حاجی تۆفیق بەگی #پیرەمێرد# و نەورۆز و شوناسی نەتەوەیی
ئەم نووسینە بە چەند دێڕ لە یادداشتێک دەستپێدەکەم کە ساڵی 1925ی زایینی لەمەڕ پیرەمێردەوە بڵاو بووەتەوە. سەر لەبەیانی ڕۆژی #02-02-1925# دنیا سارد بوو، کزە بایەکی وشک لە گۆیژەوە دەگات. خۆی بە ڕووی خەڵکەکەدا ئەدا، لەگەڵ ئەوەشدا ئەوانەی لەسەر خوێندنەوەی ڕۆژنامەی ژیانەوە ڕاهاتبوون، هەر یەکەو دانەیەکی بەدەستەوە بوو و بەپەلە بوو بگاتە شوێنی کاری و چاوی بە ڕۆژنامەکەی شاردا بگێڕێ. یەکێک لەو هەواڵانەی ئەو ڕۆژە سەرنجی خوێنەرانی ڕاکێشابوو ئەمە بوو؛ جەنابی تۆفیق بەگی مەحموود ئاغا کە 23 ساڵە لە وەتەن دوور کەوتووەتەوە شەوی #30-01-1925# تەشریفی هاتەوە. مەملەکەتەکەمان بە قدوومی ئەم زاتە زۆر مەسروور و پێ خۆشحاڵە، بە ناوی هەموو هاووڵاتییەکەوە بەخێرهاتنی دەکەین.
دوای ئەوەی 25 ساڵ پیرەمێرد لە کوردستان دوور دەکەوێتەوە بەو هۆنراوەوە ڕوو لە کوردستان دەکاتەوە:
ئەوا ڕووم کردە تۆ ئەی دایکی موشفیق بیست. پێنج ساڵە
لە غوربەتدا بەیادی تۆ دەژیم خوا شاهیدی حاڵە
بەیانی دا نەسیم لای تۆوە هات، بۆنی وەتەن پێوە
ئەوا نووسرایەوە پیرانە سەر عومرم لەسەر نوێوە
ترەن جووڵایەوە، وا کەوتە ڕێ، باوەڕ بە خۆم ناکەم
خەوە یا خود خەیاڵ، یا ڕاست.ەوم حاڵی فەڕەحناکەم
کە با بێنی گوڵێکی کانی با بێنێ لە لام وایە
تەڵای کەیخوسرەوی وەک گەنجی باداوەر هەمووی بایە
ئەو بەو هەستەوە دێتەوە و دەگەڕێتەوە بۆ نیشتمانی دای و بابی خۆی و ڕۆژنامەکان بەو شێوازە پێشوازی لە هاتنەوەی دەکەن.
لێرەوە لە ڕازی ئەو پێشوازییە دەگەڕێین کە خەڵکی #سلێمانی# و بگرە هەموو کوردستان لەگەڕانەوەی پیرەمێردیان کردووە. دەزانین کە پیرەمێرد وەک نووسەر و ڕۆشنبیرێکی گەورە لەناو کورددا ناسراو بوو. ڕۆژنامەکانی ژین و ژیان و زۆر بڵاڤۆکی دیکە لە یادگارە بەنرخەکانی پیرەمێردن. هۆنراوە و نووسراوەکانیشی هەم پێگەی تایبەتیان هەیە و هەم کاریگەریی زۆریان لەسەر جیلێک لە خوێندەوارانی باشووری کوردستان داناوە و ببوون بە بنەمایەکی زمانی و شێوازێکی تازە لە بیر کردنەوە. بەڵام زیاتر لە هەموو ئەوانە لەو نووسینەدا دەمەوێ قامک لەسەر یەکێک لە گرینگترین کردە کۆمەڵایەتی و کولتووری و تەنانەت یاساییەکانی پیرەمێرد دابنێم.
