ئۆرزدی باکی #هەولێر#
نووسینی: #شێرزاد شێخانی#
لە ناوەڕاستی حەفتایەکاندا هەولێر گۆڕانکارییەکی زۆر گەورەی بەخۆیەوە دیت. وەکی برێی جارەکیدی ئەو شارە لەدایکبوەوە، ژیان بەتەواوی گۆڕا.. لەو سارانەدا نەوەک هەولێر بەرکو هەموو عێراق بەگشتی گۆڕانکاری گەورەی بەخۆیەوە دیت، جۆرەک لە ئیستقرار ڕویدا و حکوومەت کەوتە سەر ئیش و دەیان پڕۆژەی تازە جێبەجێ کران.
لە ساری 1976 لۆ یەکەمجار ئۆرزدی باک لە هەولێر کرایەوە، لە عیمارەکەی جەلیل خەیاتی بەرامبەر مەحکەمەی هەولێر دوو تابقی بیناکە کرایە ئۆرزدی. ئەمن بەخۆم ئۆرزدی بەغدام دیتبوو کە زۆر گەورەتر بوو لەچاو هەولێر، ئەوەی هەولێر ئەگەر بەراوردی بکەینەوە لەگەر ئێستا، هەر هەندی دوکانەکانی هەرزان بازاڕەکانی ئێستا بوو، بەران چونکە شتەکی تازە بوو، خەرکی ڕۆژانە سەردانیان دەکرد، ئەوجا کچ و مچیش لەو سەردەمە چاویان کرایەوە ئەوانیش ڕۆژانە دەهاتنە ئۆرزدی لۆ کڕینی جلک و بەرگ و پێڵاو و پێویستی ژنانە، بەوەش هەموو گەنجانی هەولێر لە سبەینانەوە هەتا ئێواران لەوێ خڕ دەبوونەوە، مەنزەرەکی زۆر جوانیش بوو کە سەتان گەنجی خێر لەخۆ نەدیی هەولێر لە پێش دەرکەی ئۆرزدی بەدەم جغارە کێشانەوە ڕاوەستاینە بەس لۆ تەماشای کچانی شارەکەم. ئاخر ئەو وەختی ئەمە هەموومان نەدی و بدی بووین، شتی وەهامان نەدیتبوو!.
لە بەرامبەر دەرکەی قەراتیش لەڕێزی پێشەوەی دوکانەکانی قەیسەری حکوومەت دوو سێ دوکانی بەکرێ گرتبوو فەرعی شەریکەی ئەفریقی و ئەجهیزە دەقیقەی لێ دامەزراند بوو. ئەوجا جیلی ئێستامان نازانن ئەوانە ئیش و کاریان چی بوو. شەریکەی ئەفریقی ئیشی فرۆشتنی دەرنەفیس و پلایس و چەکوچ و مەکینەی زەراعی و موزەخەی ئاو بوو!. شەریکەی ئەجهیزە دەقیقەش ئیشی فرۆشتنی قەلەم و مقتاتە و مساحە و دەمبوس و دەفتەر بوو!.. ئەوجا بەراستى ئەو وەختە زۆر عەجایبم بەوە دەهات کەوا حکوومەتەکی گەورە و گران خۆی بە فرۆشتنی دەمبوس و چەکوچ و پلایس مەشغول بکات، ئێستا پەشیمانم لەو فکرەیەم، چونکی دەبینم ئێستا نەک حکوومەتەکەمان ئەو شتە بەسیتانە لۆ خەرکی دابین ناکا، بەرکو سامانى عەرز و عاسمانى هەرێمەکەشمانى دایتە دەست مەجموعەیک کۆمپانیاى حزبى دز و جەردەى بێ ویژان!
لەلایەکی دیش هەر ئەو حکوومەتەی جاران، توور و سرقیشی دەفرۆشتە هاوراتیان. ئەمن بەخۆم مۆزەف بووم لە دائیرەی زراعە و نەقری گومرگی عەلوەیان کردم، سارانەک لەوێ ئیشم کرد. ئەو عەلوەیە ڕۆژانە فەلاحەکان ڕسق و بەرهەمەکانیان لە تەماتە و خەیار و توور و سرق و کەرەوزیان دەهێنا و لەوێ حکوومەت دەیفرۆشتە بەقارەکانی شار، پیاوم دەویست بتانی ڕسقەکانی بەبێ ئاگاداری حکوومەت و لە دەرەوەی عەلوە بفرۆشی، یەکسەر لۆ دائیرەی ئەمنی هەولێر ڕاپێچیان دەکرد. ئەوجا دائیرەکەی مە چەند مۆزەفەکیشی تەرخانکرد بوو لۆ موراقەبەی دوکانی بەقارەکانی شار. ئەوانە ڕۆژانە دەهاتنە بازاڕ و دەگەڕان بەسەر ئەو دوکانانە بزانن ئیلتیزام بەو سیعرە دەکەن کە حکوومەت لەسەر خەیار و تەماتە و کودی دانایە یان نا!.
بەو خوایە هەر بەقارەک پێنج فلسی زیادی بخستبایە سەر سیعری سرق و توور کە حکوومەت ڕۆژانە دیاری دەکرد، یەکسەر دوکانەکەیان پێدادەخست و لۆ شوعبەی ئیقتسادی دائیرەی ئەمن ڕاپێچیان دەکرد و لەوێش خۆتان دەزانن چییان بەسەر دەهێنا!.
ئەوجا خۆتان حەکەم بن لەسەر فەرقی حکوومەتى ئەو وەختی لەگەر حکوومەتی ئێستامان کە ماڵویرانی بەسەر میللەتدا هینایە. خۆی ئێستاش ئەمن لەگەر ئەوەیدا نیمە حکوومەت ئەوەندە بچیتە ناو تەفاسیلە گچکەکانەوە، بەران خۆ هەر نەبی دەبی ڕۆڵەکی هەبیتن لە موحاسەبەکردنی تاجیر و دوکاندارە بێویژدانەکان، بەتایبەتیش لەبارەی گرانی سیعرەکانی پێداویستە سەرەکییەکانی ئینسان وەکی دەرمان و نرخی عیادە و نەفت و بەنزین و خۆراک و خواردەمەنی کە ئەوانە بژێوی خەرکن.
خۆتان لێکیبدەنەوە فەرقی ئەو زەمان و ئێستا چەندە. [1]
باقی وەلسەلام...
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=