بە سەرت
گیانە، شمشیری برۆت خوێن دەڕژێنێ، بە سەرت!
ڕۆژی ڕووشت بە خودا، دڵ دەچزێنێ، بە سەرت!
من بەهۆی ڕووتەوە هاتم، کەچی شمشیری برۆت
کوشتمی بێ خەبەر و کردوویە خوێنێ، بە سەرت!
خوێنی من سوورە، لەسەر کوڵمەتە، مەیشارەوە لێم
لەگەڵ ئەو شیری برۆت کێشە بوو دوێنێ، بە سەرت!
یانی کوڵمت وەکوو ڕۆژە کە بە زولفی ڕەشی خۆت
داینەپۆشی دڵ و جەرگم دەکوڵێنێ، بە سەرت!
بەو هەموو سوێندە کەسی من، بە سەری تۆ، هۆنەر
ئارەزووی بوو کە موحەببەت بنوێنێ، بە سەرت!
گەر دەکێشێ لە منی غەمزەدە شیر، ڕۆژی ڕووت
ون کە، با ئاسوودە بم تاکوو سبەینێ، بە سەرت!
«کامیل» ئەوڕۆ بەکوڵ و جۆشە لە سایەی گوڵی ڕووت
وەکوو بولبول بە خرۆش خۆش دەخوێنێ، بە سەرت!
#سەید کامیل ئیمامی#
#دیوانی ئاوات# [1][2]