ناونیشانی بابەت: مۆساد و سەرکردەکانی کورد
ئامادەکردن: ئاوێنە
شلۆمۆ نکدیمۆن ئەو پەیوەندییە نهێنی و موخابەراتییە ئاڵۆزانە دەگێڕێتەوە کە چۆن مۆسادی ئیسرائیل و ساواکی ئێران شۆڕش و کێشەی کوردیان بۆ بەرژەوەندی خۆیان ڕەتاندەوە و وەک کارتێکی سیاسی لە دژی دوژمنەکانیان بەکارهێنا.
مۆساد لە ئێراق و وڵاتانی دراوسێ - داڕمانی ئومێدی ئیسرائیلی و کوردەکان کە نووسەرەکەی شلۆمۆ نکدیمۆنەن یەکێکە لەو پەڕتووکە پڕ لەزانیاریانەی بەمدواییە وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی، هەرچەندە ساڵانێکی زۆرە خوێنەران لە ڕێگەی وەرگێڕانە عەرەبییەکەیەوە پێی ئاشنان، لەم پەڕتووکەدا کە مێژووی پەیوەندییەکانی کورد و ئیسرائیل دەگێڕێتەوە، هەر لەسەرەتاوە بە یەکێک لەکەسایەتییە مێژووییەکانی کوردمان دەناسێنێت کە ئەویش کامەران بەدرخانە، ئەو پیاوەی کە وەچەی میرێکی دەستڕۆشتووی سەدەی نۆزدەهەم و مامۆستای زانکۆی سۆربۆن بوو، هەمیشە خەونی بەئازادی کورد و هەموو کەمایەتییەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە دەبینی و هەموو ژیانی خۆی بۆ ژیاندنەوەی کورد تەرخان کرد. نکدیمۆن ئاماژە بە بەڵگەنامەیەکی مۆساد دەکات دەربارەی کێشەی کورد و دەڵێت پەیوەندی ئیسرائیل لەگەڵ کورد بەڕێکەوت درووستبوو، لەوانەیە بەهۆی سووربوون و دەستپێشخەری کامەران بەدرخان بووبێ کە توانی پەیوەندییەکی باش لەگەڵ زۆر کەسایەتی باڵای ئیسرائیل درووستبکات.
ئەو باس لەوە دەکات کە کامەران بەدرخان زۆر لەنزیکەوە دامەزرێنەری دەوڵەتی ئیسرائیل دیڤید بن گۆریۆن و گۆلدا مائیری سەرۆک وەزیری پێشووتری ئیسرائیلی ناسیوە و هاوڕێی نزیکی دامەزرێنەرێکی وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل مۆریس فیشەر بووە، تا دەگات بەوەی کە دەڵێت کامەران بەدرخان ئیشی بۆ ئیسرائیل دەکرد و چەندین کاری نهێنی و موخابەراتی لە ئێراق و لوبنان و سووریادا بۆ ئیسرائیل ئەنجامداوە، کەسێکی پڕ لەوزەی لەبڕان نەهاتوو بووە کە بەردەوام لەنێوان پاریس و بەیرووت و تاراندا لەهاتوچووندا بووە و سەردەمانێکیش ڕۆڵی پەیامنێری لەنێوان مستەفا بارزانی و جیهانی دەرەوەدا بینیوە و زۆربەی کات ئیسرائیلییەکان بە مەبەستی پێشبینیکردنی ڕووداوەکان پرس و ڕاوێژیان پێکردووە و چەندین ڕاپۆرتیشی بۆ ئەوان نووسیوە. ئەمە جگە لەوەی وەک نکدیمۆن لەم پەڕتووکەدا ئاماژەی پێدەکات کامەران بەدرخان کاری بۆ ساواکیش کردووە و تەنانەت بە مەبەستی ئەوەی لە دوای شۆڕشی 1958ی ئێراقەوە، لە ئێرانیش جێگیر بێت، شاو تەیموری بەختیار گفتوگۆیدان لەگەڵ کردووە.
ئەم پەڕتووکە ئاماژە بەوە دەکات کە کامەران بەدرخان ساڵی 1963 سەردانی ئیسرائیل دەکا و بەنهێنی دەستپێشخەرییەکی بارزانی دەگەیەنێت بەسەرکردەکانی ئیسرائیل، جەغت لەوەش دەکاتەوە کە هەر لەسەرەتای درووستکردنی ئەم پەیوەندییانەوە لەگەڵ ئیسرائیل، ئیبراهیم ئەحمەد ئاگادارو بەئاگا بووە و دەڵێت تەنانەت لەتشرینی دووەمی 1963دا تاڵەبانی و ئیبراهیم ئەحمەد بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت گەیشتنە باڵوێزخانەی ئیسرائیل لەپاریس، خۆیان ناساند و داوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ نوێنەری ئەوسای مۆساد لەوێ کرد و داوای کۆمەک و یارمەتیی و پارەیان کرد.
پاشان ئاماژە بەوەش دەکات کە لە ساڵی 1964دا عیسمەت شەریف وانلی سەردانی ئیسرائیل دەکا و لەگەڵ سەرۆکی مۆساد کۆدەبێتەوە.
