تێکشکاندنی دونییەت و خۆبەکەمزانین
#کامەران مەنتک#
لەکاتێکدا باشووری کوردستان کەوتووەتە ژێر کاریگەریی شەڕێکی ئابووری و دەروونی سەخت، تاکی کورد لەو بەشەدا لەجیاتی ئەوەی بە پشتبەستن بە تواناکانی خۆی بە دوای چارەسەریدا بگەڕێت، وەک سواڵکەرێک ڕۆژانە لەبەردەرگای بەغدا دایە، لەکاتێکدا تاکی کوردی لە باشوور لەوپەڕی بێهیوایی و بێباوەڕی دەژیت، تەنانەت خەریکە متمانە بە خودی خۆی لە دەست دەدات، لەو کاتەدا لە باکووری کوردستان ئیرادەیەک درووست بووە، کە هەرگیز ناڕوخێت، ئیرادەیەک، کە خەریکە ئەو دونییەت و خۆبەکەمزانینەی لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردوودا دوچاری تاکی کورد هاتووە، دەیسڕێتەوە و لە ڕەگەوە دەریدەهێنێت، ئەو ئیرادەیە شایەنی ڕێزلێنان و پشتگرتنە، سەیر لەوەدایە هەموو دنیا، بەرۆژهەڵات و ڕۆژاواوە، بەئاشکرا و بەنهێنی، دژی ئەو ئیرادەیە کار دەکات، کەچی نەک تێکناشکێت، بگرە ڕۆژبەڕۆژ بەهێزتریش دەبێت.
ڕاستە تورکیا نوێترین چەکی سەردەمی لەبن دەست و پاڵپشتی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەگەڵ دایە، ڕاستە ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوا، بەهۆی پێگە جیۆستراتیژییەکەیەوە، مێچکەمێچکەی تورکیا دەکەن و نەک تاوانەکانی دادەپۆشن، بەڵکوو بەچەک و جبەخانەی ئەوان ولەبەر زەقەی چاوانی مرۆڤایەتی، ڕۆژانە جینۆساید و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی لە هەموو پارچەکانی کوردستان ئەنجام دەدرێت، لەگەڵ ئەوەشدا ئەم تاوانکارییە نەک ئیرادەی تاکی کوردی لە باکوور تێکنەشکاندووە، بگرە ڕۆژبەڕۆژ بەهێزتر دەبێت، سەیر لەوەدایە نەک دوژمنان، بەشێکی زۆری هێزەکانی باشووریش، وەک هێزێکی کاریگەر و بەهەموو ئامڕازێکی ڕاگەیاندنەوە دژی ئەو ئیرادەیە کار دەکەن، زۆرینەی میدیاکانی باشوور وەک میدیایەکی تورکی هەواڵ و ڕووداوەکانی بەرەی شەڕەکان دەگوازێتەوە، کە ئەمە کاریگەرییەکی نەرێنیانەی ترسناکی لەسەر دیدوبۆچوونی تاکی کورد لە باشوور درووستکردووە و ڕەنگدانەوەیەکی ترسناکیشی لەسەر یەکگرتوویی کورد وەکوو نەتەوەیەک هەیە، بەڵام ئەمانە هیچ لەو بابەتە ناگۆڕێت، کە دەبێت ڕێز لەو ئیرادەیە بگیرێت و پاڵپشتی بکرێت.
#پارتی کرێکارانی کوردستان# ، وەک حیزبێکی سیاسی لە ڕەخنە بەدوور نییە، ئەویش لە زۆر ئاستەوە پێویستی بە بەخۆداچوونەوە و چاکسازی هەیە، بەڵام ئەوە هیچ لەوە کەم ناکاتەوە، کە تاکە حیزبە توانیویەتی بەشێوەیەکی ڕیشەیی ڕووبەڕووی ئەو خۆبەکەمزانینە بێتەوە، کە تاکی کوردی لە هەموو بەشەکانی کوردستان دووچاری هاتووە، ئەو توانی ئەو نەخۆشییە لە ڕەگەوە هەڵبتەکێنێت و نەک لەچیاکان، بەڵکوو لەناو خودی پەڕڵەمانی تورکیاش ڕووبەڕووی ڕەگەزپەرستی و لووتبەرزی تورکەکان ببێتەوە پێیان بڵێت، کە ئێوە خەڵکی ئەو وڵاتە نین و ئێمە خاوەنی ڕەسەنی ئەو خاکەین.
گەنجە شۆڕشگێڕ و ئازاکانی ئەو حیزبە توانیویانە ترس و فۆبیایەکی وا لەدڵی سەرباز و هێزەکانی تورک بچێنن، کە هەرگیز نەتوانن ڕووبەڕوویان ببنەوە، ئەوە ئەو ڕاستییەیە، کە دەبێت ببینرێت، کاتێک خەریکی کۆکردنەوەی زانیاری بووم بۆ توێژینەوە لەسەر شەڕی ناوخۆ، چاوپێکەوتنم لەگەڵ یەکێک لەو ڕۆژنامەنووسانە کرد، کە لە نەوەدەکاندا لەپاڵ هێزێکی باشوور چووبووە شەڕی پەکەکە و ڕۆوماڵی ڕووداوەکانی دەکرد، وتی هەندێک لە ئەفسەر و سەربازە تورکەکان لەگەڵ هێزەکانی ئێمە دانیشتبوون، یەکێک بەگاڵتە وتی گەریلا هات، ئەوانە وا ڕایان کرد کون نەما خۆیانی تێدا حەشار بدەن، ئەو فۆبیایە لەگەریلا، لە ناخی هەموو سەربازێکی تورک چەکەرەی کردووە.
ئێستا لە باشوور، خەڵک بەدوای سواڵکردن و پاڕانەوە و کار لەسەر ئەوە دەکرێت مرۆڤی کورد لە هەموو ئیرادەیەکی بەرەنگاربوونەوە داماڵرێت، کەچی لەناو ئەو بەفر و بۆران و چیا سەختانەدا، چەند گەنجێکی کورد، ڕووبەڕووی سەختی سرووشت و دڕندەیی سوپای تورکیا دەبنەوە و تێکیان دەشکێنن، کاتی ئەوە هاتووە ئەو ڕاستییانە ببینرێت، لەچاوی میدیای حیزبەکانی باشوورە وە سەیری خەباتی باکوور و ڕۆژاوا نەکرێت، هاوکات کاتی ئەوە هاتووە هێز وحیزبەکانی باشووریش، لەجیاتی ئەوەی لەداگیرکەران نزیک ببنەوە، هەوڵ بدەن، ئەو ڕاستییانە ببینن و ڕێگە بۆ درووستکردنی یەکێتییەکی نەتەوەیی خۆش بکەن، تورکیاش دەبێت دڵنیابێت لەوەی، ئەگەر سەد ساڵی تریش بەئاگر و ئاسن بکەوێتە وێزەی کوردستان، لە کۆتاییدا باشترین چارەسەر ئەوەیە لەگەڵ پەکەکە لەسەرمێزی گفتوگۆ و دانووستان دابنیشێت، بۆ ئەوەی چیتر خوێنی ڕۆڵەکانی کورد و تورک بەهەدەر نەدرێن.[1]