=KTML_Bold=حەشامات، لە ونبوونی کەسایەتی و بەرپرسیارییەتی دا=KTML_End=
#ئیبراهیم مەلازادە#
جاحیز (جاحیظ) کە لە 159ی کۆچی لە بەسرە لە دایک بووە و یەکێکە لە ئەدیبە گەورەکانی سەردەمی عەباسی؛ لە سەدەی سێیەمی کۆچی، وەسفی خەڵکی سەردەمی خۆی دەکات و دەڵێت “دەروونی کۆیلە و سرووشتی مێگەل و ڕەفتاری ڕەشۆکییان هەیە”. ئەوەی کە لە سەدەی بیست و یەکەمیش هەر بەردەوامە و هەلا هەلای کردووین، ئەوە هەمان ئەو سرووشتە مێگەلئاسا و حەشاماتییەیە.
مرۆڤ لەناو “حەشامات” دا، خۆی نابینێت، هەست بە بەرپرسیارییەتی قسە و گوفتار و ڕەفتارە تایبەتییەکانی ناکات. بە کوردی ئەوانەی بەشێکن لە حەشامات، مرۆڤن بەڵام کەسایەتییان تا ئاستێکی زۆر ون کردووە، چونکە کەسایەتی ئەوان بەستراوەتەوە و بەشێکە لە قەرەباڵغی. ئەو قەرەباڵغییەش، هەر لە خێزانەوە بگرە تا دەگاتە کۆڵان، قوتابخانە، مزگەوت و حیزب… هتد. تاک لە قەرەباڵغیدا تەنیا وابەستە و شوێنکەوتەیە. هەموو ئاکار و ڕەفتار و سایکۆلۆجیا و بیرکردنەوەکانی لە قاڵب و چوارچێوەی کۆمەڵگەدا، لە یەکەم چرکەساتی لەدایکبوونیدا بینا دەکرێن و لەقاڵب دەدرێن. کاتێک گەورەش دەبێت، هەموو میراتەکانی کۆمەڵگە لە ئایین و ئایدیۆلۆجیا و ئەخلاق و ڕەفتار و کردار و توڕەبوون و دڵخۆشییەکانی قەرەباڵغی هەڵدەگرێت. کەواتە گرنگە بزانین حەشامات چییە، لە چییەوە دێت و چۆن دێت؟
گۆستاف لۆبۆن یەکێکە لەو بیرمەندانەی کە لەو بوارەدا پەرتووکێکی نووسیوە بەناوی “قەرەباڵغی: لێکۆڵینەوەیەک لە ئەقڵی باو” (1985)، دیدێکی پێشانگەنەیە دەربارەی سایکۆلۆجیا و ڕەفتاری قەرەباڵغی (حەشامات). لێرەدا لۆبۆن ئاماژە بە چەند خەسڵەتێک دەکات، لەوانە: ساویلکەیی، کە یەکەم خەسڵەت و خراپترین خەسڵەتە. ئەو تاکانەی لەناو قەرەباڵغی دان، یا حەز بە قەرەباڵغی دەکەن، بە گشتی ساویلکەن، واتە بێ فیکر و دونیابینین، بەها و قوورسایی خۆیان لە قەرەباڵغیدا دەبینن، کە هەندێک جار فۆڕمی خێڵ و شارچێتی و تەنانەت حیزبیش وەردەگرێت. وەکوو ئەنجامێکیش بەهۆی ئەو ساویلکەییەوە خێرا دەبن بە بەشێک لە حەشامات. ئەو کەسانەی بەشێکن لە حەشامات تا ئاستێکی زۆر لەژێر کاریگەریی دەوروبەر دان و بە ئاسانی ڕازی دەکرێن. لۆبۆن پێی وایە بوون بە بەشێک لە حەشامات دۆخێکی سایکۆلۆجی تایبەت درووست دەکات کە بیرکردنەوە تیایدا پاشەکشە دەکات و کەسی ساویلکە تیایدا دیار نامێنێت.
لەپاڵ ئەو خەسڵەتەش، خەسڵەتێکی دیکە، کە دەکرێت وەکوو تەواوکەری یەکدی بن لەگەڵ ساویلکەیی، ئەویش نادیاربوونە. نادیاربوون، چەمکێکی ناوەندیی و گرنگی ئەو تیورییەیە. لۆبۆن ئاماژە بەوە دەدات کە ئەو نادیاربوونەی بەهۆی قەرەباڵغییەوە دەڕەخسێت، تاکەکان وا لێ دەکات هەست بە بەرپرسیارییەتی خۆیان نەکەن بەرانبەر بە کار و کردەوەکانییان. ئەم کەمبوونەوەی لێپرسینەوە دەتوانێت تاکەکان بوێر بکات بۆ بەشداریکردن لەو ڕەفتارانەی کە ڕەنگە بە تەنیا بن، نەیکەن. ئەمەش هۆکارێکە بۆ ڕەفتاری ناعەقڵانی یان دژوار و ئاڵۆز.
