ناوەندەکە هەزاران پەرتووک و سەرچاوەی نووسەرانی ژن لەخۆ دەگرێت.
ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە ژنان، ناوەندی “ئەرشیف و توێژینەوە و پەرتووکخانەی ژنی کورد” کرایەوە، ناوەندەکە پڕۆژەی هاوبەشی نێوان ئەکادیمیای ژنۆلۆژیی و یەکێتی ژنانی کوردستانە، بۆ ئەرشیفکردنی نووسین وهەر کەرەستەیەکی مێژووی و هەنووکەیی ژنانی کورد، کە لە ئێستادا زیاتر لە 1800 سەرچاوە و پەڕتووکی نووسەرانی ژنی تێدایە لە سەرجەم بوارە جیاوازەکاندا.
لە مەراسیمی کردنەوەی ناوەندەکەدا چەندین نووسەر و چالاکوان و پارێزەری مافەکانی ژنان و چەندان کەسایەتی دیکەی هەر چوار بەشی کوردستان و وڵاتانی دیکە ئامادەییان هەبوو، بەشێک لەو ئامادەبووانە پەیامی پیرۆزبایی خۆیان ئاڕاستەکرد، چەند پەرتووک و نیگار و کارێکی دەستییان پێشکەش بە ناوەندەکە کرد و بە پڕۆژەیەکی زۆر گرنگ و خزمەتێکی گەورە بە ژنانی کورد، ناویانهێنا.
ناوەندەکە پڕۆژەیەکی هاوبەشی نێوان ئەکادیمیای ژنۆلۆژی و یەکێتی ژنانی کوردستانە، کە نزیکەی سێ ساڵ بوو کار بۆ کردنەوەی دەکرا، دوای تەواوبوونی ئامادەکارییەکانی ئەمڕۆ بەتەواوی کرایەوە و لە ئێستاوە ژنان دەتوانن سەردانی بکەن.[1]