لە پەڕاوێزی چالاکییەکانی پاڵەوانێتی کاراتێی کراوەی ڕووسیا کە لە شاری نۆڤۆ سبریسک بەڕێوە دەچێت، ڕاهێنەری گشتی تیمی کاراتێی #یانەی وەرزشی پێشمەرگەی سلێمانی# قەڵغانی ڕێزلێنانی یانەکەی بە نوێنەرایەتی جێگری سەرۆکی یانە بەخشییە هەریەک لە (میستەر ئانتۆن) سکرتێری یەکێتی کاراتێی ڕووسیا و میستەر ڤینیامین پاک سەرۆکی یەکێتی کاراتێی نۆڤۆ سبریسک، هەروەک لە هەمان مەراسیمدا کە لە شەوە ئاهەنگێکی قەشەنگدا بۆ 25 ڕاهێنەری هەڵبژاردەکان و تیمەکان ڕێکخرا بوو #ئەرسەلان موڕادی# ڕاهێنەری پێشمەرگە قەڵغانی یانەی پێشمەرگەی بەخشییە (شەرەفەدین ئیسلام) ڕاهێنەری گشتی هەڵبژاردەی کاراتێی ڕووسیا کە لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو پاڵەوانی جیهانی بووە لە تۆکیۆی پایتەختی یابان.
هەروەک ئەرسەلام موڕادی بە ناوی یانەکەیان، یانەی وەرزشی پێشمەرگە و بە نوێنەرایەتی جێگری سەرۆکی یانە سوپاسی بێپایانی بەرپرسانی کاراتێی ڕووسیای کرد بۆ ئەو بانگێشت نامە فەرمییەی پێشکەش بە یانەکەیان کرابوو بۆ بەشداریان لەو ڕکابەریانەدا و هەروەک جەختی کردەوە کە ئەنجامدانی ئەم جۆرە پاڵەوانێتیانە دەبێتە پەیوەندییەکی گرنگ بۆ هەردوولا و پێکەوە دەتوانن هەنگاوی گرنگ بۆ پێشکەوتنی ئاستی یاریزانانیان بنێن.
هەر لەو بۆنەیەدا ڕاهێنەری گشتی تیمی کاراتێی یانەی پێشمەرگە و شەرەفەدین ئیسلامی ڕاهێنەری هەڵبژاردەی ڕووسیا پلانی پێکەوە کارکردنیان دانا و بڕیاریاندا لە ڕێکەوتی #28-07-2024# بۆ #05-08-2024# پێکەوە لەگەڵ تیمەکانی (ڕووسیا، ئازەر باینجان، تورکیا، ئێران) کەمپێکی هاوبەشی مەشقی ئەنجام بدەن.
سەبارەت بە ئەنجام دانی یارییەکانی پاڵەوانێتییەکە ئەرسەلان موڕادی وتی، لە یەکەم ڕۆژدا دوو کێش یارییەکانیان ئەنجام دا کە هەردوو یاریزانی یانەی پێشمەرگە، (ڕێباز و بڕیار یوسف) لە کێشەکانی -60 کغم و -67 کغم بەشدار بوون و دوای دوو سەرکەوتن کە هەردوو یاریزانەکە بەدەستیان هێنان ڕووبەڕووی یاریزانانی خاوەن میدالیای جیهانی وڵاتی ڕووسیا بوونەوە و لەو هەنگاوەدا و دوای پیشان دانی ئاستێکی بەرز بە خاڵێکی زۆر کەم نەیان توانی بەربەستی ئەو یاریزانانە تێپەڕێنن ئەوەش بۆ کەم ئەزموونی یاریزانانی ئێمە دەگەڕێتەوە کە کەمترین بەشداریان لە پاڵەوانێتییە جیهانییەکان لەگەڵ یاریزانانی وڵاتانی ئەوروپادا هەیە.
دواجار ئەرسەلان وتی، ئێمە کۆڵنەدەر دەبین و بە هەوڵی دڵسۆزان و خەمخۆرانمان لە یانەکەمان پەرە بە تواناکانی یاریزانەکانمان دەدەین و بۆ داهاتوو هەنگاوی گرنگتر دەنێنین.[1]