تا دەماغم کەیلی عەتری زلفی بوو شەو بۆم ئەکرد
وامدەزانی پووشی وشکە بۆی گوڵی شەوبۆم ئەکرد
دۆزەخی سووتاوی هیجرانە کە دیم جەننەت بەخەو
بەو گوڵانە مەشقی شەوقی ڕوویی وەک پشکۆم ئەکرد
خۆ بەرابەر تاقی کەعبە من نەچووبوومە ڕکووع
کەسری بوو جەبری بە قەوسی قالبی ئەبرۆم ئەکرد
بێ حزووری شەمع ئەگەر پەروانە سووتا عاشقە
من چراخانی شەوی هیجرم لە شەوقی خۆم ئەکرد
هەر ئەزەل ڕۆژی وجوودت بەرگی عاری داڕنی
وەرنە لەو ڕەنگین حەریری سوبحە تانوپۆم ئەکرد
فەرزە سوارە و پیادە ئەی ڕوخ کش بکەن ئێستە لە شا
ماتە بوو خۆ من بە ئۆین عەرزی چاوی تۆم ئەکرد
مێزەری دانا سەر و پێی بۆ نەبوو زاهید ئەمن
فەرقی فەرقی هەر بە گۆ پارەی مل و ئەستۆم ئەکرد
یار لەسەر خۆ هات و لەسەرخۆ چوو کە گوڵ ئەی عەندەلیب
ئاگرت بۆ گرتبوو وتم و وتی بۆسۆم ئەکرد
گەر خەوی شیرین لە چاوی من دەچوو وەک کۆهکەن
حەمدی بەردی ژێر سەرم نەک بێستوون ئاکۆم ئەکرد
پەرتووکی: #دیوانی حەمدی#
هۆزانەوان: #حەمدی ساحێبقڕان# [1][2]