شینی #مستەفا مەزهەر#
دەک فەلەک چەرخت شکێ گشت کردەوەت خونخوارییە
بۆ چی تەبعت وا هەمیشە مائیلی غەددارییە
ڕۆژ نییە ئەم خەڵقە تووشی شین و واوەیلا نەکەی
شەو نییە عالەم ڕەحەت بێ، هەر لە گرییە و زارییە
شەربەتت زەهرە، ژیانت قەهرە، لوتفت هەر شەڕە
بەزم و ڕەزمت شیوەنە، کەیف و سەفات غەمبارییە
گەر بەدووچاوی عەقڵ سەیرت بکەین جا تێ ئەگەین
دڵ بەتۆ بەستن خەتایە و عیللەتی بێ عارییە
«مستەفا مەزهەر» کە دوێنێ ڕەهبەری ئەم خەڵکە بوو
کۆچی کرد داخی بەجەرگم کۆچەکەی ئێجگارییە
ئاخ چ دەردێکی گرانە بۆ گەلی کوردی هەژار
قەت بەدەم ناکرێ بەیانی هێندە سەختی و کارییە
هەر کەسێ ڕۆژێ ئەوی دیبێ دەروونی لەت لەتە
پەست و داماوە لە داخا، خوێن لە چاوی جارییە
ساڵی تەئریخی وەفاتی وا بەناوی هاتە دەر
«مستەفا مەزهەر» غەریقی ڕەحم و لوتفی بارییە
#فایەق بێکەس#
سەرچاوە: #دیوانی بێکەس#
سەرچاوەی دەق: ڤەژینبوکس [1]