غەززە و عەفرین، مەترسییەکی ئێجگار گەورە بۆ ڕۆژاڤا
ڕەنج نەوزاد
لە 2020 ەوە ئامادەکارییەکی گەورە دەکرێت بۆ گواستنەوەی فەلەستینییەکان بۆ عەفرین بە ئامانجی سڕینەوەی تەواوی کورد لە عەفرین گۆڕینی شوناسی کوردستانیی شارەکە. ئەو پڕۆژەیە ڕێکخراوێکی فەلەستینی بە ناوی (العیش بکرامة) بەڕێوەی دەبات. بە ڕووکەش پڕۆژە و ڕێکخراوێکی خێرخوازییە و گوایە هاوکاری پەنابەرە سوورییەکان دەکات. ساڵانێکە یەکەی نیشتەجێبوونی گەورە درووست دەکات لە عەفرین و ئەو ناوچانەی کە لەژێر دەسەڵاتی گرووپە تیروریستییەکانی سەر بە “تورکیا”ن. ڕێکخراوەکە لەلایەن تورکیا و قەتەر و ئیخوانییەکان و بەشێک لە سەرمایەدارە فەلەستینییەکانەوە پشتگیری دەکرێت و داهاتی بۆ دابین دەکرێت. واتە پڕۆژەکە سیاسییە و بەشێکە لە پڕۆژەی داگیرکردنی کوردستان و سڕینەوەی کورد. بەکوورتی، ئەو پڕۆژەیە دەیەوێت، لە واقعیشدا جێبەجێی دەکات، عەفرین و ئەگەر بۆیان کرا، هەموو ڕۆژاڤای کوردستان بکەنە ناوچەیەکی عەرەبی و دانیشتووانی کورد لە نیشتمانی خۆیان دەربکەن و فەلەستینی و سوورییەکان بهێننە شوێنی ئەوان. هێنانی عەرەبی-فەلەستینی لە فەلەستینەوە بۆ عەفرین، لەگەڵ بەرژەوەندی و ویستی ئیسرائیلیش یەک دەگرێتەوە. دەوترێت خاوەنی ئەو ڕێکخراوە سەر بە فەلەستینییەکانی (48)ن، واتە ئەو عەرەبانەی کە لەناو ئیسرائیل دەژین و ڕەگەزنامەی وڵاتەکەیان هەیە، زۆرێک لەوانە لەگەڵ حکومەت و هەواڵگری ئیسرائیل کار دەکەن.
پڕۆژەکە وەک سەرەتایەک یەکەی نیشتەجێبوونی بۆ 600 خێزانی فەلەستینی دابین کرد لە گوندێکی عەفرین کە دانیشتووانەکەی ئێزیدین. واتە بەشێک لە سەرمایەدارە فەلەستینییەکان بە ملیۆنان دۆلار خەرج دەکەن لەپێناو دەرکردنی عەرەب لە فەلەستین و ئیسرائیل، گواستنەوەیان بۆ کوردستان لەپێناو بەعەرەبکردن کردنی! هاوکات پڕۆژەکە کار دەکات بۆ هێنانی سەدان هەزار عەرەبی سووری لە تورکیاوە بۆ ئەو ناوچە کوردستانییە. ئەم پڕۆژەیە ئەگەر سەرکەوتوو بێت لە تەواوی کارەکانی، ئەوا بەتەواوی عەفرین لە کوردستان دەسەننەوە و دەیدەنە عەرەبە فەلەستینی و سوورییەکان. ڕەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆکی تورکیا، ساڵانێکی زۆرە دەیەوێت عەفرینی کوردستانی بەتەواوی لەناوبەرێت. ئەم شارە کوردستانییە گرنگی زۆری هەیە لە ڕووی ئابووری و ڕووبار و گواستنەوە و لۆجیستک و بازرگانییەوە. بەڵام گرنگترین خاڵ بۆ تورکیا، بریتییە لەوەی عەفرین نزیکترین شاری کوردییە لە تەواوی کوردستان کە زۆر نزیک بێت لە دەریای ناوەڕاست. داگیرکەرانی کوردستان هەموو هەوڵێک دەدەن لەپێناو ڕێگرتن لە کورد بۆ نزیکبوونەوە لە دەریا. نەبوونی دەرچەیەکی، مەنفەزێکی، دەریایی بە یەکێک لەو هۆکارانە دادەنرێت کە کوردستان تا ئێستا نەبوو بە دەوڵەت.