لەگەڵ درووستکردنی ئەم ڕایەڵانەدا، ئیسرائیل ڕەزامەندی ئێران وەردەگرێ بۆ یارمەتیدانی شۆڕشی کورد و یارمەتییەکانی مۆسادیش لە ڕێگەی ئێران و بەسەرپەرشتی ساواک ڕەوانەی باشووری کوردستان دەکرێت. نکدیمۆن باس لەوە دەکات کە یەکەم پەیوەندی ڕاستەوخۆ و هاتنی مۆساد بۆ باشووری کوردستان، لەلایەن (دیڤید کەمحی) سەرۆکی مۆسادەوە ئەنجامدەدرێت، کە لەئایاری 1965دا دیڤید کەمحی و شەمسەدین موفتی (کە بە یەکێک لەباشترین هاوڕێکانی ئیسرائیل ناودەبرێت) ، بەئوتومبێلێک کە پیاوێکی سەر بەساواک لێیدەخوڕێ لە ئێرانەوە ئاودیووی سنووری باشووری کوردستان دەبن و دەچن بۆ لای بارزانی لەحاجی ئۆمەران. ئیتر هیڵێکی پەیوەندی موخابەراتی ئەکتیڤ لەنێوان تەلئەبیب و تاران و حاجی ئۆمەراندا دەکرێتەوە و بە هاوکاری مۆساد و ساواکیش دەزگای پاراستنی پارتی درووستدەکرێت کە شەکیب عەقراوی و #مەسعود بارزانی# ڕۆڵێکی گرنگیان لەو دەزگایەدا پێدەسپردرێت. نکدیمۆن لەم پەڕتووکەدا ئاماژە بەوە دەکات کە بارزانی و دوو کوڕە زۆر نزیکەکەی ئیدریس و مەسعود باوەڕی تەواویان هەبوو کە تەنیا ئیسرائیل دەتوانێت دانپێنانی ئەمەریکا بەئەوان وەربگرێت، تا دەگات بەوەی کە لەنیسانی 1968دا بارزانی بەنهێنی سەردانی ئیسرائیل دەکا و دکتۆر مەحمود و شەمسەدین موفتیشی لەگەڵ خۆی دەباو لەوێ لەگەڵ گەورە بەرپرسانی ئەو وڵاتە کۆدەبێتەوە. ئەم پەیوەندییانە بەئەندازەیەک گەشەدەستێنن کە ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست لە1972دا دەنووسێت نێردراوێکی ئیسرائیلی هەموو مانگێک بە ئێراندا دزە دەکات بۆ کوردستان و لەگەڵ خۆی بڕی پەنجا هەزار دینار دەبات بۆ بارزانی.
لەخوێندنەوەی ئەم پەڕتووکەدا هەست بەوە دەکەیت کە دەزگاکانی وەک ساواک و تەنانەت مۆسادیش ژێر بەژێر چ ڕۆڵێکی کارا و گرنگیان بینیوە لەشکستپێهێنانی گفتوگۆو ئاگربەستەکانی نێوان شۆڕشی ئەیلول و حکومەتی ئێراق و دەستپێکردنەوەی شەڕدا، ئەم پەیوەندییە ژێر بەژێرانە بەردەوام دەبن تا سەرەنجام لەئازاری 1975دا کاتێک شا و سەدام لەجەزائیر ڕێکدەکەون، بەشێوەیەکی تراژیدیی هەموو شتێک هەرەسدەهێنێت.
نکدیمۆن ئاماژە بەوە دەکات کە لە ماوەی ئەو 12 ساڵەدا مەلا مستەفا سەرکردایەتی یاخیبوونی کوردەکانی دەکرد دژی حکومەتەکانی ئێراق و سوپاکەی، بەپشتبەستن بەئیسرائیلییەکان کە لێی جیانەدەبوونەوە، توانی لەبەرانبەر خوێنڕشتنی ئەواندا خۆڕاگرێ و یارمەتییەکانی ئیسرائیل چەند هەناسەیەکی ژیانی بە بەر یاخیبوونی کوردەکاندا دەکردەوە تا تەمەنی درێژتر بێت. مۆساد لە ئێراق و وڵاتانی دراوسێ - داڕمانی ئومێدی ئیسرائیلی و کوردەکان کە لەلایەن ڕەهەند عەبدولغەفورەوە وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی و وەک زۆرێک لەو پەڕتووکانەی لەم ساڵانەی دواییدا خراونەتە بازاڕەوە پڕ بەهەڵەی چاپ و لەڕووی داڕشتنی ڕێزمان و زمانەوانییەوە تا ئەندازەیەک بێ کەموکووڕی نییە.
پرسیارێک لەمەغزو مێشکی زۆربەماندا دەوروژێنێت، بەسەرنجدان لەوەی کە لەم شەست ساڵەی ڕابردوودا، هەرچی فیشەکێکی نابێت بەعەرەبەوە ئیسرائیل پشتگیری کردووە، ئایا ئەو یارمەتییەی ئیسرائیلییەکان پێشکەش بە کوردیان کرد تەنیا پەیوەندی بەبەرژەوەندی ئیسرائیلەوە بوو یاخود لایەنێکی مرۆڤدۆستیشی لەخۆگرتبوو؟ [1]