بە ناوی تۆ
بە یادی تۆیە دەچنم خونچە و گوڵ!
بە تیری تۆیە کون بوو دڵ، دەدا چڵ
بە بۆی شەوبۆی گوڵی کوڵمت دەسووڕێم
دەڕۆم ئەم دار و ئەو دار، ئەم چڵ، ئەو چڵ
لە نێو زولفی ڕەشتدا هەر دەخوێنێ
شەوێ تا ڕۆژ دڵم وەک پیرەبولبول
لە زولف و خەتت و خاڵی تۆ دروست بوون
وەنەوشە و سوورەگوڵ، شەبۆ و سونبول
بەخێرێی نێرگسی شەهلا، لە باخان
چراخانە لە خۆشی تۆ لە نێو گوڵ
ئەوا بۆنی گوڵی تۆی کرد «ئیمامی»
بە بێ هۆشی لە خۆشیان هەر دەدا خول
#سەید کامیل ئیمامی#
#دیوانی ئاوات# [1][2]