هادی زیائەدینی لە ساڵی 1956 بەرانبەر بە 1335ی هەتاوی لە گەڕەکی جۆرئاوای #سنە# لە بنەماڵەیەکی سۆفی و شاعیر دۆست لە دایک و گەورە بووە. هادی زیائەدینی وەک نیگارکێش و پەیکەرتاش لەسەر ئاستی کوردستان و جیهانیش ناوێکی ئاشنایە؛ زیائەدینی بەر لەوەی بچێتە خوێندنگە کاری نیگارکێشی کردووە و داوجار لە هەمان بەشی سەرەتایی دەستی داوەتە پەیکەرتاشی و دوای هەوڵێکی زۆر لە ساڵی1977 بەرانبەر بە 1356ی هەتاوی لە بەشی هونەرە جوانەکانی زانکۆی هونەرە جوانەکانی تاران وەردەگیردرێت.
زیائەدینی دوای تەواوکردنی خوێندن لە تاران دەگەڕێتەوە بۆ سنە و لەم شارەدا ئاکادیمیای هونەری هێڵکاری، نیگارکێشی و پەیکەرتاشی دەکاتەوە و تا ئێستای لەگەڵ بێت دەیان پەیکەرەی جوانی لە شارەکانی ئێران و هەرێمی باشووری کوردستان درووست کردووە.
بەڵام ڕەنگە تاکە هونەرمەندی شێوەکاری کورد بێت کە کاتێک باسی بوارەکانی دیکەی وەک شیعر و ئەدەبیات و مێژوو و سیاسەتیش دەکرێت، ناوی ئەومان دێتەوە یاد، زیائەدینی ئافرێنەری دەیان پەیکەری کەسایەتییە کوردستانی و جیهانییەکانە لە زۆربەی شارەکانی کوردستان و ئێراندا، وەک پەیکەری قانیع، مەولەوی، مەستوورە، هێمن، هەژار، هەروەها پەیکەری ئازادی کە بووەتە سیمبولی شاری سنە و پەیکەری شێرەژنانی کۆبانی کە بووەتە سیمبولی کچانی قارەمان و نەبەردی کورد و لەم دواییەشدا پەیکەرێکی بە قەبارە و ناوەرۆک مەزن، بە ناوی تابلۆی ئەنفال درووستکرد کە چارەنووسی هەر وەک قوربانیانی ئەنفال نادیارە.
تابلۆی ئەنفال نزیکەی 10 ساڵ لەمەوبەر وەک مۆنۆمێنتێک بۆ یادی ئەنفال لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ یەکێک لە مەیدانە سەرەکییەکانی هەولێری پایتەخت داوای کرا، زیائەدینی بەوپەڕی دەروەستیی هونەری و نیشتمانیی خۆیەوە کارەکەی کرد و ڕەوانەی هەولێری کرد، بەڵام تا ئێستا هیچ شەقام و مەیدان و بینەرێکی کوردستانی پەیکەرەکەی نەبینیوە. [1]
پەیکەرەی #شێخ مەحمود#ی نەمر لە #سلێمانی# و #مەستوورەی ئەردەڵان# لە #هەولێر# کاری هونەرمەند هادی زیائەدینییە.[2]
This item has been written in (کوردیی ناوەڕاست) language, click on icon
to open the item in the original language!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
This item has been viewed 17,264 times
Write your comment about this item!