دەردەکەوت ئەوسا بە نادر جار بە جارێ ئۆف و ئاخ
ئێستە دەیبێم و دەبینم پڕ بە شارێ ئۆف و ئاخ
واقیعەن دڵسۆزە ئۆف و ئاخی سوبحی موستمەند
دڵ نەوایە شەو کە بکرێ بۆ نیگارێ ئۆف و ئاخ
حیرەتم بۆ چی نەلەرزی ئەرز نەڕووخا ئاسمان
تۆ بڵێی نەبیەین لە سوبحێکا لە زارێ ئۆف و ئاخ
بێ ڕەواجە هەر لە بازاڕی خوداشا بۆیە وا
پوولێ ناکا بیبەیە شارێ کە بارێ ئۆف و ئاخ
خۆ فەقیر و دەوڵەمەند مەزڵووم و زاڵم وەک یەکن
گوێ ئەگەر بگری یەکێکی تۆ هەزارێ ئۆف و ئاخ
من دەڵێم تەئسیری نەبووە و نیشییە ئاهی حەزین
بوویەتی گەر با دەری بێنێ دەمارێ ئۆف و ئاخ
ویردی مەخسووسی هەیە پیری تەریقەت بۆ مورید
زیکری شێخی ئێمەیە دەیکەین بە جارێ ئۆف و ئاخ
ئۆف و ئاخ حەمدی لە دەم تۆشا خەریکە سەوز ئەبێ
سێبەری خۆشە ئەگەر بکرێ بە دارێ ئۆف و ئاخ
پەرتووکی: #دیوانی حەمدی#
هۆزانەوان: #حەمدی ساحێبقڕان# [1][2]