ناونیشانی بابەت: بۆمبی فسفۆریی
ئامادەکردن و نووسین: #عەبدوڵڵا کەریم مەحمود#
بەیانی زوو لە قزلەرەوە ڕووم کردە بەرگەڵوو ، بە شاخەکەی پشت قزلەردا سەرکەوتم ، ڕۆمانسیەتی دیمەنی سرووشتی جوانی دارو درەخت و چیاو باڵندەو پەرلەوەر ، پڕ بوو لە خۆشەویستی ڕۆحی .
لەسەر لوتکەی چیاکەوە، بە تولە ڕێگا پێچاو پێچەکەدا ، ڕووەو خوارەووە بەرەو چۆخماخ شۆڕبومەوەتا گەیشتمە ناو ئاوایی ، ڕێگاکە دوورو درێژبوو ، لە کاتی هەڵگژان بەرەو بەرزاییەکە ، دیمەنی چیای ئاسنگەران ئەوەندە جوان بوو، ڕۆحی داگیر کردبووم.
لە بەرازییەکەی ڕۆژاوای چۆخماخەوە شۆربوومەوە بۆنزمایی و دۆڵەکە ی خوارەوە ، بۆ ناو گوندی یاخسەمەر ، بەهەورازەکەی نێوان یاخسەمەرو هەڵەدن دا ، گەیشتمە هەڵەدن ، لەوێوە ڕێگای سەرگەڵوم گرتە بەر . بە بەرزاییەکەدا هەلگژام، ئەو ڕاجیمانەم، بینی دەیدابەلاو ئەولای ئاوایی و ناوەڕاستی گوندکە ، نزیک نیوەڕۆبوو، گەیشتمە سەرگەڵو، لەوێوە ڕووم کردە بەرگەڵو ، ئیش و کارەکانم جێبەجێ کرد ، شەوەکەی لە لای کاک ئازاد چالاک و کاک پشتیوان ، لە ئیستگەی گەلی کوردستان مامەوە ، هەواڵی کاک (هەڤاڵ کوێستان)یم پرسی وتیان:
- دەست بەرداری ڕادێو بووە و لەگەڵ کاک جەباری پورزای دا لە مەرگەیە .
بەیانییەکەی لە بەرگەڵو وەوە گەڕامەوە بۆ سەرگەڵو ، لەوێوە ڕووم کردە هەڵەدن ، نیوەڕۆکەی لە لای کاک ئاراس ی حەمە زڕگوێزی لە یاخسەمەر لام دا ، لە بارەگەکەی یاخسەمەر لەگەڵ شەهید کەریم بەگ و مارف و برایم ی کاشی و پێشمەرگەکان نانمان دەخوارد ، لەناکاو دەنگی چەند فڕۆکەیەک ئاواییەکەی هەژاند ، بە نزمی بە سەر ئاسمانی یاخسەمەر ، بەرەوئاڕاستەی هەڵەدن - سەرگەڵو تێپەڕین .
لەناکاوفڕۆکەکان بە نزمی گەڕانەوە ، گەیشتنە سەرئاسمانی یاخسەمەر ، پێشمەرگەکان و پاکیزەخان بروسکە ئاسا ، ڕوویان کردە کونە تەیارەکەی پشت بارەگەکە ، ئاراس بەڕاکردن خۆی کرد بە کونە تەیارەکەی بەردەم بارەگاکەدا ، منیش بە دوای ئاراس دا ، گەیشتمە بەردەمی کونە تەیارەکە ، هاژە هاژی فڕۆکەکان و دەنگی تەقینەوەی بۆمبەکان ، لە ناو ئەو زنجیرە چیایەی دەوری ئاواییەکە ، گوێ یەکانی کاس کردین ، بۆ ئەوەی کەڕ نەبین دەمان کردەوە ، لەناکاو دەیان سەدان ، هەزاران ، بۆمبی هێشووی فسفۆڕ ، وەک تەرزە بە سەر ماڵەکانی ناو گوندەکه و بارەگاکان و ئەو دەووبەرەدادا بارین.
بۆمبە هێشوییەکان پارچەی ئاسن وتێزاب وفسفۆڕی ئاگربوون ، دەگەیشتنە هەموو کون و کەلەبەرێک و دەتوقینەوە ، هەزاران پارچەی لێ دەبوەوە ، دارو درەخت وبەرد وماڵەکانی گڕ تێ بەردەدا و دەیسووتاند ، یاخسەمەریان نوقمی تێزاب و ئاسن و ئاگر و دوکەڵ کرد ، دەنگی پاڕچەی بۆمبە فسفۆڕییەکان وەک تەرزە بەسەر کونە تەیارەکەمان دا دەبارین .
