ناونیشان: $سەید خەلیل یەکێک لە پیر و ڕابەرانی ئایینی یارسان، بەهرەوەر و بەهرەداری کورد$
ئامادەکردنی: هیوا ساعدی
ناونیشان: وتاری هونەری
ڕێکەوت: 18-11-2023
سەید خەلیل یەکێک لە پیر و ڕابەرانی ئایینی یارسان، شاعیر و ژەنیار، ئاواز خوێن، ئاهەنگساز، وەرزشکار، نووسەر، خۆشنووس، عارفی بینا و عاشق. لە ساڵی 1958 لە شاری #سەحنە# لە دایکبوو. باوکی سەید شاهموراد عالی نەژاد ژەنیاری تەمبور بوو.
ژەنینی تەمبووری لە لای سەید نادر تاهیری دەستپێکرد و پاش دوو ساڵ چووە خزمەت سەید ئەمروڵڵا شاە ئیبراهیمی. هەروەها ماوەیەکیش لای دەروێش ئەمیری حەیاتی فێرکار بوو و پاشان توانی بگاتە کلاسەکانی مامۆستا عابدین خادمی. لەو سەردەمە دا هاوکات سەرپەرشتیی گرووپی تەمبوورژەنانی سەحنەی وە ئەستۆ گرت. ناوبراو ساڵی 1997 بەشی مۆسیقای زانکۆی تارانی تەواوکرد.
شارەزاییەکی تەواوی لەسەر مۆسیقای ئێران و کوردستان هەبوو. لە لای مامۆستا میرزا حسێن خادمی فێری ئاواز ببوو، لە لای مامۆستا نادر نادری فێری دەفژەنین بوو، لە لای کەیخوسرەو پوورنازریش، تارژەنین فێر بوو.
جگە لە ژەنینی تەمبوور، خەریکی درووستکردنی تەمبوور و سێ تاریش بووە و ئامێرە درووستکراوەکانی ئەو بە مۆری شەیدا بەرهەمی کارگەی هاوبەشی ئەو و عەبدولرەزا ڕاهنەما بوون و لە پاش ساڵی 70 وە لە کارگەی خۆیدا بە مۆری قەلەندەر درووستکراون و ئێستا لەبەر دەستن.
لە سەرەتای شەستەکان، گرووپی تەمبووری شەمس، بە سەرپەرشتیی کەیخوسرەو پوورنازری پێکهات و سەید خەلیل چووە نێو ئەو گرووپەوە. پاشان لە ناوەڕاستی حەفتاکان، سەید خەلیل خۆی گرووپی #بابا تاهیری هەمەدانی# ی پێک هێنا. ناوبراو جگە لە تەمبوور ژەنین و ئاواز خوێندن، شارەزاییەکی تەواو لە سێ تار ژەنین دا هەبوو.
ئەو بەرهەم و پەرتووکانەی خوارەوە لە سەید خەلیل بە جێ ماون:
1- تەمبوور لە کۆنەوە تا ئەمڕۆ. کە نامەی تەواوکردنی بەکالۆریۆسی لە کۆلێژی مۆسیقای زانکۆی تاران بوو. 1997
2- نامیلکەی یاری کە هەڵبژاردەیەکە لە دەفتەری سەرەنجام. 2001 چاپی یەکەم 2006
3- وەرگێڕان و تەفسیری کەلامی حەزرەتی شێخ ئەمیر و کەلامی حەزرەتی تەیموور بانیاران. هەروەها بەراوەردی نووسخەکان و وەرگێڕانی کەلامی حەزرەتی خان ئەڵماس.
ئەلبۆمی مۆسیقا:
کۆمەڵێکی زۆر بەرهەمی مۆسیقایی لە پاش بەجێ ماوە کە بریتین لە ئەلبوومەکانی ئیین مەستان، سنای عەلی، زەمزەمە قەلەندەری، ئیین قەلەندەری، شوکرانە و هەروەها ژمارەیەکی زۆرم بەرهەمی مۆسیقایی لە ڕێوڕەسمە ئایینییەکانی ئایینی یارسان، پێشکەش کردووە.
