سوارچاکی «گەرما»
سواری ئاگرە،
کەمەندی دووکەڵ
دەخاتە گەرووی دێوەزمەی سەرما.
دەسکێشی سپیی بەفری سەر پەنجەم
دەبێ بە ئاو و
خوێنی گڕ بەنێو کۆڵانی ڕەگما هاتوچۆ دەکا.
سووتان! لە مێژ بوو بە دواتدا وێڵ بووم.
تۆش ئەی خۆڵەمێش!
چ ڕۆژگارێکە شوێنت هەڵگرتووم! [1]
هۆنەر: #مارف ئاغایی#
پەرتووکی: #زەوی سەخت و ئاسمانی دوور#
ساڵی: 1993