حاجی تۆفیق بەگی پیرەمێرد زیاتر لە 120 ساڵ لەمەوبەر لە وڵاتێکی پان و بەرینی وەک ئیمپڕاتۆریی عوسمانی و لە جەرگەی ناوەندە ڕۆشنبیرییەکانی ئەوێدا خۆی پێگەیاندووە. جودا لە خوێندنی ئاسایی لە بواری زانستیشدا کۆلێژی یاسای تەواوکردووە و توانیوێتی لەو سیستەمە دەسەڵاتدارەتییەدا پلەوپایەی گرینگیش بۆخۆی مسۆگەر بکا. بەڵام جودا لەوانە پیرەمێرد لە ڕێگای ڕۆژنامە و بڵاڤۆکەکانی ئیستانبووڵەوە ئاگاداری بزووتنەوە و ڕەوتە ڕۆشنبیری و سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی ناوچە و جیهان بووە و لەو ناوەدا گرینگییەکی زۆری بە بواری ڕۆژنامەگەری لە لایەک و شوناس سازی لە لایەکی دیکە داوە. لە ڕۆژنامەکانیشیدا کە بەشێکی زۆری بابەتی خۆی و ئەو کەسانە بوون لە گوێن ئەو بیریان کردووەتەوە و کاریگەرییان لێ وەرگرتووە، جەختی زۆری لەسەر زیندووکردنەوەی زمان و دابوونەریت. کەلەپووری کوردی لە لایەک و وە دەستهێنانی مەعریفە و ڕۆشنبیریی نوێ لەلایەکی ترەوە بووە و لەو ڕێگایەوە ویستوویەتی کارێکی جیهانی ناوچەیی بکات. واتە لە لایەک بەردەنگەکانی کە خوێندەواری کورد بوون، ڕەگ و ڕیشەی بیری کوردی و نەتەوەیی خۆیان لە ڕێگای زمانەوە بناسن و لە لایەکی دیکەوە ئاگاداری ڕەوتی بیر و زمان و ئەدەبی جیهانیش ببن و بە گشتی هەوڵی داوە بۆ سازکردن و ئامادەکردنی مرۆڤێکی ئەوڕۆییی کورد کە لە ڕەگ و ڕیشە و بن و بنچینەی خۆشی نە تەنیا دانەبڕاوە بەڵکوو بە باشی دەیناسێ و دەشیپارێزێ.
وەک دەزانین ئیستانبووڵی و ئەوکات، شوێنی بەریەککەوتن و ناسیاری پەیدا کردنی کولتوورە جیاوازەکان بووە. لە لایەک وەک دایکی ئاوەدانییەکانی جیهانی ئیسلامەتی لە هەموو جۆرە بیر و زمان و داب و ڕەسمێکی کۆمەڵایەتیی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی تێدابووە و لە کورد و تورک و عەرەبەوە بگرە تا سریان و تورکمان و ئەرمەنی و چەرکەس و ... لایەکی دیکەوە بەشێکی ئەو گەورە شارەش هەر ئەورووپایی بووە و ڕێگا و دەلاقەیەک بۆ هاتنە ژوورەوەی بیری ڕۆژاوایی. لە وڵاتێکی وادا، دیارە شوناسە قەبەکان قەبەتر و شوناسە لاواز و دەست کوورتەکانیش هەر لە کزی دەدەن و تەنانەت بۆیان دەشارنەوە و لەنێو شوناسەکانی دیکەدا بزر دەبن. لە دۆخێکی وادایە کە پیرەمێرد بیر لە بناخەیەکی نوێ بۆ شوناس سازیی کورد دەکاتەوە.
پیرەمێرە ئەوەندەی لە ڕۆژنامەکانیدا هەوڵی دا ماکە شوناس سازەکانی وەک زمان، کولتوور، مێژوو، داب و ڕەسمەکان و ... بناسێنێت و زیندوویان کاتەوە، بیری لە پڕۆژەیەکی بەربڵاوتر کردووە کە بتوانێت کۆمەڵانی هەراوی خەڵکی کورد، وێکڕا بەشدار بکا. چون ئەو بیری لەوە کردووەتەوە کە بەردەنگی ڕۆژنامەکەی ئەو، چینێکی تایبەتن بەڵام شوناس سازی و پەرەپێدانی، پێویستی بە هاوئاهەنگیی جەماوەری هەیە. هەر بەو مەبەستە بیر لە بناخەیەک دەکاتەوە کە بتوانێت نەک چینێکی تایبەت. ناوچەیەکی هەڵوارتەی کوردەواری، بەڵکوو بتوانێت هەموو خەڵکی کورد بە هەر زاراوە و بۆچوونێک لە دەوری یەک کۆ بکاتەوە. ئەویش چ شتێک دەیتوانی لە تازە بوونەوەی ساڵ و نوێبوونەوەی زەمان گرینگتر بێ. دیارە نەورۆز هەر لە دێرزەمانەوە لەنێو کورداندا بۆنەیەکی پیرۆز و گرینگ بووە، بەڵام پیرەمێرد هەوڵی دا ئەو بۆنە گرینگ و پیرۆزە، وڵات دڵگریتر بکا. ئەگەر بەر لەو تەنیا چینێکی تایبەت لە لاوان و کوڕ و کاڵان لە بۆنەکانی نەورۆزدا بەشدار دەبوون، ئەو بە پێشانگەیەتیی خۆی ئەو وەهمەی ڕەواندەوە کە نەورۆز تەنیا هیی چینێکی تایبەت، پلەیەکی تایبەتیی تەمەنە. هەر بۆیە لە سەرەتادا بە نووسینی چەند هۆنراوە بۆ بەهار و نەورۆز ڕچەیەکی کردەوە و دواتر بەهۆی ڕووداوێکی سیاسییەوە بە دانانی سروودی بە هێزی نەورۆز کە زیاتر لە سەد ساڵە دەگوترێتەوە و هیچ کوردێک نییە نەیبیستبێ و نەیزانێ، لە ڕێگای زمانەوە ئەو بیرە قووڵەی خستە مێشکی خەڵکەوە و دواتر لە پانتای کۆمەڵایەتیشدا هەوڵی دا لە شاری سلێمانی بە دیاریکردنی شوێنی تایبەت. ڕێوڕەسمی تایبەت. گەورە و جەماوەری لە کارێزی وەستا شەریف و گردی مامەیارە ئەو بۆنەیە بە شێوەیەک زیندوو کاتەوە کە هەمووان تێیدا بەشدار بن و بە خوێندنی سروودی نەورۆز و ئەهەنگ گێڕان و شایی و هەڵپەڕکێ، ڕۆحی کوردانەی ئەو ئاهەنگە بژێیننەوە. بۆخۆشی کە کەسایەتییەکی دیار و پێشەنگی ڕۆشنبیری و خوێندەواری بووە، وای کردووە هەمووان بێ پارێز کردن بە دەوری ئاگری نەورۆزەوە کۆوەبن و بیکەنە ڕێوڕەسمێکی نەتەوەیی بۆ هەمیشە.