ئەندامبوون لە حەشامات، کە زۆرینەی کۆمەڵگە تیایدا ئاسوودەیە، وەکوو “تووشبوون” وایە. هەست و ڕەفتارەکان دەتوانن بەخێرایی لەناو قەرەباڵغیدا بڵاوببنەوە، لە ڕێگای پڕۆسەیەکەوە، لۆبۆن ناوی دەنێت “پەتا”. پەتا زیاتر ڕەهەندێکی نەرێنیی هەیە تا ئەرێنی. مرۆڤ لەناو حەشاماتدا، چونکە کەسایەتی خۆی لەدەست دەدات، سیستەمی بەرگریی لە هزر و بیرکردنەوەیدا نامێنێت و دەبێتە هەڵگری ڕەفتاری حەشامات، ڕێک وەکوو مێگەل. بۆ نموونە، پەتای جنێودان ڕێژەیەکی زۆر لە ئایدیۆلۆجیست و هەندێک لە دیندارەکان بەو خەڵکانەی کە هاوڕا نین لەگەڵیان جۆرێکە لەو پەتایە. تاکەکان لەناو قەرەباڵغیدا دەتوانن لەژێر کاریگەریی هەست و کردارەکانی ئەوانی دیکەدا بن، ئەمەش دەبێتە هۆی بارستاییەکی زۆریی سۆزداری، کە بۆی هەیە بەخێرایی گەشە بکات. ئەم جۆرە پەتایە، کە ڕەهەندی نەرێنی بەهێزترە، بەڵام دەکرێت هەندێک جار وەکوو کەرەستە بە ئاڕاستەی ئەرێنیشدا ببرێت. لە ئەنجامدا کردارەکان لە ئاهەنگگێڕانی جۆش و خرۆشەوە تا نائارامی و توندوتیژی لێ بکەوێتەوە.
لە ئاکامی ئەو تووشبوونەشەوە، مرۆڤەکان دەبن بە هەڵگری خەسڵەتێکی دیکە، ئەویش “یەکجۆربوونە”. لەناو حەشاماتدا تاکەکان دەستبەرداری جیاوازییەکانی خۆیان دەبن و دەبن بە بەشێک لە حەشامات. لەوێدا یەکێتیی و یەکدەنگیی لەنێوان ئەندامانی حەشاماتدا بەهێزە، ئامادەن بۆ قبووڵکردنی پێشنیاز و هەموو جۆرە نواندنێک.
لەناو حەشاماتدا ڕێبەرێتیی ڕۆڵێکی باڵای هەیە لە داڕشتنی ڕەفتاری حەشامات و قەرەباڵغی. لۆبۆن جەخت لەوە دەکاتەوە؛ سەرکردە و ڕێبەرەکان کە خاوەنی سیفەتی وەک متمانەبەخۆبوون و لێهاتوویین لە گێڕانەوە و وتار درووستکردن، دەتوانن کاریگەرییەکی بەهێزیان بەسەر خەڵکدا هەبێت. وزەی خەڵک بەرەو ئامانجی تایبەت و بەسوود یا خراپ ببەن. هەرچەندە یەکێک لەو ڕەخنانەی کە لەو ڕوانگە تیورییەی لۆبۆن گیراون بەوەی کە جۆرێک لە حەتمییەت لەو ڕوانگەیەدا هەیە و ڕەفتاری کۆمەڵایەتی سنووردار دەکات، بەڵام ئەو ڕوانگەیە گرنگی خۆی هەر لە دەست نادات بەهۆی ئاڵۆزییەکانی داینامیکی گرووپ و ئەگەری بەدەستهێنانی هەردوو ئامانجە ئەرێنی یان نەرێنییەکان لەناو ژینگەی کۆمەڵایەتییدا.