ماوەی پێشوو لە ڕێگەی چەند کوردێکی ڕۆژاڤا و عەفرینەوە بیستم کە ژمارەیەک لە فەلەستینییەکان هێنراون و لە ئێستادا لەناو عەفرین دەژین. ژمارەیان نەزانراوە، بەڵام بە دڵنیاییەوە چەند هەزار کەسێک دەبن. ئەمە پێدەچێت سەرەتایەک بێت، بەڵام زۆر مەترسیدار.
لەگەڵ بەرپابوونی جەنگەکەی ئیسرائیل و حەماس، دەنگۆیەکی زۆر هەیە لەبارەی هەبوونی ویستێکی ئیسرائیل بۆ دەرکردنی بەشێکی زۆری دانیشتووانی غەززە بۆ دەرەوە. کاولکردنی شارەکە و گەڕانەوەی بۆ چەندین دەیە بەرەو دواوە، زەمینەیەکی گەورە دەڕەخسێنێت بۆ چۆڵکردنی کەرتەکە لەلایەن بەشێکی زۆری دانیشتووانەکەییەوە. لە ئێستادا زیاد لە ملیۆن و نیوێک هاووڵاتی غەززە لە ڕەفەحی باشووری کەرتی غەززە، نزیک لە سنووری میسر، کۆبوونەتەوە. ماوەی هەفتەیەک دەبێت دەنگۆی ئەوە هەیە گوایە میسر دەستی کردووە بە درووستکردنی شوێنی تایبەت (خێمە و ئۆردوگا) لە سینا وەک ئامادەکارییەک بۆ کۆچی هاووڵاتییانی غەززە بۆ ناو سینا، بە تایبەت لە ئەگەری ڕوودانی هێرشە چاوەڕوانکراوەکەی سوپای ئیسرائیل بۆ ڕەفەح. ئەگەر ئەوە ڕووبدات، ئەوا زیاد لە یەک ملیۆن فەلەستینی ناکرێت بۆ ماوەیەکی درێژ لەو بیابانە دابنرێن. بۆیە دەکرێت بەشێکیان بۆ وڵاتانی تر ببەن، لێرەوەیە، مەترسی گواستنەوەی هاووڵاتییانی غەززە بۆ عەفرین ئەگەرێکی واقعی و مەترسییەکی جدی و چاوەڕوانکراوە.
هەڵوێستە لاوازەکەی ئەردۆگان بەرانبەر بە ئیسرائیل لەم شەڕەدا، لە واقعیدا هاوکاری ئیسرائیل دەکات، هەروەها سەردانەکەی بۆ میسر و کۆبوونەوەی لەگەڵ عەبدولفەتاح سیسی ئاماژەیەکی دیکەیە بۆ ئەو ئەگەرە. یەکێک لە پرسە سەرەکییەکانی ئەو سەردانە، پرسی غەززە بوو. دەکرێت لە ئاییندەیەکی نزیک، ڕێککەوتنێکی میسری-ئیسرائیلی-تورکی ڕووبدات (ئەگەر ئێستا ڕووینەدابێت) سەبارەت بە چارەسەرێک بۆ ئاوارەکانی غەززە، لەوێدا ئەردۆگان تەنیا ویست و پلانی ئەوەیە کە ژمارەیەکی زۆریان بباتە عەفرین. بە تایبەت کە عەفرین گونجاوترین و ئامادەکراوترین شارە بۆ ئەم مەبەستە، چونکە ساڵانێکە ئامادە دەکرێت و وەبەرهێنانی تێدا دەکرێت بۆ ئەو پڕۆژەیە. ئەردۆگان بەمە خزمەت بە ئیسرائیل و سیسی دەکات و دەگاتە ئامانجەکەی خۆی، هەمووشی لەسەر حیسابی کورد و کوردستان. لە ئەگەرێکی وادا، ئەمریکا لەبەر ئیسرائیل و تورکیا و میسر لەوانەیە چاوپۆشی لەو تاوانە بکات، ئێرانیش لەبەر دژایەتی کورد، بە هەمان شێوە.
