ناونیشان:شەڕی تەکنەۆلۆژی
ناوەرۆک: وتار
نووسین: #هیوا ساعدی#
$ئێمپراتۆری داهاتووی دونیا کێ دەبێت؟$
ئیمپراتۆرەکان له مێژوودا به هۆی سەرچاوه و ئامرازه جۆراوجۆرەکانی هێز، سەرکردایەتی ئەو ناوچانەیان کردووه که له ژێر دەستیان بووه، پەلیان بۆ داگیرکاری و ژێردەستکردنی ناوچەکانی دیکەش هاویشتووه، واته هێزێکی ماددی و سەرمایه یان هێزی سوپایی و ئایینی، یان خاوەن زەوی و زار و سنوورێکی جوگرافیایی گەوره که له ژێر ڕکێفیان بووه.
سەردەمانێک ئەمانه سەرچاوەی هێز بوون و ئەو ئێمپراتۆرییانەیان پاراستبوو و تا جەنگی جیهانی دووەم، هەر ئەم ئامراز و سەرچاوانەی هێزیان بۆ داگیرکاری و کۆنتڕۆڵکردنی خەڵک و ناوچەکانی دیکه بەکار دەهێنا که زۆربەیان له ڕێگای کاولکاری و کوشتن و بڕین و جێنۆساید و قڕکردنەوه بوو.
بەڵام دوای جەنگی جیهانی دووەم بارودۆخەکه تووشی گۆڕان بوو و ئیتر سەرەتایەک بوو، بۆ هاتنه ئارای ئامرازێکی دیکەی هێز و جۆرێکی دیکه له ئیمپێریاڵیزم که ئەویش ئیمپێریاڵیزمی کولتووری بوو. ئەمریکا دوای بڕانەوەی شەڕ، که خاوەنی پردێکی زۆری بەستنەوەی جیهانی و بەرهەمێکی زۆری پیشەسازی و تێکنۆلۆژی که هەمووی پێویستی به ساغکردنەوه و دۆزینەوەی بازاڕ بوو، به پیرۆزەکانی شەڕی وت (که ئیتر لەمە بەدوا داگیرکاری له ڕێگای کاولکاری و کوشتن و بڕین دەبێت لاواز بێت، بەڵام دەبێت بۆ گرتنه دەستی جیهان ڕێگایەکی دیکه بگرینەبەر، که ئەویش داگیرکاری کولتوورییه و به ناوی (جەنگی مێشک) ناوەدێری کرد و ستراتیژییەکەی ئەوه بوو که له ڕێگای بڵاوکردنەوەی کولتووری وڵاتانی خاوەن کەلووپەل و بەرهەمی پیشەسازی و بەکارهێنان و دابەشکردنی تێکنۆلۆژی بەسەر جیهاندا، کولتووری وڵاتانی دیکه داگیر بکرێت و کاتێک که وایلێهات و کولتووری خۆیانت سڕییەوه و کولتووری دیکەت بەبەریاندا کرد، لەوەبەدوا کەلووپەلەکانی تۆ دەکڕن و دەبنه بەکار هێنەری ئایدییاکان و هەموو شتەکانت و بۆ ئەم کارەش ڕاگەیاندن و بەرهەمه ڕاگەیاندنەکانیشیان، وەک ئامرازی کاریگەریی ئەو داگیرکارییه کولتوورییه هەڵبژارد، که ڕێچکەکەی بەمشێوه بوو:
به پشتبەستنی میدیاکان به بەرهەمهێنانی بەرهەمه میدیاییەکان وەک دراما و فیلم و ناردنیان بۆ وڵاتانی دیکه و نیشاندانی کولتووری جیاواز پێیان، داگیرکاری و پشتبەستنی کولتووری پێکدێت، که لە ئاکامدا ساغکردنەوەی بیر و کەلووپەلەکانی لێدەکەوێتەوه، ئەمه دەبێته هۆکاری پشتبەستنی ئابووری و پشتبەستنی ئابووریش به هەر وڵاتێک ژێردەستی ئەو وڵاتەی لێدەکەوێتەوه که پڕۆسەکەی له ڕێگای ناردنی زانیارییەکانەوه بوو و هەر وڵاتێک که توانای ناردنی زانیاری هەبوو دەبووه داگیرکەر و ئەو وڵاتەش که توانای هەناردەکردنی زانیاریی نەبوو، دەکەوته ژێر لێشاوی زانیارییەکان و دەبووه ژێردەست. بەڵام به بەرهەمهێنانی زیرەکی دەستکرد و ئامێره زیرەکەکانی پەیوەندیکردن، جگه لەوەی ناردنی زانیارییەکان خێراتر و بەردەوامتر بوون، ڕێگایەکی دیکه دەستی پێ کرد که ئەو ڕێگایه (کۆکردنەوەی زانیارییەکانه)، واته ئامێرەکان هەم زانیاری هێنەر، هەم کۆکەرەوەی زانیارییەکان، هەم زانیاری بەرەکانیشن.