لە ئێستاشدا نەورۆز ئەگەر چی لەنێو چەندین گەل و نەتەوەی دیکەی ناوچەکەدا وەک جەژن پیرۆز دەکرێ، بەڵام ئەو دەرفەتە کۆمەڵایەتییە، تەنیا بۆ گەلی کورد هەیە کە بە سەدان هەزار کەس لە شارە گەورەکان بەبێ لەبەر چاوگرتنی ئایین و مەزهەب و بیر و باوەڕی سیاسی لە دەوری یەک کۆبنەوە و هێمای یەکییەتی و یەکگرتووییی نەتەوەیی کوردە. لەنێو گەلانی دیکەدا ئەوانەی تازە ئەو بۆنەیە فێر بوون؛ وەک تورکەکان چون ڕیشە و ڕەچەڵەکی بۆنەکە نازانن هەر لە ڕادەی ڕۆژێ یان ڕۆژانیکی خۆش بۆ ڕابواردندا دەیناسن و داب و ڕێوڕەسمەکانی لەناو ئەواندا ڕەگ و ڕیشەی نییە. لەناو عەرەبەکانیشدا نەورۆز پێشینە و مێژینەیەکی نییە و فارسەکانیش بە ئاوێتە کردنی ئەو بۆنەیە لەگەڵ ئایین و مەزهەب لە ڕاستە ڕێی خۆی لایانداوە .
لە لایەکی دیکەوە شێوەیەک کە پیرەمێرد زیاتر لەسەدەیەک لەمەوبەر لە سلێمانی ڕەچاوی کرد، ئێستاش بۆ گەلانی دیکەی پێڕەوی ئەو بۆنەیە جێبەجێ نابێ کە بتوانن بە هەزاران کەس و هاوکاتە سەدان شار و دێ کۆوەکەن و یەک دەنگ و یەک ڕەنگ سروودی نەورۆز بڵێن و شایی و هەڵپەرکێ بکەن. پێویستە ئێمە وەک ڕێبوارانی ڕێگای پیرەمێردی نەمر ئەو خاڵە وەک یەکێک لە خاڵە شوناس سازەکانی کوردی، ساڵ لەگەڵ ساڵ بەهێزتر و دەوڵەمەندتر ڕەچاو کەین و وێکڕا ئەو سروودە بڵێینەوە و بە دەوری ئاگری نەورۆزدا هەڵپەڕین:
ئەم ڕۆژی ساڵی تازەیە، نەورۆزە، هاتەوە
جەژنێکی کۆنی کوردە بەخۆشی و بەهاتەوە
چەند ساڵ گوڵی هیوای ئێمە پێ پەست.وو تاکوو پار
هەر خوێنی لاوەکان بوو گوڵی ئاڵی نەوبەهار
ئەو ڕەنگە سوورە بوو کە لە ئاسۆی بڵندی کورد
مژدەی بەیانی بۆ گەلی دوور و نزیک ئەبرد
نەورۆز بوو ئاگرێکی وەهای خستە جەرگەوە
لاوان بە عەشق ئەچوون بە بەرەو پیری مەرگەوە
وا ڕۆژ هەڵات.ە بەندەنی بەرزی وڵاتەوە
خوێنی شەهیدە ڕەنگی شەفەق شەوق ئەداتەوە
تا ئێستە ڕووی نەداوە لە تاریخی میللەتا
قەڵغانی گوللە سنگی کچان بێ لە هەڵمەتا
پێی ناوێ بۆ شەهیدی وەتەن شیوەن و گرین
نامرن ئەوانە وا لە دڵی میللەتا ئەژین.[1]