سەید خەلیل پاش چەند ساڵ ژیان لە شاری #تاران# لە ساڵی 2001 دا بۆ ماوەی شەش مانگ چووە سوید و پاشان بۆ ساڵێک نشتەجێ بوونەکەی درێژ کردووە. بەر لەوەی بتوانێت بگەڕێتەوە ئێران، لە 2002 دا لە شاری گۆتنبرگی سوید، لەلایەن کەسانێکی نەناسراوەوە تیرۆر کرا و پاشان لەشی پاکی و خانووەکەی ئاگریان تێبەردرا بەڵام ڕیش و سمێڵ و قژی نەسووتان کە سەید میهرداد مشعشعی ئەی گێڕێتەوە و خۆی چووەتە سەر لاشەکەی.
عشق ناقوس انالحق میزند
غیرتش اتش بە ناحق میزند
عشق اعجاز مسیحا میکند
جلوە های حق هویدا میکند
عشق اتش می زند بر جان عقل
می بسوزاند ز بن بنیان عقل
مێژووی تەمبوور یان تەنبوور ناوی ئامێرێکی مۆسیقایە، ئەم سازە لە کاسەیەکی گەورەی باڵدرێژ پێکهاتووە کە چوار تاڵ ژێی بەسەردا تێپەڕ دەبێت و بە قامک دەژەنرێت، تەمبوور سازێکی تایبەتیی ئایینی یارسانە کە زۆرتر لە ناوچەکانی کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەکاردێت، شوێنکەوتووانی ئایینی یارسان یان هەمان ئایینی کاکەیی وەک سازێکی پیرۆز سەیری دەکەن و لە بۆنە ئایینییەکاندا بەکاریدێنن، جگە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کاکەییەکان لە ناوچەکانی کەرکووک و دوز و هەڵەبجەی شەهیدیش نیشتەجێن و لە بۆنە ئایینییەکاندا ئەم سازە بەکردێنن.
لەناو کورداندا چەندین بۆچونی جیاواز هەن لەسەر تەمبوور بۆ نموونە کوردانی تورکیا بە دیوان دەڵێن تەمبوور، لە ڕۆژهەڵات و باشوور بە سازی ئایینی یارسانییەکان دەوترێت تەمبوور، کوردانی خۆراسان بە دوو تار دەڵێن تەمبوور.
تەمبوور بە پێی ئەو ئامێرەی لە ئیلامی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دۆزراوەتەوە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە 5000 ساڵ پێش ئێستا، هەنووکە حەوت جۆری تەمبوور هەن ئەوانیش: شێروانی، خۆراسانی، بەغدای یان مەزانی، تورکی، دوو تەلی، نای تەمبوور و تەمبووری مەرکەشی. فارابی لە پەرتووکی (الموسیقی الکبیر) تەمبوری بەغدای و خۆراسانی ناودەبات.
لەناو کورددا چەندین ژەنیاری بەتوانای تەمبوور هەن کە ناوبانگیان سنوورەکانی بڕیوە وەک: سەید خەلیل عالی نەژاد، کاکە ئەڵاموراد حەمیدی، کەی خەسرەو پورنازری.
نموونەی مەقامەکانی تەمیرە بریتین لە: شێخ ئەمیری، سەحەری، باباناوس، عابدینی، چەپی، قەتار، تەرز.
مامۆستا #حسێن یەزدانپەنا# دەڵێت: (تاران لە تەمبوورەکەی دەترسا؛ چوونکە مێژووی ئەم نیشتمانە کەونارایەی وەرد دەدایەوە و ئازاری خاکەکەی ڕادەژەند.لە پەیڤەکانی دەسڵەمییەوە، چوونکە ئەفسانەی سەت ساڵەی«نەتەوەی ئێران»ی دەکردەوە خوری، ھەر بوونی بە مەترسیی دادەنا، چوونکە ناسنامەیەک بوو بەرانبەر ئاسمیلاسیۆن و لەمپەڕێک بوو بەرانبەر «ئێرانیبوون».
سەیدی کوردانیان لە ئاگردا سووتاند؛ بەو خەیاڵەی تەمبوور لە ناڵە بکەوێ و وشە لە پەیام بەتاڵ بێ. بەڵام نەیانزانی ئەو لە تۆرمەی قەقنەسەو لە خۆڵەمێشی خۆیدا، زیندوو دەبێتەوە)
#18-11-2023#
[1]