نامەی بانگهێشتن
قەدەم هەڵبێنە خۆش کە خاتری تەنگ
بەپێی خۆت بێنە شادی و کەیف و ئاهەنگ
خەریکی ڕشتنی ڕەنگی عەرووسین
بەبێ تۆ ڕیسی ئێمە ناگرێ ڕەنگ
ئەتۆ سەرقافڵەی ڕێگەی مرادی
منیش کوێستانە ڕێگەم، قافیەم تەنگ
ئەوا چاوم لە سەر ڕێتە بەبێ هەست
ئەوا ڕۆحم لە بەر پێتە، بەبێ دەنگ
دڵی بێچارە بۆ تۆ وەک کەبابە
نییە بێ تۆ، شەڕابی ناب و گوڵڕەنگ
هەموو ئەسپابی شادی، گردوکۆیە
کەچی بێ تۆ تەرازووی عەیشە لاسەنگ
وەرە تۆ سەیقەلی بۆ قەلبی «کامیل»
بە لوتفت لابەرە گیانە لە دڵ ژەنگ
#سەید کامیل ئیمامی#
#دیوانی ئاوات# [1][2]