حاسڵی من
وەی کە هەر کاتێ شین ببێ گوڵی من
کە بپشکوێ، چ خۆش دەبێ دڵی من
ڕابوەستن هەتا دەگاتە بەهار
جا دەبینن گوڵیش لەسەر گڵی من
ئەوکەڕەت کیژوکاڵ لە من پرسن
تێدەگەن باش کە قەبرە مەنزڵی من
مەنزڵی چی؟ پڕە لە خیز و بەرد
پاکی هەر دڕکوداڵە باخەڵی من
کەسێ بچنێ گوڵێک لەسەر گۆڕم
هەڵدەچێ زوو لە دەستی پێکوڵی من
بەرهەمی ساڵیانەکەم پرسن
سەری خەرمان جەفایە حاسڵی من
من بە «ئاوات»ی خۆمەوە سووتام
داخۆ کەنگێ بڵند بێ مەشقەڵی من
#سەید کامیل ئیمامی#
#دیوانی ئاوات# [1][2]