=KTML_Bold=فلانری.. وزەی ژیان لە هەناوی مردندا!=KTML_End=
#نووری بێخاڵی#
=KTML_Bold=خۆشەویستی تاووس، دەردە گورگ کوشتی!=KTML_End=
چیرۆکنووسی ئەمریکی ماری، یان مێری فلانری ئۆکۆننۆر (1925 - 1964)، تاقانە کچی خێزانێکی کاتۆلیکی، لە ناوچەی سلاڤانای ویلایەتی ڤێرجینیا لە ئەمریکا لەدایکبووە. تەمەنی شازدە ساڵان بوو کە باوکی مرد، لە تەمەنێکی بچووکەوە تووشی نەخۆشیی تەنگەنەفەسی (ڕەبۆ) هات و هەتا ڕۆژی مردنیشی لە تەمەنی (39) ساڵی، ئەو نەخۆشییە لەگەڵیدا ژیا. یەکەم و دوایین پەیوەندیی سۆزداریشی لەگەڵ کتێبفرۆشێک بوو بە ناوی (ئیریک لاکنجیر).
خوێندنی هونەر و ئەدەبیاتی لە زانکۆی ویلایەتەکەی خۆی تەواو کردووە، بۆ تەواوکردنی بڕوانامەی ماستەریش لە هونەرە جوانەکان و نووسینی داهێنەرانە، لە زانکۆیەکی ویلایەتی ئەیەوا، بەشداری وۆرکشۆپێکی کردووە کە نووسەری ناوداری ئەمریکی رۆبێرت فیتزجیڕاڵد سەرپەرشتیی کردووە. دواجاریش بووەتە هاوڕێیەکی نزیکی فیتزجیڕاڵد و هاوسەرەکەی و بۆ ماوەیەکیش لە ماڵەکەیاندا، لەگەڵیاندا ژیاوە.
فلانری کە ئارەزوویەکی بەهێزی بۆ هونەری نیشگارکێشی هەبوو، بەردەوام کتێبەکانی لاهووتی خوێندووەتەوە و پێیوابوو خوێندنەوەی ئەو جۆرە کتێبانە وا دەکەن باشتر و بەهێزتر بنووسێت. ئەو ئافرەتێکی شەرمن و بێوەی، بەڵام ئازا و بوێر بووە. وەک دەڵێن، ئەگەر ئەو ئازایەتییەی نەبووا، بەرگەی ئەو هەموو ئازارە کوشندەیەی نەدەگرت کە بەهۆی نەخۆشییەوە رووی تێکرد و دواتریش هەر ئەو نەخۆشییە کۆتایی بە ژیانی هێنا. لە ماوەی ئەو چەند ساڵەی دوایی تەمەنیدا، جگە لە نەخۆشیی ڕەبۆ، بەدەست نەخۆشییەکی دیکەشەوە دەیناڵاند، ئەو نەخۆشییەی بووە هۆکاری مردنی باوکیشی. نەخۆشیی (دەردە گورگ) کە بە هۆیەوە وردە وردە ئێسک و جومگەکانی دەخوران و لەناودەچوون، دوای ماوەیەک گیانی لێسەندەوە.
فلانری سێزدە ساڵی کۆتایی تەمەنی کە بەهۆی نەخۆشییە تاقەتپڕووکێنەکەیەوە، لە کێڵگەکەی دایکی لە میلیجیفیڵ بەسەر برد. دەستبەرداری نیگارکێشی بوو، کاتەکانی بۆ خوێندنەوە و بەخێوکردنی پەلەوەر تەرخان کرد. لەو کێڵگەیە جۆرەها مەل و پەلەوەری بەخێو دەکرد (مریشک، مراوی، قاز، تاووس و ……). تەنانەت تاووس بە لای ئەو ژنە نووسەرەوە، سیمبولی نەمری و ئەو ڕۆحە بوو کە هەرگیز پیس و ناشیرین نابێت. بۆیە لە جەژنی کریسمسدا، پەڕی تاووسی بۆ هاوڕێکانی خۆی دەنارد.
