دەردی دەروون
بێکەس:
دەمێکە، یاران، مات و خامۆشم
وێنەی تلیاککێش مەست و بێ هۆشم
خۆم لە تەنقیدات دوور خستۆتەوە
هەواڵی دنیام لەبیر چۆتەوە
نازانم دنیا ڕۆژە یا شەوە
هەموو کارێکم خواردن و خەوە
لە دەنگ و باسی خەڵکی بێ خەبەر
وەک حەیوان ئەژیم، دوورم لە بەشەر
خەریکی چی بم غەیرەز خواردنەوە
باسی قومار و پارە بردنەوە
حەقمە، لێم گەڕێ تەعنەم لێ مەدە
حەقێکی ئەوتۆ لە سەدا سەدە
مردم ئەوەندە هەوڵ و چەنەم دا
هەرچێکم نووسی گشتی چوو بەبا
قەومێ کە دائیم هەر هەوڵ بدەن
بۆ ئەوەی یەکتر بەئەرزا بدەن
بایە لەلایان میللەت و وەتەن
هیوا ئەمێنێ ئەوەی دەنگ بکەن
غەیرەز نیفاق و بێ ئیتیفاقی
فەساد و فیتنە و ڕێی بێ ئەخلاقی
چیتر ئەزانین؟ وازم لێ بێنە
پەردەی ئەسرارم زۆر پێ مەدڕێنە
قسەم زۆر ماوە ڕەقە وەک بەردە
کاکە لێم گەڕێ، بەرۆکم بەردە...
پیاوێکی تر:
بێکەس من نەم وت تۆ وا وەستا بیت
لە باسی خەڵقا تا خۆت وەستا بیت
نەگبەت دامرکێ، چیتە لە میللەت
سەیری خۆت ئەکەی چۆن بووی بەعیبرەت
ڕەفیقت هەموو ساحێب مەعاشن
خاوەنی پارە و وەزیفەی باشن
مەڕوانە ئەوەی فڵان جاسووسە
خائین و عادی زۆر بێ نامووسە
ئەمەت پێ ئەڵێم، ئەتۆش بینووسە
ئیمان و دین و شەرەف فلووسە!
عالەم خەریکی ڕوتبە و پارەیە
هەر تۆ بەتەنیا جەرگت پارەیە
ئەوەندە قسەت کرد نانی خۆت بڕی
ماڵت وێران بێ چەند ئاخر شەڕی
کێ گوێ ئەداتە شیعر و نەسیحەت؟
کێ پەسەند ئەکا قسەی بەقیمەت؟
ئەمڕۆ زەمانی ڕوپیە و ئانەیە
ئەمانە قسەی مناڵانەیە
کوا پیاوی دڵسۆز، کوا وەتەن پەروەر؟
کوا خاوەن غیرەت، کوانێ مونەووەر.
بەسیە، قسەی خۆت بۆ خەسار ئەکەی؟
عالەمێ لە خۆت بۆچ بێزار ئەکەی؟
دانیشە، ئیتر چیت لە کورد داوە؟
بۆچ خۆت ئەخەیتە ئەم گێژ و داوە؟
سەد ساڵ لەسەریەک تۆ ئیرشاد بکەی
خەڵک وا ئەزانێ زوڕنا لێ ئەدەی
من باکم نییە، هەر لەبەر تۆمە
قسەت کار ناکا، بەردی بن گۆمە
بێکەس:
بەڵێ فەرموودەی تۆ لەسەر چاوم
ڕاستە بۆیە من سووک و بەدناوم
دائیم دەربەدەر وا نان بڕاوم
چی بکەم، بڵێم چی، وەها خوڵقاوم
هەتا بمێنم قسەی حەق ئەکەم
جوێن بەئینسانی خائین هەر ئەدەم
گەرچی ڕاست وتن شەقی لە دوایە
خۆشە لەلای من، وەکو حەڵوایە
ئەوەی بەناحەق شتێ بنووسێ
پەنجەی هەڵوەرێ و چاوی بنووسێ
مەقسەدم تەنیا نەشری ئەخلاقە
بڕینی ڕەگی فیتنە و نیفاقە
ئەخلاق ڕەهبەری ڕێی پێشکەوتنە
پەیژەی تەرەققی و زوو سەرکەوتنە
دەلیلی ڕێگەی فەوز و نەجاتە
سەرمایەی فەخر و بوونی حەیاتە
قەومی بێ ئەخلاق پەست و زەلیلە
هەر بەشی شەقە و سەرکز و دیلە
ئەمە پەندێکە بۆ چاکیی ئێوە
نامەوێ هیچم دەست کەوێ لێوە
#فایەق بێکەس#
سەرچاوە: #دیوانی بێکەس#
سەرچاوەی دەق: ڤەژینبوکس [1]