به هاتنی ئەم بارودۆخه مرۆڨ وایدەزانی که کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکانی ئێنستاگرام، واتسئەپ و ... که ملێونان پارەیان بۆ بەرنامەکانیان خەرج دەکرد خەڵەتاون و دەیانکوت که ئەم بەرنامانه خۆ پاره بەرهەمناهێنن ئیتر بۆ پارەیان تێدا خەرج دەکەن؟ نایاندەزانی که ئەم بەرنامانه له ڕێگای کۆکردنەوەی داتا و زانیارییه دیاریکراوەکان له بەکارهێنەرانیان، به دوای گەیشتن به ئامانجه دیاریکراوەکانی خۆیانەوەن. واته چۆن له ڕابردوودا بۆ بەرهەمهێنانی پیشەسازی و بۆ سازکردنی کەلووپەل و هەناردەکردنیان پاره خەرج دەکرا، لەم ئامێر و بەرنامانەشدا به مەبەستی بەرهەمهێنانی میدیایی بۆ هەناردەی زانیارییه دیاریکراوەکان پاره خەرج دەکرێت، واته داتا و زانیارییەکان ( کەسی و بییۆلۆژیک) له مرۆڨەکان کۆدەکرێتەوه و بەمشێوه، مرۆڨ مۆنۆپۆل و کۆنتڕۆڵ دەکرێت.
گرفتی ئەم شێوەیه لەوەدایه که چۆن له ڕابردوودا هەموو وڵاتەکان نەیاندەتوانی ببنه خاوەنی بەرهەمی پیشەسازی و بەرهەمهێنەری زانیاری و هەناردەکردنی، جیاوازی هێز پێکهات و له ئێستاشدا هەموو وڵاتەکان ناتوانن ببنه خاونەنی ئامێری کۆکردنەوەی داتا و زانیاری، که ئەمه بووەته هۆی پێکهاتنی هێزەجیاوازەکان و سەرلەنوێ ئێمپێریاڵیزم له ژێر ناوی (ئێمپێریاڵیزمی داتا و زانیاری) پێکهاتووه که ڕێچکەکەی بەمشێوەیەیه:
ئەوەی که داتا و زانیاری زیاتری مرۆڨەکانی جیهانی لەلابێت، ئەوه دەبێته ئێمپراتۆری جیهان.
بێگومان ئەوانەی که خاوەنی زیرەکی دەستکرد و سایتگەلێک وەک ئامازۆن و گووگڵ و ئامێرەکانی زیرەکی دەستکردن، چونکه لەوێوه زانیاری لەسەر کۆی مرۆڨەکان وەردەگرن، بەپێی بیرکردنەوه و خواست و پێداویستییەکانیان بەرنامەی بۆ دادەڕێژن و دەبنه خاوەنی هەمباره گەورەیەکی زانیاری و داتای مرۆڨەکان و کۆنتڕۆڵی مێشک و تەنانەت ناخ و هەست و بیرکردنەوەکانیشیان دەکەن.
ئێستاکه هەرکامێکمان لانی کەم ئامێرێک و چەند بەرنامە و ماڵپەڕێک، ڕۆژانه بەکاردەهێنین که چاودێریمان دەکات که چی دەکەین. بەبڕوای من له داهاتوودا سیستمگەلێکی پێشکەوتووتر لەم سیستمانه دێنه نێو دونیای تێکنۆلۆژییەوه!
[1]