لە هەژدەدا هات تاعوونی «عَمواس»
گەلێکی فەوتان لە کوبباری ناس
ڕێکەوت لەبۆ شام حەزرەتی عومەر
لە بیمی شەڕی ڕۆمی بەد سەمەر
پاش ئیستیشارە لە ڕێ گەڕاوە
خالیدی لەگەڵ خۆیا هێناوە
لەپاش ڕزگار بوون لە تاعوونی عام
کەوتە ڕێ عومەر بۆ دیمەشقی شام
لە شاری شاما بیلالی ئەنوەر
جارێ بانگی دا بە ئەمری عومەر
بە یادی حەزرەت یاران هاتنە جۆش
دڵیان هاتە کوڵ بە وێنەی حەوجۆش
فرمێسکیان ئەڕشت بە وێنەی باران
کە بە خوڕڕەم بێ کاتی بەهاران
بەڵێ بە باس و «تذکار»ی یاران
چاوی موشتاقان ئەڕژێنێ باران
چەن خۆشە کە یار بۆ یاری گیانی
سینەی ببرژێ وەکوو بوریانی
بە جۆشی سینە و بە فرمێسکی چاو
ئیسراحەت بدا بە دڵ و هەناو
هەر لەم ساڵەدا عەمری کوڕی عاس
ڕۆیی لەبۆ میسر بە شەوکەت و باس
بە وەختێکی کەم قائیدی ڕەئیس
شاری «فرما»ی گرت، هەم شاری «بليس»
بە چواردە مانگ قووەی بەهییە
فەتحی کرد شاری «اسکندريّه»
عەمری خاوەن دڵ «مصر»ی قەدیمی
کرد بە قەرارگای سوپای عەزیمی
لەوێ بینای کرد مزگەوتێ بە ئەمر
ناوی مەشهوورە بە جامیعی عەمر
لە هەژدەوە بوو تا بیست و یەکەم
موددەی ئەم فەتحە بەبێ زیاد و کەم. [1]
هۆنەر: #مەلا عەبدولکەریمی مودەریس#
پەرتووکی: #بارانی ڕەحمەت#