=KTML_Bold=نووسین و شێتی=KTML_End=
فلانری کە خوێنەرێکی جددیی کار و بەرهەمەکانی هەرسێ ڕۆبێرت (لویل، فیتزجیڕاڵد، جیرۆ) بوو، بەو تەمەنە بچووکەیەوە جگە لە کۆچیرۆکەکانی کە ساڵی (1955) بە ناوی (دۆزینەوەی پیاوێکی باش سەختە)، بڵاوکراونەتەوە. هاوکات خاوەنی هەردوو ڕۆمانی ناسراوی (حیکمەتی خوێن، یان خوێنی حەکیم - 1952) و (تووڕە دەیباتەوە - 1960)ە، لەگەڵ سێ کتێبی دیکە کە دوای مردنی بەچاپ گەیەندراون، ئەوانیش: (وێکچووی شتەکان - 1965) و (لوغز و شێوازەکان - 1969) کە کۆی وتارەکانیەتی لەبواری ئەدەب و نووسین، هەروەها کتێبی (عادەتی بوون - 1979) کە بریتییە لە کۆمەڵێک نامەی تایبەتی نووسەر.
تایبەتمەندی و شێوازی چیرۆکەکانیشی بەوە دەناسرێتەوە کە تێکەڵەیەکن لە کۆمیدیا و تراژیدیا و توندوتیژی و ترس و داشۆرین. زۆربەی کەسایەتیی ناو چیرۆک و ڕۆمانەکانی لەباری جەستەییەوە شێواو و لەلایەنی ڕۆحیشەوە، ناجێگیر و خەمۆکن، تا ئەو ڕاددەیەی هەندێ لەو کەسایەتییانەی گەیشتوونەتە ئاستی کەوتن و بێهوودەییەکی کوشندە. کەلەپووری دەوڵەمەندی باشووری ئەمریکا و باوەڕە ئاینییە کاتۆلیکییەکەی، ڕەنگدانەوەی دیاریان بەسەر نووسینەکانییەوە هەبووە.
بۆ تەواوکردنی هەر ڕۆمانێکی، وەک سرووتێکی ئاینی، نزای کردووە، کەچی دوای تەواوکردنی، لە بارەی ڕۆمانەکەیەوە دەیگوت: پارچەیەکە لە نەخۆشی و دەرد. سەرەڕای ئەوەی بۆ خۆی کاتۆلیک بووە، کەچی زۆربەی پاڵەوانی چیرۆک و ڕۆمانەکانی پرۆرتستانت بوون.
لەو ماوەیەی کە تووشی ئەو نەخۆشییە ببوو، بۆ ئەوەی فریای تەواوکردنی ڕۆمانەکەی (خوێنی حەکیم) بکەوێ، هەروەها بۆ ئەوەی توانای بیرکردنەوەی لەدەست نەدات و زەین و مێشکی چالاک بێت، زیاد لە پێویست کۆرتیزۆنی وەک چارەسەر بەکار دەهێنا، دواجار و بەم دەردەشیەوە ڕۆمانەکەی تەواو کرد، ئەو ڕۆمانەی کە رۆبێرت جیرۆ لە بارەیەوە دەڵێ: کارێکی شێتانەیە و شێتێک نووسیویەتی.
=KTML_Bold=نامە وەک تاکە ڕایەڵی بەردەوامی=KTML_End=
ئەو ژنە نووسەرە سەدان نامەی نووسیوە، چ لە وەڵامی ئەوانەی نامەیان بۆ ناردووە، یان ئەوەی کە بۆ خۆی نامەی بۆ کەسێک - کەسانێک ناردووە. پازدە ساڵ دوای مردنی فلانری، هاوڕێیەکەی، سالی فیتزجیراڵد، هاوسەری ڕۆبێرت فیتزجیڕاڵد، تەواوی ئەو نامانەی کۆکردوونەتەوە و ئامادەی کردوونەتەوە و لە کتێبێکدا بە ناوی (عادەتی بوون) بڵاوی کردوونەتەوە و هەر بۆ خۆیشی پێشەکی بۆ کتێبەکە نووسیوە.
