ناونیشانی بابەت: کۆنترین چایخانەی کەرکووک سێ ساڵە داخراوە
ئامادەکردنی: #دیاری ئەحمەد#
چایخانەی (مەجدییە) کەوتووەتە بەرانبەر #قەڵای کەرکووک# و کۆنترین چایخانەی کەرکووکە و بووەتە بەشێک لە شوێنەواری شارەکە، کەچی سێ ساڵە داخراوە.
پەیامنێری (باسکورد) لە سەردانێکی مەیدانیدا بۆ نزیک چایخانەکە ڕایگەیاند، چایخانەی مەجدییە، کە کۆنترین چایخانەی شاری کەرکووکە و شوێنی کۆبوونەوە و دانیشتنی ئەدیبان و نووسەران بووە، ماوەی نزیکەی سێ ساڵە، بە ناوی نۆژەنکردنەوە داخراوە.
چەند دوکاندارێکی نزیک چایخانەکە، لەبارەی هۆکارەکانی داخستنی ئەو چایخانەکەوە باسیان لەوە کرد، کە چایخانەکەیان بەناوی نۆژەنکردنەوە داخستووە، بەڵام هەوڵێک هەیە ئەم چایخانەیە لەبیر خەڵک ببەنەوە و بۆ ئەوەی شوێنەکەی بکەنە شتی دیکە، چونکە شوێنەکەی ستراتیژییە.
دوکاندارێک لەنزیک چایخانەکە باسی لەوە کرد: ”بەدەستی ئەنقەست چایخانەکە ناکەنەوە، دەنا بۆچی کاری نۆژەنکردنەوەی سێ ساڵی پێ بچێت؟ لەوەشدا بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری کەرکووک و ئیدارەی کەرکووک بەرپرسیارن.“
لەبارەی چایخانەکەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە #20-07-2023# ، ستار جەباری، مێژووناس و دانیشتووی شاری کەرکووک، بە (باسنیوز) ی ڕاگەیاند: ”چایخانەی مەجدییە لەسەرەتای ساڵانی بیستەکانی سەدەی ڕابردوودا، شوێنی دانیشتن و کۆبوونەوەی ڕۆشنبیران بووە و چەندین ناودار لەو چایخانەیە دادەنیشتن و یەکێکە لە کۆنترین چایخانەکان و نافوورەی لێ بووە و لەنزیک نافوورەکەش پەڕتووک و گۆڤاری لێ بووە و ڕۆژانە ڕۆشنبیران پەڕتووک و گۆڤارەکانیان دەخوێندنەوە. ئەو چایخانەیە لە سەردەمی عەبدولمەجید یەعقووبی درووست کراوە، کە کاتی خۆی موتەسەریفی کەرکووک بووە.“
وتیشی: ”#دڵداری شاعیر# و #سەید عەلی ئەسغەری کوردستانی#، دوو کەسایەتیی دیاری کوردن، کە دەچوونە ئەو چایخانەیە، تەنانەت سەید عەلی کوردستانی بەدیاریکراوی 35 ڕۆژ بەردەوام لەو چایخانەیەدا دانیشتووە و زۆر کەسایەتیی ئێراقییش لەوێ دانیشتوون، هەروەها چایخانەکە شوێنی ڕۆشنبیران بووە.“
هاوکات ستار جەباری، ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، بەداخەوە ئێستا چایخانەکە داخراوە، کاتی خۆی ئێمە داوامان کرد بکرێتە شوێنێکی شوێنەوار و خەڵک بێن سەردانی بکەن، بەڵام ئیدارەی کەرکووک گوێ لە کەس ناگرێ، ئەو چایخانەیە گرنگە بکرێتەوە، چونکە شوێنێکی دێرینی هاموشۆی نووسەران و ناودارانی کورد بووە.[1]