سروەی سەحەر
قوربانی تۆزی ڕێگەتم ئەی سروەکەی سەحەر!
ئەی شارەزا و بەڵەد بە هەموو کێو و دەشتودەر!
کاتی گزنگ چیا بە نەسیمت مونەووەرە
ڕەنگین دەبێ لە تۆقی سەریڕا هەتا کەمەر
ئەم ڕەنگی زەرد و سوورە لە سەرڕا بە لوتفی خۆت
دێنی بە هەدیە بۆ دەرودەشت کاتی گەشتوگەڕ
چەشنی کزەی شەماڵ بە، وەرە لام بە گەرموگوڕ
وەک ئاهی من مەبە، کەسەکەم! هێندە ساردوسڕ
باش بۆم بگێڕەوە: چییە باس و خەبەر لەوێ؟
لێرە بە مەرگی تۆ خەمە باس و خەمە خەبەر!
ئێمە هەموو پەرۆش و پەرێشان و هەڵوەدا
وەک تۆ هەناسەسەرد و سەحەرخێز و دەربەدەر
ئاهەنگ و کەیف و شایی و جێژن و سروورمان
ناڵین و ئاخ و حەسرەت و خوێنخواردنی جگەر
ڕۆژێ کە جێژنە، کاتی سروورە، کەچی لەپڕ
دەگرێ بەبێ موحاسەبە، دەرگا بە ئێمە شەڕ
پیاوی جحێڵ و پیرە لە پێش تیری دوژمنان
وێستاوە بێ پەنا و پەسیو، بێ زرێ و سوپەر
خێزان و ماڵی دوژمنی مە، گوڵ دەکەن لە بەر
خێزان و خاوی ئێمە کەچی گڵ دەکەن وەسەر
بەرموور و خشڵ و زێوەری ماڵی مە، موورووە
یاقووت و لەعلە، خشڵی ژنی وان و زێو و و زەڕ
هەریەک بە ئێش و ئۆف و بە دەردێکەوە تلاین
هەریەک لە بەر خەمێکە کز و مات و لاڵ و کەڕ
چاوی تەڕی گەلە کە دەبارێنێ خوێنی گەرم
فرمێسکی سووریانە لە جێگەی دوڕ و گوهەر
یاڕەببی! چاوەڕێی کزەبای ڕەحمەتین هەموو
ڕەحمێ بە ئاگر و کوڵی دڵ کە و بە چاوی تەڕ
بەڵکوو چرۆ وەدەرکەنەوە باغی لاوەکان
بێ سایەبان و بێبەر و بێبەرگ و بێسەمەر
«کامیل» خودات دەگەڵ بێ بە ئاواتی خۆت دەگەی
ئەمجار بە ڕەحم و لوتفی خودای خاوەنی هونەر
#سەید کامیل ئیمامی#
#دیوانی ئاوات# [1][2]