ئەو کاولکارییەی ئیسرائیل لە غەززە ئەنجامیدا، تورکیا لە عەفرین بە زیادەوە ئەنجامی داوە دژ بە کورد. تا ئەمڕۆش ئیسرائیل بانگەشەی ئەوە ناکات کە غەززە بەشێک نییە لە فەلەستین و زمان و کلتوری عەرەبی تێدا قەدەغە ناکات. تورکیا هەموو ئەو تاوان و ستەمانەی لە عەفرین کردووە. تاوانێکی گەورەیە کورد و عەفرین بکرێنە قوربانی بۆ ئامانجەکانی ئەردۆگان و ئیسرائیل و سیسی. جگە لەوەی کارێکی قێزەونە کە نەتەوەیەکی وەک فەلەستینییەکانی غەززە کە خۆیان داگیرکراون، بهێنرێن بکرێنە داگیرکەر لە نیشتمانی نەتەوەیەکی داگیرکراو! ئەمە دوژمنکارییەکی گەورە درووست دەکات لەنێوان دوو نەتەوە و نیشتمانی داگیرکراو.
پێویستە کوردانی هەموو کوردستان، بەتایبەتیی ڕۆژاڤا، ئەم هەڕەشە و مەترسییە بەجدی وەربگرن و هەموو هەوڵێک بدەن ڕێگری لێبکەن. بۆ وەستانەوە و ڕێگریکردن لەو تاوانە چاوەڕوانکراوە، دەکرێت کوردستانیان ئەم هەنگاوانە بگرنە بەر:
یەکەم: ناردنی وەفد و گفتوگۆکردن لەگەڵ دەسەڵاتی فەلەستینی و حەماس و کەس و لایەنە سیاسییەکانی ناو فەلەستین.
دووەم: پێویستە ئەو پرسە بکرێت بە بابەتێکی نێودەوڵەتی، بەمەش ناوخۆی کوردستان و دەرەوەی لێ ئاگادار بکرێتەوە و فشارێکی گەورە درووست بکرێت لە ڕێگەی نیشاندانی لایەنە ناشیرین و قێزونەکانی پلانەکە.
سێیەم: ناردنی پەیام بۆ ئاوارەکانی فەلەستین کە هاتنیان بۆ عەفرین لە بەرژەوەندی ئیسرائیلە و دژ بە دۆزی فەلەستینە، هاوکات داگیرکردنی نیشتمانی گەلێکی خاک داگیرکراوە.
چوارەم: میدیا و سۆشیال میدیای کوردستانیی، حیزبی و سەربەخۆ، هەڵمەتی هەمەلایەنە بەڕێ بخەن بۆ ئاشکراکردنی لایەنە ئاشکرا و شاردراوەکانی ئەم پلانە شاردراوەیە.
پێنجەم: ئەوەی پێشتر کراوە و لە ئاییندەشدا لەوانەیە بە شێوەیەکی زۆر فراوانتر بکرێت، بریتییە لە سڕینەوەی عەفرین لەسەر نەخشەی کوردبوون و کوردستانیبوون. هیچ یاسایەکی نێودەوڵەتی، ئایینی، ئەخلاقی نییە کورد بپارێزێت. بۆیە ناڕەزایەتی دەربڕین، پەنا بردنە بەر یاسا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکرێت وەک زۆربەی کات، کوردستان نەپارێزێت. یەکێک لە ڕێگاکان، کە لەوانەیە واقعیترین بێت، بریتییە لەوەی دانیشتووانی کوردی عەفرین و ڕۆژاڤای کوردستان، گرووپی چەکداری ئامادە بکەن بۆ ڕێگرتن و مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو کارمەند و کرێکار و ئەندازیارانەی کە لە چوارچێوەی ئەو پڕۆژە نیشتەجێبوونە کار دەکەن. ئەگەر پێویستی کرد، لەبەر بەرژەوەندی کورد و خودی فەلەستینییەکانیش، هەمان مامەڵە بکرێت لەگەڵ ئەو خێزان و خەڵکەی کە دەهێنرێنە ناو عەفرین و ناوچەکانی دەوروبەری عەفرین. لەپێناو ڕێگرتن لە هێنانی ئاوارەی زیاتر. لەو دۆخە سیاسی و ئەمنی و کۆمەڵایەتییەی لە سووریا و ڕۆژاڤا هەیە، زۆر ئاسانە بە دەیان گرووپی چەکداری بچووک و چالاک درووست بکرێت، بۆ شکست پێهێنانی ئەو پڕۆژەیە. [1]