، لەگەڵ ئاراس لە ناو تەپۆتۆزی ودوکەڵی ناو کونە تەیارەکەدا ، خەریک بوو دەخنکاین .
دە نگی فڕۆکەکان نەما ، لە ناو کونە تەیارەکە هاتینە دەرەوە ، هەموو گوندەکەو دەوروبەرەکەی نوقمی ئاگر و باروتی بۆمبی هێشووی و تێزاب و دوکەڵ بوو ، چەند کەسێک بریندار بوون .
(کەریم مەحمود کوردە ) پێشمەرگەیەکی لای کاک بەکری حاجی سەفەربوو، نامەی کاک بەکری لە گوندی چۆخماخ هێنابوو بۆ بارەگای یاخسەمەر ، له و چرکەیەدا لە نزیک میوان خانەی مزگەوتەکەی یاخسەمەر خۆی دابوو بە زەوی دا ، پارچەیەک فسفۆڕ هەناسەی لێ بڕیبوو .
کاک محەمەمەد موکری م بینی لە بارەگای یەکێتی نووسەران ، لە ڕۆژهەڵاتی بەرزایی گوندەکەوە ، بەخێرایی هات بە هانای بریندارەکانەوە ، پارچەیەک ئاسنی بەدەستەوە بوو وتی
-ئەمە پارچە ی بۆمبەکانە لە نزیک بارەگای یەکێی نووسەران کەوتبوو.
پێشمەرگە کان و خەڵکی گوندەکە ، چوون بە هانای بریندارەکانەوە و هەوڵیان دا بڵێسەی گڕی ئاگری ماڵەکان بکوژێننەوە ، چەندان مەڕو بزن و ڕەشە وڵاخ ومریشک و کەڵەشێر و پەلەوەری گوندەکە جەستەیان سوتابوو ، لە خوینی خۆیان دا نوقم ببوو.
ڕێگەی گوندی چۆخماخم گرتە بەر ، بە درێژایی ڕێگەکە دیمەنی تراژیدیای ئەو بۆمبە هێشویانە بە جۆرێک ناخ و هەست و نەستی داگیر کردبووم ، هەستم بەجوانی سرووشتی ڕۆمانسیەتی دەوروبەری خۆم نەدەکرد ، کاتێ بە ئاگا هاتم ، لە چۆخماخەوە بە شاخەکە دا سەرکەوتم ، زەردەی ئەو ئێوارە ماتەمینە ی لوتکەی پیرەمەگرون ، تێکەڵ بە دیمەنە تراژیدیاکەی نێو بۆمبە فسفۆریانەی یاخسەمەر دەبوونەوە .
گەر یەکەم چرکەی بۆردومانە ، بەراکردن دوای کاک ئاراس نەکەوتمایە ، نەگەیشمایەتە بەردەمی کونە تەیارە کە ، بۆمبە فسفۆرییەکان ، دوا هەناسەیان لێ دەبڕیم .
عەبدوڵڵا کەریم مەحمود
وێنەی یەکەم:گوندی یاخسەمەر ، وێنەی دووەم:ئاراس حەمە زرگوێزی .وێنەی سێیەم:عەبدوڵڵا کەریم
*ئەم نووسینانە زنجیرەیەک یادەوەرین ، ئەم نووسینەیان یادەوەری ژمارە یەکە ، گەر تەمەن بوار بدات ، ناو بەناو هەندێک لەو یادەوەریانە بە ئەمانەتەوە تۆمار دەکەم .
**هەڤاڵ کویستانی یەکێک بوو، لە نووسەرە بە تواناودیارە خاوەن ئەزموونەکانی ڕادیوی گەلی کوردستان ، پێش ئەوەی دەستبەرداری ڕادێوی ببێ ، ڕۆژێک بە دەم پیاسەکردنەوە ، لە بەرگەڵوو پێ ی وتم:
-من ئێراق چی نیم ، بەڵام زۆربەی هاوڕیکانم ئاڵای شۆڕشن ، ئەمان گومان لە من دەکەن ، ئاڵای شۆڕش بم ، من ناتوانم لە مەزیاتر لە ڕادیۆ بمێنمەوە ، ناتوانم دژی هاوڕیکانم وتار بنووسم ، لەگەڵ جەباری پورزام دا، لە مەرگە دادەنیشم .
دوای وازهینانی کاک هەڤاڵ لە ڕادێو ، ڕۆژێک کاک ئازاد چالاکی بەوەفا ، لە کۆبوونەوەیەکدا ، بە هاوڕێ یانی ڕادیۆی گەلی کورستانی وتبوو:
-بێ هەڤاڵی و وتارە بە پێزو جوانەکانی کوێستانی بە ڕادیوە دیارە.
=KTML_Bold=ئەم بابەتە نە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژەپێکراو نووسراوە=KTML_End=
[1]