لە واقیعی ئێستای کۆمەڵگەی ئێمەدا، چەندن ئەوانەی کە بەشێک نین لە حەشامات؟ بێ ئەوەی بیر لە هەموو ئاڕاستەکانی ژینگەی کۆمەڵایەتیی، سیاسیی، ئابووریی و کلتوریی و ئایینی بکەنەوە، زۆرینەی مەست و خۆشحاڵە یا نائارام و نیگەرانە لە چوارچێوەی خۆشحاڵی و نائارامی عەقڵی بەکۆمەڵی ژینگەی کۆمەڵایەتیی. ئەگەر ئەو ڕەفتار و ئاکارەی حەشامات هۆکارێک بێت بۆ ئارامیی و سەقامگیریی، لە هەمان کاتدا سەردەکێشێت بۆ دواکەوتن و کوێریی فیکریی. بیرکردنەوە جیاوازەکان لەو جۆرە ژینگەیەدا هەمیشە لە بەردەم مەترسیی و هەڕەشەدان.
ئەندامانی حەشامات، خاوەنی هیچ داهێنان و بیرکردنەوەیەک نین، بۆیە لە تەنیایی دەترسن. هەر خێرا دەست بۆ سووکایەتی و دژایەتیکردنی بەرابەریش دەبەن ئەگەر بۆیان ئاشکرا بوو کە ئەو کەسە بەشێک نییە لە حەشامات، یان بەمانا نەریتییەکەی ئەو کەسە لە دەرەوەی حەشامات بیر دەکاتەوە و خاوەنی ڕا و بۆچوونی خۆیەتی. لەوێدا ئەندامانی حەشامات پێیان وایە ئەو کەسە کە چیدیکە ئەندامی حەشاماتەکەی ئەوان نییە، مەترسییە لەسەر سیستەم و بەها و نۆرمەکانی حەشامات، بۆیە هەر خێرا دەکەونە وەڵامدانەوە و لێدان لە کەسایەتی ئەو جۆرە کەسانەی کە چیدی ئەندامی ئەو قەرەباڵغییە نین. لێدانەکەی ئەوە نییە بە ڕەخنە و فیکر وەڵامی ئەو دژە حەشاماتە بداتەوە، بەڵکوو بە جوێن و هەڕەشە دەکەوێتە سووکایەتی پێکردن و ناشیرین کردن.
لە میانەی گفتوگۆمدا لەسەر حەشامات، پێی وتم، هاوڕا نیم لەگەڵت، “گورگ تەنیا پەلاماری ئەو مەڕە دەدات کە لە مێگەل دابڕاوە”. پێم گوت؛ ئاخر تۆ لە فۆرمەکانی حەشامات و پانتاییەکانی دەرەوەی حەشامات حاڵی نەبوویت. ئەو کەسەی لە حەشامات دادەبڕێت، چونکە بیر دەکاتەوە، دەیەوێت بۆ خۆی بەرپرسیار بێت لە بەرپرسیارییەتییەکانی. دەیەوێت کەسایەتی خۆی هەبێت و دیار بێت، نەک کەسایەتییەکەی لەناو مێگەلدا دیار نەمێنێت و بسڕێتەوە. بەکوورتی نایەوێت ساویلکە بێت. نایەوێت لەسەر میرات بژیت. بەلای ئەو، میرات پیرۆز و ناپیرۆزی نییە، میرات هەر میراتە. ئەو دەیەوێت لە دەرەوەی میرات و بەبێ میرات خۆی بسەلیمێت، دەیەوێت بەکارهێنەر و خۆپەرست نەبێت، بەڵکوو ئەو کەسایەتییە متمانەی بە خۆی هەیە و دڵنیایە لە دەرەوەی مێگەل زیاتر دەتوانێت متمانە بە خۆی زیاد بکات و ببێتە خاوەنی فیکر و سەرمایەی سیمبوڵیکیی تایبەت بە خۆی، چونکە بۆ مرۆڤی وشیار، “مێگەل” لە فۆرمە باوە نەریتییەکانی وەک خێڵ، خێزان، کۆڵان، پەرستگا و حیزبدا، هەرگیز سەرمایەیەکی مۆدێرن و بەهادار نییە.
ئەوەی دەمانکات بە مرۆڤی تەواو، ئەندامبوون لە مێگەل نییە، کە ساویلکە و نادیار بیت، ماددە و بەسەر یەکەوەنان و کەڵەکەکردنی شتومەک نییە، حەزکردن بە قەڵەباڵغی و بێ بەهابوون نییە، بەڵکوو ئازادبوونە لە هەموو ئەو شتانە، هزر و هۆشیارییە، شکۆی هاووڵاتیبوون و سەروەریی نەتەوەیە. [1]