سەرەڕای ئەو نامانە، چەندین وتار و لێکۆڵینەوەی لەبارەی ئەدەب و نووسیوە کە لە گۆڤار و رۆژنامەکاندا بڵاوی کردبوونەوە، ئەوانیش لە توێی کتێبێکدا و دوای مردنی، بۆی چاپ و بڵاوکرانەوە. ئەوەی جێی سەرنجە، فلانری سەرەڕای ئەوەی کە چەندین کتێبی رەخنەیی و دەیان تێزی دکتۆرا لەبارەی خۆی و بەرهەمەکانییەوە نووسراون و بڵاوکراونەتەوە، کەچی بۆ خۆی کەمترین قسەی لەبارەی رۆمان و چیرۆک و کار و بەخششەکانی لە بواری ئەدەب و نووسیندا کردووە. کاتێکیش لێیان پرسیوە کە بۆچی و لەبەرچی دەنووسێت؟ لە وەڵامدا گوتوویەتی: چونکە من لە نووسین باشم.
شتێکی دیکە کە ڕەنگە بۆ خوێنەر مایەی پرسیار و سەرسوڕمان بێت، ئەوەیە کە وێڕای لایەنە ئایندارییەکەی خۆی، هەروەها ئەو هەموو ئازارەی بەدەست نەخۆشییەکانییەوە چەشتوویەتی، لەگەڵ ئەوەی زۆرێک لە ڕەخنەگران لەسەر ئەوە کۆکن کە خەسڵەتێکی نووسینەکانی فلانری ڕۆحانییەتە، کەچی نەک هەر نەکەوتووەتە ژێر کاریگەریی بزووتنەوەی دادکۆکیکار لە مافە مەدەنییەکانی ڕەشپێستەکان، بەڵکو ئەو دەمەی داوای لێ دەکرێ یەکێک لە چیرۆکەکانی بکرێتە شانۆگەری، دەڵێ: تەنیا شتێک کە بەتوندی رەتیدەکەمەوە ئەوەیە، گەمژەیەکی رەشپێست لە کارێکی مندا بکرێتە کەسایەتی و کاراکتەری سەرەکی.
=KTML_Bold=باوەڕ لە دژی ساختەیی ئایین!=KTML_End=
بەڕای بەشێک لە ڕەخنەگرانی ئەدەبی، وێڕای ئاستی بەرزی ئەو داهێنانە لەباری ناوەڕۆک و ڕوخسارە ئەدەبییەکەیەوە، بەڵام هێشتا ڕۆمانی (حیکمەتی خوێن)، وەک بەشێک، یان جۆرێک لە ئەدەبی ڕەشی تاوانکاری و پۆلیسی پۆلێن دەکرێ. ئەوە لە کاتێکدایە کە تاوان کرۆک و تەوەری سەرەکیی نووسینەکە نییە، بەڵکو هەندێ لە رووداوەکان، گرتە و دیمەنەکان و زمانی گوزارشتکردن تێیدا، وا دەردەخەن کە لە روخساردا ڕۆمانەکە ئاوا بێتە پێش چاوی خوێنەر.
بەهەرحاڵ، تا ئەو ڕۆژەی لە نێوەندی ئەدەبی و رەخنەگریی ئەوروپا و بەتایبەتی لە فەڕەنسا، قسەی جددی لەسەر ئەو ژنە نووسەرەی ئەمریکا نەکرا، لە وڵاتەکەیدا ئاوڕێکی ئەوتۆ لە کار و بەرهەمەکانی نەدرایەوە. ئەو هێشتا چل ساڵی رەت نەکردبوو کە مرد، بەڵام بەم تەمەنە بچووکەیەوە و بەهۆی بەرهەمەکانی، کاریگەرییەکی درێژخایەنی لە دونیای ئەدەبی وڵاتەکەی و دونیادا لە دوای خۆی بەجێهێشت. ڕەنگە بەشێکی ئەو نەناسراوییەی پێشتری لە وڵاتەکەیدا، پەیوەندی بەوەوە هەبووبێت کە بۆ خۆی هەوڵێکی ئەوتۆی نەداوە هاووڵاتییەکانی بیناسن. هەروەها بەشێکیشی بۆ باری تەندروستییەکەی دەگەڕێتەوە کە ساڵانێکی زۆر هێز و بڕستی لێ بڕیبوو، بەوهۆیەوە دوورەپەرێز ژیا، وەک چۆن خودی خۆیشی، کەمترین قسەی لەسەر ئەزموونی خۆی و کار و بەرهەمەکانی کردووە.
