ناونیشانی بابەت: داخوازیی ئەمڕۆی گەنجان لەبەردەم سبەینێدا
ناوی نووسەر: #نەسرین کوردە#
ناکرێت کێشەی گەنجان بەشێک نەبێت لەکێشەکانی کۆمەڵگە، هەمیشە داخوازی بەپێی پێویست دێتە کایەوە، بوونی بۆشایی لەداخوازیدا وادەکات گەنجان هەستی نەتەوایەتی لەبیر بکەن. دەبێت حزب و حکومەت ئەوە لەپێش چاو بگرن، لە کۆمەڵگەی ئەمڕۆماندا ئەم بۆشاییانە لەسەر یەک کەڵەکە بوون، دەبێت دان بەوەشدا بنێن کە هەستکردنی گەنجانی ئەمڕۆ بە کێشەی خۆیان لە چاو سەردەمی دوێنێ لەم سەدەیەدا پاشەکەشەی کردووە، بەڵام لەمپەڕەکانی ئەمڕۆی بەردەم داخوازیی گەنجان لە کۆمەڵگەدا نەتوانراوە داخوازیی نوێ لەپێش چاو بگرن تا کار بۆ دابینکردنی داخوازییەکان بکات.
هێمای پێشکەوتنی هەموو کۆمەڵگە و هێمای ئەوئاستەیە کە کۆمەڵگە لە نوێگەری و هەڵکشانی بەرەو ژووردا بڕیویەتی و داخوازیی گەنجان و ئازادی، لەم سەردەمەدا بەشێک دەبێت لە پڕۆسەی داڕشتنەوەی کۆمەڵگەیەکی نوێ لەگەڵ بوونیادێکی کۆمەڵایەتی جیاواز و نوێدا.
ئەم ڕەوشە هەستیارە، هەنگاوی نوێی دەوێت کە هەموو کۆمەڵگە بکرێنەوە بە حکومەت و حزب و دامەزراوە سیاسی و کۆمەڵایەتییە جۆراوجۆرەکانەوە، بێگومان ئەمەش هەوڵ و تێکۆشانی دەوێت دەبێت گەنجانیش ژیرانە و هۆشیارانە ڕەفتار بکەن و لە هەموو بوارەکاندا شوێن و کرداری شیاوی خۆیان بگرنەبەر لەگەڵ دەوروبەردا هەلی یەکسانیان هەبێت، زۆر ئاساییە گەنجان لەهەر پلەیەکی لێپرسراوێتیدا بن، دەبێت هەوڵبدەن ئەو دەرگایانەی لە بەردەم تواناکانیان داخراوە بیکەنەوە، نەک داوا بکەن دەرگایان بۆ بکرێتەوە، چونکە کاتێک بەدەستی خۆیان و بە هەوڵی خۆیان کۆسپ و لەمپەڕی بەردەم سەرکەوتن و پێشکەوتنیان لابرد، ئیتر کەس ناتوانێت جارێکی تر بیخاتەوە ڕێیان.
دڵنیام بەبێ هاوکاری و تێگەیشتنی هەموو چین و توێژەکان بۆ گەنجان، سەخت دەبێت، هەر چەندە جۆری ژیانی گەنج لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر لە کۆمەڵگەیەکەوە بۆ کۆمەڵگەیەکی تر جیاوازە، ئەمەش بەپێی ئاستی هۆشیاریی تاک و کۆمەڵگە دەگۆرێت.
درووستە ئەگەر بڵێین قۆناغی گەنجێتی دوای تێپەربوونی هەرزەکاری و هێنانە پێشەوەیان بە پێدانی ڕۆڵ گوێگرتن لە خواست و هیوا و ئامانجەکانیان لەپێناوی بەدیهێنانی کۆمەڵگەیەکی تەندرووست، هەموو ئەو ئاستەنگانە تێکبشکێنرێت کە گەنجی وابەستەی نائومێدی و ڕەشبینی کردووە.
خۆکوشتنی گەنج و هەڵهاتن و تووشبوونی بەمادە هۆشبەرەکان، ڕوو لە زیادبوونە، پێویستە بۆ نەهێشتنی ڕێ لەو دیاردانە بگیرێت کە ئەمڕۆ لە کۆمەڵگەدا ڕەنگی داوەتەوە، پێویستە بە دەرکردنی ڕێنمایی و ئاگادارکردنەوەی کۆمەڵانی خەڵک لە مەترسییەکانی ئەو دیاردانە هەوڵبدرێت و کار بۆ داهاتووی گەنج بکرێت و ئاشنا بکرێن بەداهاتووی خۆیان. [1]