لێپرسراوی مەڵبەندی #سلێمانی# دەڵێت: یەکێتی لەگەڵ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەڕڵەمانی کوردستانە لەوادەی خۆیدا و هەروەها تەئکیدیش دەکەینەوە کە پێویستە پێکهاتەکان نوێنەری ڕاستەقینەی خۆیان هەبێت لە پەڕڵەمان.
#زیاد جەبار# لێپرسراوی مەڵبەندی سلێمانی #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان# لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەبارەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەڕڵەمانی کوردستانەوە ڕایگەیاند: یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەگەڵ ئەوەدایە هەڵبژاردنی پەڕڵەمانی کوردستان لەوادەی خۆیدا ئەنجام بدرێت کە ڕۆژی #25-02-2024#ە.
جیاوازی یەکێتی لەگەڵ سەرجەم هێزە سیاسییەکانی کوردستان و بەتایبەت #پارتی دیموکراتی کوردستان# ئەوە بووە لەسەرەتای خولی پێنجەمی پەڕڵەمانی کوردستانەوە بەردەوام جەختمان لەوە کردووەتەوە لە هەر ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان هەر پێکهاتەیەک هەبێت خۆیان نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی خۆیان بکەن لە پەڕڵەمانی کوردستان و دەشمانەوێت مەسیحییەکانی سلێمانیش نوێنەری خۆیان هەبێت لە پەڕڵەمانی کوردستان، زیاد جەبار وای وت.
لێپرسراوی مەڵبەندی سلێمانی لەبارەی سکاڵاکەنشیان کە لە خولی پێنجەمی پەڕڵەمان لەبارەی پێنج ماددە لە یاسای هەڵبژاردن کە ئاڕاستەی دادگای فیدراڵییان کردبوو ڕایگەیاند: بەو هیوایەین بڕیاری دادگای فیدراڵی کە لە #27-12-2023# دەدرێت، بە دڵی هەموو لایەک بێت و لە بەرژەوەندی گشتی بێت، چونکە داواکەی یەکێتی بۆ بەرژەوەندی گشتییە و لەپێناو خزمەتی خەڵکی هەرێمی کوردستانە بەسەرجەم پێکهاتەکانەوە. [1]