وەکوتر، بەگوێرەی ئەو سەچاوانەی باسیان لە ژیانی ئەم ژنە نووسەرە کردووە و لە ماوەی ئەو چەند ساڵە زۆرەی کە بەهۆی نەخۆشییەکەیەوە لە کێڵگەکەی دایکی دەژیا و سەرقاڵی خوێندنەوە و بەخێوکردنی پەلەوەر بووە، ناوە ناوە و بۆ ماوەیەکی کورت نەبێت، نەچووەتە دەرەوە. جارێکیان بۆ بەشداریکردن لە وۆرکشۆپی ماستەرنامەکەی، جاری دووەمیشیان سەردانی لەندەن. ئەو ژنەی دواجار کە هاونیشتمانییەکانی لە ڕێگای سەرنج و خوێندنەوەی ڕەخنەیی ئەوروپییەکانەوە، زیاتر ئاشنای نهێنیی نووسین و داهێنانەکەی بوون، گەیشتنە ئەو باوەڕەی بڵێن لە دوای ویلیەم فۆکنەر، باشترین نووسەرێک کە گوزارشتی لە باشووری وڵاتەکەمان کردبێت، فلانری ئۆکۆننۆرە.
فلانری بە تەمەنێکی کورتەوە گەنجینەیەکی زۆری لەدوای خۆی جێهێشت. گەنجینەیەک کە بۆ ڕەخنەگرانی بواری ئەدەب بووە جێی تێڕامان و پرسیاری جددی، پرسیاری ئەوەی ئاخۆ چۆن کچە گەنجێک دەرەقەتی بابەتی قورس و ئاڵۆز هاتووە؟ لە سەردەمێکدا کە نووسەری ناودار، ئەوانەی لە لووتکەدا بوون، زۆر کەم خۆیان لە قەرەی بابەتی ئاوا پڕ پێچ و پەنا داوە کە جۆرێک لە سەرکێشی پێویست بووە. ئەدی ئەوە چ هێزێکی تێفکرین، چ ڕامانێکی قووڵ، چ توانایەکی گەڕان، چ وزەیەکی خوێندنەوە و شیکار و وردبوونەوە، چ بوێری و ئازایەتییەکە، وایان کردووە کچێک لەو تەمەنەدا پرسی رەوت و رێچکە و مەزهەب و تایەفە ئاینییەکان و بابەتی دەججالی و گزی و فزیی پێغەمبەرە ساختەکان، بکاتە تەوەری نووسین و (حیکمەتی خوێن)یان لێ بەرهەم بهێنێ؟
تا پێش حیکمەتی خوێنی فلانری، ڕۆمانی (ئێلمێر گانتری)ی سنکلیر لویس، کە دواتریش کرایە فیلم، بە لووتکەی ئەو ئەدەبە بوێرەی ناو مێژووی ئەدەبیاتی ئەمریکا دادەنرا، ئەوە تاکە کار و بەرهەمی دانسقەیە لەو بوارەدا. ئەی چۆنە کچێک بەم تەمەنەیەوە ئەو سەرکێشییە دەکات و بەو کارەیشی، پێشەنگی، یان بەلایەنی کەمەوە شوێنێک لەڕیزی پێشەوەی ئەو جۆری داهێنانە ئەدەبییە، داهێنانی دژایەتیکردنی دەججالی و ساختەیی بە ناوی ئایین داگیر دەکات؟
فلانری، وەک کاتۆلیکێک، بەبێ ئەوەی بەها و بنەما ئاینییەکەی، یان ڕاستتر بڵێین باوەڕ و پرەنسیپە مەزهەبییەکەی بکاتە ئامرازی ڕووبەڕووبوونەوە و دژایەتیکردنی خراپ بەکارهێنانی ئایین، دێت و ئەدەب، ئەدەب وەک ئەندێشە، خەیاڵ، وەک زمان، وەک شێوازی دەربڕین و لە ئاستێکی بەرزی داهێناندا، دەکاتە چەکی بەرەنگاربوونەوە و ڕیسواکردنی مەزهەب و تایەفە ئاژاوەگێڕ و پەڕگیر و توندڕۆ و بکوژ و تاوانکارەکان و ئەوانەیش کە لە پشتی ئەو گوتارە ئاینییە مەزهەبی و تایەفەگەرییەوە، مژدەی بەهەشت و پەیامبەرایەتی بە خەڵک دەدەن. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=